سەرەکی » هەواڵ » رزگار عەلی: كەركوك بەشێكە لە رێكەوتنی یەكێتی‌ و پارتی

رزگار عەلی: كەركوك بەشێكە لە رێكەوتنی یەكێتی‌ و پارتی

كەركوك: عومەر غەریب

رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، رایدەگەیەنێت: پرسی كەركوك بەشێكە لەڕێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و بابەتێكی هەستیاریشە لای هەموو خەڵكی كوردستان. وتیشی: پرسی كەركوك بنەمای سەركەوتنی خەڵكی كوردستانە لەچوارچێوەی عیراقدا، لەبەر ئەوە یەكڕیزیی كورد بەرامبەر پرسی كەركوك زۆر پێویستە‌و ئەركی لایەنە كوردستانییەكان‌و هەموو تاكێكی كوردیشە گرنگی تایبەت بەكەركوك بدەن.
رزگار عەلی، راشیگەیاند: لەچوارچێوەی رێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی، كەڕۆژی 4ی ئازاری ئەمساڵ لەهەولێر لەنێوان كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی‌و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی، ئیمزاكراوە، بابەتی كەركوك رێككەوتنی لەسەر كراوە بەوشێوەیەی كەهاوتەریب لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، چارەسەری كێشەكانی كەركوك بەدانانی پارێزگاریشەوە دەستپێبكرێت، واتە بەپێی رێككەوتنەكە هەر كات پێكهێنانی كابینەی نۆ دەستیپێكرد، بابەتی كەركوكیش لەنێوان یەكێتی‌و پارتی رێككەوتنی لەسەر دەكرێت، كە پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی یەكێتی-یە بەوپێیەی لەهەڵبژاردنەكانی 2010‌و 2014‌و 2018 یەكێتی دوو جار شەش كورسی‌و جارێكیش پێنج كورسی بەدەستهێناوە، كە دەكاتە كۆی نیوەی كورسییەكانی هەموو پارێزگای كەركوك بەكورد‌و عەرەب‌و توركمانیشەوەو یەكەم لیست‌و یەكەم حزبیشە زۆرترین رێژەی دەنگدەری هەبێت لەپارێزگاكەدا.
لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ كوردستانی نوێ، رزگار عەلی، ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا بۆ چارەسەری كێشەی كەركوك نەتەوەیەكگرتووەكانیش بەگەرمی لەسەر هێڵن‌و لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك كۆدەبنەوەو تائێستاش چەندین كۆبوونەوە كراوە‌و لیژنەش پێكهێنراوە، كە كورد لەناو لیژنەكە نوێنەری هەیەو یەكێتی‌و پارتی-شی نوێنەریان هەیە، بۆ ئەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی كەركوك بكرێت، كەڕەزامەندیی هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوكی لەسەر بێت‌و نەتەوەیەكگرتووەكانیش سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان دەكەن بەهەماهەنگیی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق، واتە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرسێ پێكهاتەكە دەكرێت، حكومەتی عیراقیش پێی رازی دەبێت.
لەكۆتاییدا قسەكانیشیدا، تەئكیددەكاتەوە كە پێویستە بۆ هەموو پرسە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكان، لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیزبن‌و ئەو یەكڕیزییە بۆ هەرێمی كوردستانیش گرنگە، بەڵام بۆ كەركوك پێویستترە‌و وتیشی: چەندە لایەنەكان لەهەرێم‌و لەبەغدا یەكڕیزبن، كاریگەریی بۆ كەركوك دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

حاكم قادر: ئەركی پیاوانی ئایینی مایەی پێزانینە

شوان كەریم حاكم قادر، تەئكیددەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگیدان‌و فراوانكردنی ...