سەرەکی » راپۆرت » كەركوك ‌و خانەقین؛ بەغدا و هەرێم دەخاتە جووڵەی بەپەلەوە

كەركوك ‌و خانەقین؛ بەغدا و هەرێم دەخاتە جووڵەی بەپەلەوە

کوردستانی نوێ و یادگار عەلی:

كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان بەگشتی ‌و سنووری خانەقین و كەركوك بەتایبەتی، بەرپرسانی كورد لە بەغداو هەولێر دەخاتە جووڵەی بەپەلە كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا كوردی دانیشتووی رەسەنی ئەو ناوچانە لەلایەن گروپە چەكدارەكان و تیرۆریستانی داعشەوە بەشێوەی جیاجیا پەلامار دەدرێن ‌و دەستدرێژیی دەكرێتە سەر گیان و ماڵ و موڵكیان.

کەرکوک و ناوچەدابڕێنراوەکان لە کۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا
دوێنێ لەسلێمانی، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڕێوەچوو.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، PUKmedia، بڵاویكردۆتەوە كە لەكۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیدا گفتوگۆی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و كاراكردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پشكی یەكێتی لەحكومەت و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق كراوە. هەروەها بارودۆخی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان و زیادبوونی ئاڵۆزییەكان لەو ناوچانە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بووە.

سەرۆك كۆمار رەشنووسێك ئامادە دەكات
لەبارەی رووداوو پێشهاتەكانی ئەو ناوچانەوە، لیژنەیەك لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق پێكدەهێنرێت، لەوبارەیەشەوە راوێژكاری یاسایی د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار رایدەگەیەنێت كە د.بەرهەم ساڵح لەسەر كێشەكانی كەركوك رەشنووسێكی ئامادەكردووە و لیژنەیەكی لە سێ سەرۆكاییەتەكەی عیراق پێكهێناوە بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە كێشەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیش رایگەیاندووە سەرۆك كۆمار هاوشێوەی مورافەعە گەورەكە سەرقاڵی رەشنووسێكە لەسەر كەركوك.
ئەمیر كنانی راوێژكاری یاسایی سەرۆك كۆماری عیراق لەوبارەیەوە دەڵێت: بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتی شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، سەرۆك كۆمار لەڕێگەی دەستوور و یاساوە هەوڵەكانی خۆی خستۆتەگەڕ.
هەروەها دەڵێت:»سەرۆكایەتی كۆماری عیراق رەشنووسێكی ئامادەكردووە و لیژنەكیان لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە پێكهێناوە بۆئەوەی كۆتایی بە كێشەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بهێنن»، روونیشیكردۆتەوە كە وابڕیارە چارەسەرەكە بەشێوەیەك بێت لەگەڵ دەستووری عیراق و دانیشتووانی شارەكە بگونجێت و لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش گرفتی بۆ دروست نەكرێت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كونسوڵی ئەمریكا: چارەسەركردنی كێشەكان
هەر بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاویش بۆ دۆخی ئەو ناوچانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لەگەڵ ستیڤ ڤاگن كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستاندا دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكانی تاوتوێكرد.
تەوەرێكی كۆبوونەوەكەش، تایبەت بووە بە دوایین گۆڕانكاریی ‌و پێشهاتەكان ‌و چارەسەری كێشەكان كە بە هاوئاهەنگیی نێوان بەغداو هەولێر و هاوپەیمانان بكرێن.

فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش لە بەغداوە كەیسەكە دەجووڵێنن
هەر لەو رووەشەوە فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنن، لە سنووری خانەقین و گوندەكانی دەوروبەری لەلایەن تیرۆرستان و چەند دەستێكی رەشی نادیارەوە، بەبەردەوامی هەوڵی شێواندن و زیانپێگەیاندنی هاووڵاتیان و جووتیارانی كورد لە ناوچەكە دەدرێت، داواشیان لە سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق ‌و حكومەتی هەرێم كردووە تا بێنەدەنگ.
لە بەیاننامەیەكیشیاندا كە دوێنێ بڵاویانكردەوە، فراكسیۆنە كوردستانییەكانی نوێنەران رایانگەیاندووە: « ئێستادا دانیشتوانی خانەقین، لەبەردەم دۆخێكی ناهەمواردا دەژین و لەبەردەم مەترسیی بەجێهێشتنی بەكۆمەڵی ناوچەكە و زەویوزاری جووتیاراندان، ئێمەش وەك نوێنەرانی كورد، ئەم بابەتەمان لەنێو پەرلەمانی عیراق وروژاند، تا سەرجەم لایەنەكان رووی راستەقینەی ئەم ناحەقیانە ببین و چارەسەرێكی بەپەلەی بۆ بدۆزنەوە».

سووتاندنی 300 دۆنم زەوی
لەماوەی رابردووداو بەتایبەتیش لە سێ مانگی كۆتاییدا، بەهۆی پەلاماردان‌و دەستدرێژیی بۆ سەر كوردانی دانیشتووی خانەقین، ژمارەیەك هاووڵاتی شەهیدبوون‌و سەدان دۆنم زەوی سووتێنراون.
لەبارەی رووداوی كەوتنەوەی ئاگر لەبەرهەمی جووتیارانی كوردی خانەقین، دانیشتووانی گوندی موبارەك بەكوردستانی نوێیان وت: لەسنووری گوندەكانی موبارەك، داراو مێخاس لەسنووری قەزای خانەقین، لەلایەن دەستێكی نادیار كە گوماندەكرێت پاشماوە و گروپە چەكدارەكانی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بن، ئاگر لە زەوییە كشتوكاڵییە بەگەنم و جۆ چێنراوەكانی جووتیارانی كورد بەردرا و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 دۆنم دۆنم دەغڵ و دانی جووتیارانی كورد سووتا.
وتیشیان: پەلامارەكان هەر بەوە ناوەستێت، لەماوەی رابردوودا بە بەردەوامی مین و بۆمب لەسەر رێگەو سنووری زەوییە كشتوكاڵییەكانی جوتیارانی كورد چێنراون و لەئاكامی تەقینەوەی چەند بۆمبێكیش چەندین كەس شەهیدو برینداربوون، كە لەدوا پەلاماری ئەو گروپە چەكدارانەدا چوار هاووڵاتی شەهیدبوون.
لەسەر رووداوەكەی شەوی رابردووتری خانەقین و دەوروبەری، گروپێكی سەر بە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەڕووداوەكە دەربڕی، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتیان و جوتیارانی كوردی سنوری قەزاكە دروستكردو داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ كۆتاییهاتن بە گروپانە دەكەن.
دەربارەی گرتنەبەری رێوشوێنە پێویستەكانیش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە، محەمەد مەلا حەسەن قائیمقامی خانەقین، رایگەیاند: لیژنەیان بۆ بەدواداچوونی رووداوەكان پێكهێناوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەردەوامیدان بە هاوكاری و پشتیوانییەكان

دوێنێ لەهەولێر، لەكۆبوونەوەیەكدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە‌و ئانگرێت كرامپ كارنباوەر ...