سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی نۆیەم

لەژێری ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیهێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

هێشتا لە ئۆردوگای زۆرەملێی «پیرزین» مابووین، وەك زۆربەی خەڵکی تری بێکار، ئێمەش دەستماندایە و کارو کاسبی خۆمان لە بازاڕی» خومەینی»دۆزیەوە. بازاڕی خومەینی بەو کۆڵانەی نزیك گەراجی پیرزین لە رۆژهەڵات و دەروازەی تەنیشت مزگەوتی بازاڕی شێخەڵا و دەڵاڵخانە دەوترا، ماوەیەکیش گواسترایەوە بۆ دەروازی قەڵات لە سەرەوی چایخانەی مەچکۆ. ئیدی لەو ناوچەیەدا بازاڕێکی دوور و درێژ بە عارەبی ناوەڕاست و بەتایبەتیش باشور جمەی دەهات. لەو بازاڕەدا گۆرەویی و هەندێكجار سەعات و ماوەیەکی باشیش وێنەی ئیمامی عەلی و دیمەنی بەفرو شاخە جوانەکانی»سویسرا»م دەفرۆشت و رۆژانە قازانجێکی لەرادەبەدەرم دەکردو هەفتەی دوو سێجاریش لەگەڵ تەواوکردنی شمەکەکانم، بەرەو سینەما بەتامی خواردنی گەس و خواردنەوەی کۆکایەك رێگام دەگرتەبەرو پشوویەکی دورودرێژێم دەدا، زۆرجار لەبەر ماندویێتی نیوەی فیلمەکەم بەخەو تێدەپەڕی، بەڵام هەر دڵخۆشبووم کە دەمتوانی بەقازانج و رەنج و ماندووبوونی خۆم فیلمی سینەمایی رەنگاو رەنگی ئەکشنی ئەمریکی و رۆمانسیی هیندیی و عەرەبی دەبینم. لەو سەردەمانەی لەو بازاڕەدا کارم دەکرد زۆرجار تووشی کڕیاری میسری دەبووم و هەوڵمدەدا وەکو ئەکتەرەکانی فیلمی میسری لەگەڵیاندا بکەومە ئاخاوتن و بەباشی لەبیرمە لەگەڵ هاوڕێی منداڵیم کاکە رەسوڵ کە لە خۆشەویستی پێیان دەگۆت»رەسو دیسکۆ»، خواخوامان بوو سەفەرێکی میسر بکەین بەبێ ئەوەی بزانین سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات چۆن دەکرێت؟!.

کارگەی کوبێسە لە ئێچ سری- رومادی
رەنگبێت هەموو کەس بەتایبەت ئەوانەی سەردەمی سەددام نەژیاون، هەست بەو داگیرکارییەی خود و ناخی مرۆڤەکان نەکەن کە چەندە سەخت بوو کورد بوون لەو عیراقەی سەددام دکتاتۆرێکی دڕندەی وڵاتەکە بوو.
لەو حوکمڕانیەدا کەس بەتەمای رۆژێکی دیکەی ژیانی نەبوو بە ئارامی و بێ گرێ و گۆڵ تەواوی بکات و سەر بکاتەسەر سەرین و بەر لەخەوتن بیر لە سبەینێی بکاتەوە. هەر بۆیە لەژیاندا زۆر کارو پیشەمان دەگۆڕی، یان ناچاری رێکەوت و دەرفەتەکان دەبووین و کوێ هەناسەیەکی تێدابا دوور لە ترس و تۆقاندن خۆمان دەگەیاندە ئەوێ.
ساڵی ١٩٨٩ دڵم خۆشبوو کە بەر لەوەی راپێچی سەربازیم بکەن کە نەمکرد، توانیم بۆ هاوینی ئەوساڵ لەگەڵ کاک نەریمانی مام حاجی حوسێن کە خزم و دراوسێمان بوو، بچمە پرێزگای رومادی بۆ کارکردن.
لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا یەکەمین جارم بوو لەماڵ دووربکەومەوە، جانتایەکیان بۆ ئامادەکردم و هەرچۆنێك بێت پێم لە دڵی خۆمناو بەرەو رومادیی کەوتمەڕێ بێ ئەوەی بزانم لەو شوێنەدا چی کارێك بەمن دەسپێردرێت، ئەوەندەی دەمزانی ئەوەبوو لەگەڵ خزمێکم دەڕۆم کە سەرپەرشتیاری کەمپێك بوو کاریان دروستکردنی قیڕ و قیڕتاوکردنی رێگاوبان بوو.
کاک نەریمان زۆر دەمێك بوو لەسەر ئەو کارە بوو، متمانەیەکی تەواوی لای خاوەن کار پەیداکردبوو، بۆیە هەموو دەستەڵاتێکی پێدرابوو. لەوێ بووم بە هاوەڵی میسری و سۆماڵی و سودانی و عەرەبی عیراقی.
لەو کەمپەدا کە شوێنی حەوانەوەمان بوو ئەحمەد بخیت-ی سودانی و مەجدی میسری دوو بیرەوەریان لەلا تۆمارکردم کە هەردەبێ باسیان بکەم.
یەکەمیان ئەوەی ئەحمەد بخیت بوو کە شەوان لەو کەمپە بەر لەوەی بخەوێت رادیۆی لەندەن و مۆنتیکارلۆی دەکردەوە، شەوێك بە ئەسپایی بانگی کردم و ووتی: گوێبگرە باسی جەلال تاڵەبانی سەرکردەی ئێوە دەکات.
رۆژێکی تر کە گەڕاینەوە کەمپ زوتر لەجارانی پێشوو چوومە سەرجێگا، خەوم لێکەوت و نەکەوت، مەگدی بە خێرایی بەتانی لەسەر لابردم و بەدەنگی بەرز بانگیدام و ووتی: وەرە خێراکە سەیری تەلەفزیۆن بکە. منیش زۆر تووڕە بووم، بەتانیم راکێشایەوەو بخەوم، خێرا لایبردو ووتی: ژنێك بەمیسری قسە دەکات و دەڵێت کوردم. خێراتر لەجوڵەی ئەو بەرەو لای تەلەفزیۆن رامکردو کە سەیرم کرد، ژنێکی خانەدانی جوان و شارستانیی باسی خۆی دەکرد کە چۆن وەك یەکەم کچ لەسەردەمی پادشایەتی لە زانکۆی مەلیک فوئاد خوێندوویەتی و یەکێك لە براکانی هەموو رۆژ دوای کەوتووە کاتێك ئەو چووە بۆ زانکۆ، جا هەر خۆیشی بە پەلەو بزەیەکەوە ئەیووت: براکەم لەبەر دڵپیسی نەبوو دوای ئێمە ئەکەوت، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو نەوەکو خەڵكیك قسەیەکی ناشرینمان پێ بڵێت، چونکە لەو سەردەمە تەنیا ئێمەبووین لەگەڵ دوو کچی تر ئەمانخوێند، ئەوەشی ووت؛ کە وەختێ وەك یەکەمین کچ لەمیسرو وڵاتانی عەرەبی ماستەری هێناوە بۆتە جێگای شانازی هەموو میسرییەکان کە کچێك لەسەردەستی تەها حسێن پلەی زانستی باڵا بەدەست دەهێنێت.
زۆر تامەزرۆی ئەوەبووم دیدارەکە ماوەی درێژتربوایە، لێ مخابن درەنگ خەبەریان کردمەوە، ناوی سەهیر ئەلقەلەماوی لە میشکمدا چەسپی، ئاگام لێی بوو کاکە مەجدی هاوڕێ میسریەکەم بە تیلەی چاوی تەماشای دەکردم و سەری بادەداو نزیک بوویەوەو ووتی: ها چۆن بوو؟ ئێستا زانیت بۆ حەزمکرد ئەو ژنە میسریە ببینی؟ چونکە دەیگووت کوردم؟.
مەجدی و عبدولسەلام و عەبدۆ و زۆری دیکە لەو ماوەیەدا بووبووین بە برادەرو زۆر خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵ کەسانێك تێکەڵ بووم زۆر حەزم بە هونەری ئەوان دەکرد. لەو ماوەیەدا رێمان نەکەوتە سینەما، بەڵام جار جار لە تیڤی فیلممان دەبینی. لەبری ئەوە زۆربەمان گوێمان لەگۆرانی دەگرت، بۆ یەکەمین جاریشم بوو حەزم کرد هەموو ئەو کاسێتانەی لەگەڵ خۆمدا بردبوونم بۆ ئەوانیشی لێبدەم و گوێی لێبگرن، بەتایبەتی کاسێتەکانی تیپی بابان و گۆرانیەکانی کەمال محەمەد و نەجمەی خولامی بەدیاریکراویش ئەو کاسێتەی لەگەڵ تیپی پاشای کۆرە لە رەواندز تۆماری کردبوو، لەگەڵ چەندین گۆرانیبێژی دیکە کە زۆریان پێخۆش بوو.
بازاڕی خومەینی و ناسینی هاوڵاتیی میسری لە کوردستان و پاشان ئەوانەی رومادیی، کۆتایی قۆناخێکی گرنگی ژیانی ئێمەبوو، ئەوانمان ناسی و حەزمان دەکرد وڵاتەکەشیان لەنزیکەوە ببینین، بەڵام ئەو دەرفەتە دوای بیست ساڵ هاتەدی و نەك بەسەردان بەڵکو بۆ ماوەی نزیکەی نۆ ساڵ لە ناو میسرو لەگەڵ میسریەکان تێکەڵ بووم کە تامی سەردەمی گەنجی دەداو هەموو هاوڕێ و هاوەڵەکانم دەزانن چەندە دڵخۆش بووم لەو ماوەیەی لەمیسر بووم. ئیدی لەمیسر نەك هەر بە ئاسانی دەمتوانی فیلم ببینم، بەڵکو زۆرێك لە هونەرمەندەکانیشم ناسی ئەگەرچی ئەکتەرە شۆخ وشەنگەکانی گەنجیمان تەواو پیربووبوون لێ رەونەقی جارانیان هەرمابوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرگێکی تری مێژووی پەیوەندییەکانی شۆڕشی شێخ مەحموود کەوتە بەردەستی خوێنەرانی

لەدووتووێی 206 لاپەڕەدا کتێبی (مێژووی پەیوەندییەکانی شۆڕشی شێخ مەحموود بەئێرانەوە- ...