سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵەبانی: باشترین رێگە بۆ خۆنوێكردنەوە بەستنی كۆنگرەیە

قوباد تاڵەبانی: باشترین رێگە بۆ خۆنوێكردنەوە بەستنی كۆنگرەیە

قوباد تاڵەبانی، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
هەڤاڵان سڵاوتان لێ بێت
بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەكان و كادیرە تێكۆشەرە دێرینەكان و كادیر و ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەكەم.
شاراوە نییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكە مێژووەكەی پڕە لە سەروەری و چیرۆكی نەبەردی و قارەمانێتی، بەڵام یەكێتی حزبێك نییە كە تەنها لە رابردوودا بژی، بەڵكو حزبێكە ئەمڕۆ خەبات دەكات لەپێناوی ئایندەیەكی گەشتر بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
لە دوا بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێتی بە شێوازێكی نوێ هاتەوە ناو جەماوەرەكەی خۆی، بەڵێنی ئارامی دا، بەڵێنی زیادكردنی هەلی كاری دا، بەڵێنی باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی دا، بەڵێنی دا كە ئەو متمانەیەی لە كاتی هەڵبژاردندا دەنگدەری یەكێتی بەخشی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو بەڵێنە و ئەو متمانەیە بەفیڕۆ نەدا.
بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی خۆی، بۆ بەفیڕۆنەدانی متمانەی دەنگدەر و جەماوەرەكەی خۆی، بۆ بەهێزتركردنی هەرێمی كوردستان و بۆ باشتركردن و جوانتركردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكێتی ئەبێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو تەحەدایانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی كوردستان و یەكێتی و عیراق بوونەتەوە. بۆئەوەی بە باشترین شێوە رووبەڕووی ئەو تەحەدایانە ببینەوە، یەكێتی ئەبێت خۆی بگونجێنێت، ئەبێت خۆی نوێ بكاتەوە و باشترین رێگەش بۆ خۆنوێكردنەوە، بەستنی كۆنگرەیە.
لە زاخۆوە تا گەرمیان، داوای كادیران و ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمان پێ ئەگات كە داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن، منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو كادیر و ئەندامە دڵسۆزانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و منیش داوای كۆنگرە دەكەم.
كۆنگرە بۆ نوێبوونەوە، كۆنگرە بۆ بەهێزكردنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە ئۆرگانەكانی یەكێتی، كۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی یەكێتی، كۆنگرە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مەبدەئانەی یەكێتی لەپێناویاندا دروست بووە، كۆنگرەیەك بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی ژیرانە كە بتوانێت ئەمڕۆ كوردستان بەرەو كەناری ئارامی ببات، ئەم كۆنگرەیە داوای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و بە تایبەت جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەم كۆنگرەیە ئەبێت ببەسترێت و من لەم ساڵیادە دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو دەنگانە، داوای بەستنی كۆنگرە دەكەم، داوا دەكەم چیتر بیانوو نەدۆزینەوە بۆ دواكەوتن لەم پرسە. یەكێتی پێویستی پێیەتی، كوردستان پێویستی پێیەتی، عیراقیش پێویستی پێیەتی.
دووبارە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی، پیرۆزبایی لە هەموو ئەندام و لایەنگران و كادیر و دڵسۆزانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم، دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان.

هەر شاد و سەربەرز و سەركەوتوو بن.

print

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*