سەرەکی » دۆسێ » توركیا: به‌شداریی‌ له‌ ״كۆنگره‌ی‌ گه‌لانی‌ سوریا״دا ناكه‌ین

داوای‌ ورده‌كاریی‌ له‌ روسه‌كان كردووه‌

توركیا: به‌شداریی‌ له‌ ״كۆنگره‌ی‌ گه‌لانی‌ سوریا״دا ناكه‌ین

توركیا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌شداریی‌ له‌» كۆنگره‌ی‌ گه‌لانی‌ سوریا»دا بكات له‌ روسیا و مۆسكۆش لایه‌نی‌ توركیا له‌باره‌ی‌ دواخستنی‌ واده‌ی‌ سازدانی‌ كۆنگره‌كه‌ له‌ئێستادا ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌.
رۆژنامه‌ی‌ (سه‌باح)ی‌ توركیا له‌ زاری‌ ئیبراهیم قالن وته‌بێژی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ توركیاوه‌ بڵاویكردبۆوه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان به‌شداریی‌ له‌ «كۆنگره‌ی‌ گه‌لانی‌ سوریا»دا ناكات له‌ روسیا و مۆسكۆش ئه‌نقه‌ره‌ی‌ له‌باره‌ی‌ دواخستنی‌ كۆنگره‌كه‌ ئاگاداركردۆته‌وه‌، و رێكخراوی‌ «په‌یه‌ده‌»ش بۆ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ بانگهێشت ناكات.
ئیبراهیم قالن له‌ چاوپێكه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ «NTV»ی‌ ناوخۆیی‌ توركیا رایگه‌یاندبوو» روسیا (كۆنگره‌ی‌ گه‌لانی‌ سوریا)ی‌ بۆ كاتێكی‌ تر دواخستووه‌، ئه‌وه‌ش دوای‌ رێگری‌ ئه‌نقه‌ره‌ كه‌ داوای‌ له‌ مۆسكۆ كردبوو، زانیاریی‌ زیاتری‌ پێببه‌خشێت له‌باره‌ی‌ كۆنگره‌كه‌وه‌».
به‌ وته‌ی‌ قالن»ئه‌كسانده‌ر لاڤرنتیڤ نێرده‌ی‌ تایبه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ روسیا بۆ كاروباری‌ پێكهاتن له‌ سوریا، پێش ده‌ستپێكردنی‌ خولی‌ حه‌وته‌مه‌ی‌ وتوێژه‌كانی‌ ئه‌ستانه‌ پێی‌ راگه‌یاندین كه‌ (كۆنگره‌ی‌ گه‌لانی‌ سوریا) كه‌ بڕیار بوو له‌ روسیا سازبكرێت، هاوبه‌ش و هاوكار ده‌بێت بۆ پرۆسه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ سوریا، به‌ڵام توركیا نه‌ رێگره‌ و نه‌ له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی‌ سازدانی‌ ئه‌و كۆنگره‌یه‌دایه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای‌ له‌ لایه‌نی‌ روسیا كردووه‌ زانیاریی‌ و ورده‌كاریی‌ زیاتری‌ پێشكه‌ش بكات تا لای‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ پێویستی‌ بۆ بكات».
وته‌بێژی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ توركیا ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاندبوو كه‌ لایه‌نی‌ روسیا ره‌زامه‌ندی‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی‌ زانیاریی‌ زیاتر به‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی‌ كۆنگره‌كه‌ و ئه‌و كه‌سێتیانه‌ی‌ به‌شداریی‌ تێدا ده‌كه‌ن.
ئیبراهیم قالن ده‌ڵێت، په‌له‌كردن له‌ راگه‌یاندنی‌ كۆنگره‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ وه‌ك واقیعێك بسه‌پێنرێت، به‌ڵام توركیا رێگریی‌ نواندووه‌ به‌رانبه‌ر به‌و راگه‌یاندنه‌ له‌ناكاوه‌.
هه‌ر به‌ وته‌ی‌ قالن»دوای‌ ئه‌و رێگرییه‌ی‌ نواندمان، كرملین وتوێژی‌ له‌گه‌ڵ كردین و رونیكرده‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ بۆ كاتێكی‌ تر دواخستووه‌».
توركیا له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و روسیا و ئێران، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌مه‌كه‌ره‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ نێو گۆڕه‌پانی‌ سوریا و له‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و رێگه‌چارانه‌ی‌ بۆ ته‌نگژه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت، قسه‌ی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ جێ‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاتر قایم بكات و ببێته‌ لایه‌نێكی‌ سه‌ره‌كی‌ كێشه‌ و چاره‌سه‌ره‌كان.
له‌دوایین پێشهاته‌كانی‌ سوریاش كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ی‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ نیگه‌ران كردووه‌، به‌هێزبوونی‌ هه‌ژموونی‌ كوردیه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ رێكخراوی‌ (په‌یه‌ده‌) و یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (یه‌په‌گه‌) باڵی‌ سه‌ربازیی‌ ئه‌و رێكخراوه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.
هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراتیش (هه‌سه‌ده‌) كه‌ كورد پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكده‌هێنێت و له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا به‌ پشتیوانی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، توانی‌ شاری‌ ره‌قه‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ و پایته‌ختی‌ به‌ ناو خه‌لافه‌تی‌ داعش رزگار بكات، هێنده‌ی‌ تر ترس و دڵه‌ڕاوكێی‌ توركه‌كانی‌ له‌باره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ سوریا و رۆڵی‌ كورد له‌ پرۆسه‌ی‌ داهاتووی‌ ئه‌و وڵاته‌دا زیاتر كرد.
توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پشتیوانی‌ له‌ هه‌ندێك گروپی‌ دژ به‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات له‌ سوریا، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ روون ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ له‌باره‌ی‌ دۆسێی‌ سوریاوه‌ بگڕێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سوریا و به‌شار ئه‌سه‌ددا ئاسایی‌ بكاته‌وه‌.
ئه‌و هه‌وڵه‌ی‌ توركیا وه‌ك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌مان پێكرد، كاركردنه‌ بۆ پوكاندنه‌وه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ كورد له‌ رۆژئاڤا كه‌ توانیویه‌تی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ روون رۆڵی‌ خۆی‌ له‌ڕووی‌ سه‌ربازیی‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆری‌ داعشدا بگێڕێت، و سۆزی‌ ئه‌مریكایی‌ و خۆرئاواییه‌كانیش له‌ جێگه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆن كه‌ پێشتر پشتیوانی‌ ده‌كران و كاریگه‌رییه‌كی‌ وه‌هایان نه‌بوو، به‌لای‌ خۆیدا رابكێشێت.
ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ش بۆ توركیا به‌ مایه‌ی‌ مه‌ترسی‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بۆسه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ته‌ماشا ده‌كرێت، چونكه‌ دروستبوونی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ كوردی‌ تر له‌ رۆژئاڤا و به‌شداریكردنی‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ئاینده‌ی‌ سوریا، (گه‌ر كورد له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د رێكبكه‌ێت) هێنده‌ی‌ تر كوردانی‌ باكوور هانده‌دات داوای‌ مافی‌ خۆیان بكه‌ن و جمجۆڵه‌كانیان له‌و باره‌یه‌وه‌ زیاتر و فراوانتر بكه‌ن.
ئه‌گه‌رێكی‌ تریش كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ جێگه‌ی‌ مه‌ترسییه‌ بۆ توركه‌كان، دامه‌زراندن و جیاكردنه‌وه‌ی‌ ناوچاكانی‌ كوردستانی‌ رۆژائاڤایه‌ له‌ سوریا (به‌ پاڵپشتی‌ ئه‌مریكا) كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ لێوه‌ی‌ هه‌مان ئه‌زمونی‌ ساڵی‌ 1991ی‌ كوردانی‌ باشوور، به‌ دروستكردنی‌ پشتێنه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ له‌لایه‌ن خۆرئاواوه‌، دووباره‌ ببێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...