سەرەکی » هەواڵ » ئەمریكا لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

ئەمریكا لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

دوێنێ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازییكرد لە وەفدێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا، كە پێكهاتبوو لە خاتوو دانوسیا هوبە بەرپرسی بەشی سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و خاتوو سلڤیا ئێرێز بەرپرسی بەشی سیاسی لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر.
لە دیدارێكدا، بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوەكرا، بە تایبەتیش بارودۆخی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چۆنێتی دامەزراندنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
سەرەتا سەعدی ئەحمەد پیرە بە گرنگی و بایەخێكی زۆرەوە تیشكی خستە سەر رۆڵی كونسوڵخانەی ئەمریكا، كە لە ماوەی رابردوودا هاوكارێكی باش و بەهێز بووە هەم بۆ بەهێزتربوونی دەزگا و دامەزراوە حكومییەكان هەم بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی لایەنە سیاسییەكان و پرۆسەی سیاسی بە ئاراستەی ئاشتی و بەرقەراربوونی سەقامگیری سیاسی.
لای خۆیانەوە وەفدی میوان پشتیوانی تەواوی وڵاتەكەیان دووپاتكردەوە و رایانگەیاند: لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە هاوكاری و پشتیوانیكردنی هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هەروەها خوازیاری تەبایی و یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*