سەرەکی » ئاراستە » گوڵه‌ هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی ته‌للخێم

چوار برای شه‌هید: مه‌غدید، پوشۆ، سه‌مه‌د، یاسین موعه‌لیم

گوڵه‌ هه‌ڵوه‌ریوه‌كانی ته‌للخێم

حه‌یده‌ر مه‌نتك

شه‌هید مه‌غدید
ئه‌و ده‌رچووی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بوو، ئه‌و لاوێكی‌ قسه‌ خۆش و نوكته‌زان و ده‌م به‌ خه‌نده‌، كه‌ساییه‌تیه‌كی‌ خۆشه‌ویست بوو، ته‌مه‌نی‌ ته‌نها 25 ساڵ بوو كه‌ چه‌كی‌ كوردایه‌تی‌ كرده‌ شان و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ قوه‌تی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر.
ئه‌و لاوه‌ مه‌غدید برایم عومه‌ر بوو كه‌ ناسراوه‌ به‌ (مه‌غدیده‌ قه‌ڵه‌و)، شه‌هید مه‌غدید له‌ خانه‌واده‌یه‌كی‌ هه‌ژار و نیشتمانپه‌روه‌ر هاتۆته‌ دونیا، ئه‌و جیاواز له‌ هاوڕیێانی‌ به‌هۆی‌ چوار ساڵی‌ خوێندنی‌ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌، هه‌میشه‌ له‌ كۆڕ و كۆبونه‌وه‌كان، بۆ بێزار نه‌بوونی‌ ده‌وروبه‌ری‌ هه‌میشه‌ گاڵته‌وگه‌پ و نوكته‌ی‌ تازه‌ی‌ ده‌هۆنیه‌وه‌، لایه‌نی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و جه‌ماوه‌ری‌ زۆر به‌هێز بوو.
له‌ باره‌ی ئه‌وشه‌هیده‌وه‌ هه‌ڤاڵ (فاتح مه‌لا قه‌ره‌) كه‌ ئێستا سه‌رۆكی‌ لقی هه‌ولێری كۆمه‌ڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی‌ كوردستانه‌، وتی‌: من زۆر هاوڕێی شه‌هید مه‌غدید بووم، ئه‌و كادری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ساده‌و خاكی‌ و خۆشه‌ویست بوو، كادرێكی‌ رۆشنبیرو لاوێكی‌ هۆشیاربوو، زوو تێكه‌ڵ به‌ جه‌ماوه‌رو دانیشتوانی‌ گوندنشینه‌كان ده‌بوو.
هه‌روه‌ها ده‌نگی‌ زۆر خۆشبوو، زۆر به‌جوانی گۆرانیی‌ ده‌چڕی.
له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تێكۆشه‌ر و خاوه‌ن شه‌هیده‌، به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ درێژنه‌بوو زوو شه‌هید بوو.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید مه‌غدید براهیم عومه‌ر ئیبراهیم ناسراو به‌ مه‌غدیده‌ قه‌ڵه‌و، له‌دایكبووی ساڵی‌ 1954ی گوندی‌ (ته‌للخێمی‌ گه‌وره‌)، له‌ ناحیه‌ی‌ گوێری سه‌ر به‌ قه‌زای‌ مه‌خموور.
ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ كارگێڕی‌ و ئابوری‌ زانكۆی‌ سلێمانییه‌.
ساڵی‌ 1979 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی‌ 1981 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌، سه‌ره‌تاش له‌ قوه‌تی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێربووه‌، دواتر له‌ تیپی‌ 86ی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر و پاشان گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ تیپی‌ 87ی‌ قه‌ره‌چوغ.
به‌داخه‌وه‌ رۆژی 6/ 8/ 1985 له‌ نه‌به‌ردییه‌كدا له‌ نزیك گوندی‌ (سێچاره‌)ی ناحیه‌ی گوێڕ له‌گه‌ڵ سه‌مه‌دی برای كه‌وتنه‌ بۆ سه‌ی جاشه‌وه‌ و شه‌هید كران.

شه‌هید پوشۆ
شه‌هید پوشۆ برایم عومه‌ر ئیبراهیم ناسراو به‌ پوشۆ ته‌للخێمی‌، ساڵی 1969 له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ هه‌ژار و دڵسۆزو كوردپه‌روه‌ری‌ گوندی‌ ته‌للخێمی‌ گه‌وره‌ چاوی‌ بۆ ژیان هه‌ڵێناوه‌، خانه‌واده‌ی‌ (مام برایم ) له‌ شۆڕشه‌كانی‌ كورد به‌گشتی‌ و شۆڕشی‌ نوێی گه‌له‌كه‌مان به‌ رابه‌رایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان رۆڵ و پێگه‌یان دیاربووه‌، خانه‌واده‌ی‌ شه‌هید پوشۆ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ شۆڕشی‌ نوێدا چوار كوڕیان شه‌هید بووه‌، ئێستاش كه‌سوكاریان درێژه‌پێده‌ری‌ رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی‌ مام جه‌لالن.
شه‌هید پوشۆ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ چالاك وگوێڕایه‌ل بوو، ئازاو چاونه‌ترس، بۆ پاراستنی‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گیانی‌ خۆی‌ كرده‌ فیدای‌ نیشتمان.
هه‌زاران درود بۆ گیانی‌ پاكی‌ شه‌هید (پوشۆ) وسه‌رجه‌م شه‌هیدانی‌ كوردستان.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید پوشۆ برایم عومه‌ر ئیبراهیم ناسراو به‌ پوشۆ ته‌للخێمی‌،
له‌دایكبووی ساڵی‌ 1969ی گوندی‌ (ته‌للخێمی‌ گه‌وره‌)، له‌ ناحیه‌ی‌ گوێری سه‌ر به‌ قه‌زای‌ مه‌خموور.
ده‌رچووی قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌.
ساڵی‌ 1991 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و هه‌مانساڵ بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزی‌ 10ی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر لای‌ شه‌هیدی فه‌رمانده‌ رێباز.
به‌داخه‌وه‌، له‌ نه‌به‌ردییه‌كدا له‌ ساڵی‌ 1994دا له‌ هه‌ولێر شه‌هید كرا.

شه‌هید سه‌مه‌د
شه‌هید سه‌مه‌د بۆ رزگاریی نیشتمان و بۆ ئازادیی گه‌له‌كه‌ی چه‌كی شه‌ره‌فی كرده‌ شان، كه‌چی بووه‌ یه‌كێك له‌شه‌هیدانی ده‌ستی خۆفرۆشان، ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ ئه‌وانه‌ی‌ به‌ ناسنامه‌ كوردبوون، وه‌لێ‌ دڵیان لای پاره‌و فرۆشتنی نیشتمان بوو، مه‌فره‌زه‌ خاسه‌و فه‌وجی سوكیان وه‌رده‌گرت و ڕاوه‌ پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرد، له‌ ئه‌نجامدا زۆریان ده‌ستیان سوربوو به‌ خوێنی‌ پێشمه‌رگه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ رێك له‌و شوێنه‌ی ڕاوه‌ پێشمه‌رگه‌یان لێكردووه‌، ئێستا له‌هه‌مان شوێن فه‌رمانده‌و ئه‌فسه‌ره‌ و سنوورێكی‌ فراوانیان له‌ ژێر ده‌ستدایه‌، ئه‌وان له‌سایه‌ی ناعه‌داله‌تیدا خۆشگوزه‌ران ده‌ژین و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید سه‌مه‌دیش له‌ چینی هه‌ژاراندا ده‌ژمێردرێن.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید سه‌مه‌د برایم عومه‌ر ئیبراهیم ناسراو به‌ سه‌مه‌د ته‌للخێمی‌، له‌دایكبووی ساڵی‌ 1966ی گوندی‌ (ته‌للخێمی‌ گه‌وره‌)، له‌ ناحیه‌ی‌ گوێری سه‌ر به‌ قه‌زای‌ مه‌خموور.
ساڵی‌ 1984 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی‌ 1985 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ و له‌ تیپی‌ 87ی‌ قه‌ره‌چوغ چه‌كی شه‌ره‌فی كردۆته‌شان.
به‌داخه‌وه‌ رۆژی 6/ 8/ 1985 له‌ نه‌به‌ردییه‌كدا له‌ نزیك گوندی‌ (سێچاره‌)ی ناحیه‌ی گوێڕ له‌گه‌ڵ مه‌غدیدی برای كه‌وتنه‌ بۆ سه‌ی جاشه‌وه‌ و شه‌هید كران.

شه‌هید یاسین موعلیم
پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌وه‌فا بۆ گه‌له‌كه‌ی‌، دڵسۆز بۆ خاكه‌كه‌ی‌ و نهێنی پارێز، جوامێر له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی‌، ئه‌و له‌ خانه‌واده‌یه‌كی‌ كوردپه‌روه‌ر چاوی‌ بۆ ژیان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ هه‌ڵێناوه‌، ئه‌و به‌ڵێنی‌ به‌خاك ونیشتمان و خانه‌واده‌كه‌ی‌ دابوو یان گه‌یشتن به‌ئازادی‌ یان شه‌هید بوون.
ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌ش (یاسین برایم عومه‌ر ناسراو به‌ یاسین موعلیم)ه‌، ئه‌م خانه‌واده‌یه‌ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی‌ كوردایه‌تی‌، له‌ناو یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان هه‌ورازو نشێویان زۆر بینیوه‌, له‌یه‌ك خێزان چواربرا شه‌هیدبوون.
پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین، هه‌ڤاڵ ( ره‌شاد گه‌ڵاڵی‌) بۆیگێڕامه‌وه‌ و وتی‌: پله‌ (حه‌مدیه‌)ی‌ دایكیان هه‌میشه‌ دڵی‌ له‌ناو ده‌ستی‌ بووه‌، پێش شه‌هیدبوونی‌ یاسین موعه‌لیم بانگی‌ شه‌هید ره‌نجه‌ی‌ كردبوو كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت بوو پێی وتبوو: دووجار جه‌رگم داخ بووه‌ ده‌بێ‌ زۆر ئاگات له‌ یاسین بێت، شه‌هید ره‌نجه‌ش وتبووی‌: مه‌گه‌ر ره‌نجه‌ شه‌هیدبێت ئه‌گینا ئه‌وكاته‌ یاسینیش شه‌هید ده‌بێ‌، ئه‌وكاته‌ تۆش گله‌یی‌ مه‌كه‌).
شه‌هید ره‌نجه‌ خاوه‌ن به‌ڵێن بوو، له‌ داستانی‌ سێگردكان ره‌نجه‌و یاسینیش پێكه‌وه‌ شه‌هید بوون.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید یاسین برایم عومه‌ر ئیبراهیم ناسراو به‌ یاسین موعه‌لیم، شه‌هید سه‌مه‌د برایم عومه‌ر ئیبراهیم ناسراو به‌ سه‌مه‌د ته‌للخێمی‌، له‌دایكبووی ساڵی‌ 1957ی گوندی‌ (ته‌للخێمی‌ گه‌وره‌)، له‌ ناحیه‌ی‌ گوێری سه‌ر به‌ قه‌زای‌ مه‌خموور.
له‌ رووی خوێندنه‌وه‌ ده‌رچووی قۆناغی سه‌ره‌تایییه‌.
ساڵی‌ 1980 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، ساڵی‌ دواتر په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ له‌ قوه‌تی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر و دواتریش تیپی‌ 86ی ده‌شتی‌ هه‌ولێر.
ئازایانه‌ به‌شداریی چه‌ندین نه‌به‌ردیی كردووه‌، به‌ وره‌و خۆڕاگربووه‌.
دوا پله‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ مه‌فره‌زه‌ بووه‌ له‌ كه‌رتی‌ 2ی تیپی‌ 87ی‌ قه‌ره‌چوغ.
رۆژی 10/7/ 1986 له‌ گوندی‌ سێگردكانی ده‌شتی‌ كۆیه‌ شه‌هید كرا.
جگه‌ له‌خۆی سێ برای دیكه‌ی شه‌هیدی سه‌نگه‌رن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

موحسین بایز و مه‌جیدی حاجی عه‌لی

ئاوات كۆكه‌یی موحسین بایز فه‌رمانده‌و تێكۆشه‌ری كۆچكردوو محسین بایز یه‌كێكه‌ ...