سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » لاله‌ مه‌حمود: وەکو خواردن سێ سەمونی وشکی رەقیان دەداینێ

لاله‌ مه‌حمود: وەکو خواردن سێ سەمونی وشکی رەقیان دەداینێ

دیداری‌ : ئازاد ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

مه‌حمود محه‌مه‌د خه‌سره‌و یان وه‌ك ئێستا پێی ده‌ڵێن «لاله‌ مه‌حمود» ئێستا ته‌مه‌نی‌ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كی ته‌واوه‌. ئه‌و چیرۆكی ئه‌نفالی 1988ی بینیوه‌ و ماوه‌ی چوار مانگێك له‌نوگره‌ سه‌لمان و تۆپزاوا به‌عسییه‌كان گرتویانه‌ و پاش ماوه‌یه‌ك وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت به‌ هۆی پیرییانه‌وه‌ به‌ریانداون.
دوای‌ 31 ساڵ له‌ تاوانی‌ ئه‌نفال ، لاله‌ مه‌حمود له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و له‌ دیدارێكی تایبه‌تی «گوندستانی‌ نوێ»دا چه‌ند زانیارییه‌كی بۆ پاشكۆكه‌مان و خوێنه‌رانی «كوردستانی‌ نوێ» دركاند و سه‌ر‌نج و تێبینیشی هه‌یه‌ بۆ ئێستای‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ خزمه‌تكردنی‌ جێماوانی‌ ئه‌نفالدا.
* به‌عس و سه‌دام مه‌به‌ستیان چی بوو له‌ ئه‌نفالكردنی‌ كورد ؟
_ لاله‌ مه‌حمود : مه‌به‌ستیان ته‌نها ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌عس به‌ فه‌رمانی‌ سه‌دام حسێن و داروده‌سته‌كه‌ی‌ ئه‌وان هه‌رچی ئه‌مرێكیان بكردایه‌ كوردیش جێبه‌جێی بكردایه‌ و لێی ده‌رنه‌چوایه‌. بۆیه‌ كه‌ كورد ژێر ده‌سته‌یی ئه‌وانی قه‌بوڵ نه‌كرد، ئه‌وا ئه‌وانیش له‌ وه‌ڵامدا كوردیان ئه‌نفال كرد و له‌م تاوانه‌یشدا ده‌ستپارێزیان نه‌كرد له‌ ژن و منداڵ و پیاو و گه‌وره‌ و بچوك و پیر. هه‌ر ئه‌وه‌ بوو به‌ڵگه‌ی‌ سه‌دام ئه‌گینا ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌نفالكراوه‌كان هاوكاری‌ شۆڕشیان كردبێت خۆ به‌شێكیتری هاوكاری‌ كه‌سیان نه‌كردبوو.
* كه‌ ئه‌نفال كران بردنیان بۆ كوێ ؟
_ لاله‌ مه‌حمود : ئێمه‌یان برد بۆ نوگره‌ سه‌لمان به‌هار بوو ئه‌نفالكراین به‌ڵام واده‌زانم گه‌یشتبووه‌ هاوین ئیتر به‌ریانداین و گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی‌ ڕزگاری‌ «صمودی جاران»
* ئه‌ی‌ چۆن به‌ردران ؟ مه‌به‌ستی چی بوو له‌به‌ردانی‌ ئێوه‌ ؟
_ لاله‌ مه‌حمود : ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌یان به‌ردا چونكه‌ به‌عس و سه‌دام ده‌یانزانی‌ ئیتر ئێمه‌ پیر بووین و ناتوانین تازه‌ هیچ بۆ كوردایه‌تی بكه‌ین.
*چه‌ند كه‌سی به‌ردا؟
_ لاله‌ مه‌حمود : به‌ ته‌واوی‌ نازانم چه‌ند كه‌س بووین به‌ڵام له‌م ناوچه‌یه‌دا نزیكه‌ی‌ (100) كه‌س ده‌بوین كه‌ هه‌موومان به‌ته‌مه‌ن بووین.
*ئه‌وانه‌ی‌ به‌ردران، ژن و منداڵه‌كانیان له‌ نوگره‌ سه‌لمان و تۆپزاوه‌ مانه‌وه‌ ؟
_ لاله‌ مه‌حمود : به‌ڵێ كه‌ ئێمه‌یان به‌ردا ، به‌به‌رچاوی خۆمه‌وه‌ گه‌نجه‌كان و ژن و منداڵه‌كانیان جیاكرده‌وه‌ و ئیتر ئه‌وانمان نه‌بینییه‌وه‌ و پرسیاریشمان بكردایه‌ كه‌ ئه‌وان بۆ كوێ ده‌به‌ن ، كه‌سێك نه‌بوو وه‌ڵاممان بداته‌وه‌ و زانیاریمان بداتێ كه‌ بۆ كوێیان ده‌به‌ن.
*له‌ نوگره‌ سه‌لمان خواردنتان چۆن بوو ؟
_ لاله‌ مه‌حمود : له‌ ڕه‌مه‌زاندا باشبوو. به‌ڵام هه‌ركه‌ ڕه‌مه‌زان ته‌واوبوو ئیتر حاڵمان خراپ بوو، سێ سه‌مونی وشكی ڕه‌قیان ده‌داینێ كه‌ له‌م به‌یانی بۆ ئه‌و به‌یانی هه‌ر ئه‌و سێ سه‌مونه‌ بوو.
*مامه‌ڵه‌ی‌ چاودێره‌كانی‌ زیندانی‌ نوگره‌ سه‌لمان چۆن بوو له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ته‌مه‌ن؟
_لاله‌ مه‌حمود : به‌خوا زۆر خراپ بوو. وه‌ك ئێستا له‌بیرمه‌ هاوڕێكم نازانم چی كردبوو ، به‌عسییه‌كان هاتن و بردیان به‌ستیانه‌ شیشی په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌یان لێدا ته‌واو شۆڕبووه‌وه‌ به‌ په‌نجه‌ره‌كه‌دا ، دوایی كه‌ له‌په‌نجه‌ره‌كه‌یان كرده‌وه‌ خوێنی گیانی به‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ جێمابوو.
*ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان بوون، چۆن خۆتانتان ده‌شۆرد ؟
_لاله‌ مه‌حمود : خۆشۆردن ئاسان نه‌بوو. ته‌ندروستیمان خراپ بوو، ئاوێكی پیسی چه‌ور بوو كه‌ خۆمانمان پێده‌شۆرد، له‌ جێگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ پاكمان بكاته‌وه‌ چه‌وری ده‌كردین.
*كه‌س له‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانی‌ هاوڕێت مرد له‌ نوگره‌ سه‌لمان؟
_لاله‌ مه‌حمود : به‌ڵێ به‌به‌رچاوی خۆمه‌وه‌ دوو كه‌سی ناسیاوم بینی مردن كه‌ ئێستا ناوه‌كانیانم له‌بیر ماوه‌.
*ئه‌وانه‌ی‌ ده‌مردن له‌ كوێ ده‌تانخستنه‌ گۆڕ ؟
_ لاله‌ مه‌حمود : ئێمه‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان مردوویه‌كمان ناشت. كه‌چی دوو سه‌ربازی به‌عس هاتن، ته‌رمه‌كه‌یان پێده‌رهێناین و بردمان خستمانه‌ چاڵێك و بانیمان داپۆشی، ئه‌و مردوانه‌ی‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان ده‌مردن، به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام نه‌ده‌نێژران. ئه‌كرانه‌ژێر خۆڵه‌وه‌ و جێده‌هێڵران
*له‌ ئێستادا حكومه‌تی‌ هه‌رێم چۆن خزمه‌تی‌ به‌جێماوه‌كانی‌ كردووه‌ ؟
_ لاله‌ مه‌حمود : به‌خوا خزمه‌ته‌كه‌یان زۆر نییه‌. پیرانه‌یه‌كیان داینی ئه‌ویشیان بڕی و نه‌ما. ئێستایش وا بڕیاره‌ پارچه‌ زه‌وییه‌كمان بده‌نێ . به‌ڵام به‌ گشتی وه‌ك پێویست خزمه‌ت نه‌كراوین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئایا ئه‌و پزیشكانه‌ی.. له‌ كاتی قه‌یرانه‌كاندا كاره‌كانیان به‌جێ هێشت.. بۆشاییان دروست كرد له‌ بواری خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستیدا

محەمەد ره‌زا خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی به‌ گشتی له‌ كوردستان پێشكه‌وتن و ...