سەرەکی » هەواڵ » مەلا بەختیار: شەهید فارس كەسێكی خۆنەویست‌ و خۆشەویست بوو

هەولێر، ساڵیادی شەهیدبوونی پێشمەرگەی دێرین فارس محەمەد

مەلا بەختیار: شەهید فارس كەسێكی خۆنەویست‌ و خۆشەویست بوو

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

رۆژی 27/4/2019 بەئامادەبوونی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)و ژمارەیەك لەبەرپرسانی حزبی‌و حكومی، رێوڕەسمێكی تایبەت بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر شەهیدبوونی پێشمەرگەی دێرین‌و كادیری پێشكەوتووی یەكێتی فارس محەمەد، بەڕێوەچوو.
لەڕێوڕەسمەكەدا، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، وتەیەكی پێشكەشكردو تێیدا تیشكی خستەسەر ژیان‌و خەباتی پێشمەرگەی دێرین شەهید فارس محەمەد كە لەڕۆژانی سەختی خەباتدا‌و لەتەمەنێكی كورتدا دەبێتە پێشمەرگە. وتیشی: شەهید فارس كەسێكی خۆنەویست‌و خۆشەویست بوو، لەهەموو قۆناغە هەوراز و نشێوەكاندا بەردەوامبووە لەخزمەتكردن.
هەر لەڕێوڕەسمەكەدا وتاری شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بنەماڵەی شەهید فارس محەمەد خوێنرانەوە، تیایاندا ئاماژە بەچەندین وێستگەی پڕ سەروەریی‌و قارەمانێتیی قۆناغەكانی خەبات‌و ژیانی شەهید فارس كرا.
لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، وەك ئاماژەیەك بەژیانی شەهید فارس، 56 مۆم داگیرسێنرا.
شەهید فارس محەمەد سادق، ساڵی 1962 لەگوندی گردعازەبان لەدایكبووە. ساڵی 1979 لەچۆمان پەیوەندیی بەڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەكات، ساڵی 1980 لەهەرێمی 7ی باڵەك دەبێتە پێشمەرگە، ساڵی 1981 لەسەر فەرمانی سەرۆك مام جەلال بووە بەكادر و دەبێتە ئەندام لەهێزەكانی دەشتی هەولێر، هەمان ساڵ لەشەڕێكدا لەبەرامبەر رژێمی لەناوچووی بەعس، بریندار دەبێت. لەدوای راپەڕینیش چەندین ئەركی پێسپێردراوە، كە دواهەمینیان بەڕێوەبەری گشتی بوو لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسیی هەرێم. رۆژی 24/4/2018 لەهەولێر لەسەر شەقامی 100 مەتری، لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا، دەستڕێژی گوللەی لێدەكرێت‌و شەهید دەكرێت.

print

 17 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*