سەرەکی » وتار » بارزان شێخ عوسمان‌ » سەفرەو زەرون مەرز و بازاڕی ناوچە رزگاركراوەكان

سەفرەو زەرون مەرز و بازاڕی ناوچە رزگاركراوەكان

رەخساندنی هەلی كار و كەسابەت بۆ خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچە رزگار كراوەكانی سنوری دەسەڵاتی شۆڕش و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا بابەتێكی تری قسە لە سەركردنە لەم یادەدا. لە بەرئەوەی مەسەلەی ئاڵووێری بازرگانی لە نێوان عیراق و ئێراندا لە سەردەمی حوكمڕانی بەعسدا یاساغ ( ممنوع) بوو، بۆیە ئەم جۆرە بازرگانی و كەسابەتە بە قاچاغ دەكرا و بە ناڕێكی و لە چەندین ناوچەی سنوریەوە كاڵاو كەلو پەل، مامڵەیان پێوە دەكرا.
لەگەڵ گەشەكردنی یەكێتی و بەرفراوان بونی ناوچە رزگاركراوەكانی سایەی شۆڕشدا، بیر لە رێكخستنی ئەم بوارە كرایەوە كە بژێوی سەدان كەس و هەزاران خێزانی لەسەر بوو، هەروەها زۆرێك لەو نیشتمانپەروەرانەی كە ئامادە نەبون خۆیان بكەن بە سوتەمەنی جەنگی قادسیەی سەدام و لە ناوچە رزگاركراوەكان دانیشتبون، دەهاتن لێرە كەسابەتیان دەكردو جووڵەیەكی بازرگانی لە ناوچەكانی قەزای شارباژێڕ و دوكاندا دروست كردبوو.
ئەوەبوو سەركردایەتی یەكێتی بازاڕی ( سەفرە) بە رەسمی ناساند و دەزگای گومرگ و بنكەی كارو باری كۆمەڵایەتی و پێشمەرگەی بۆ پارێزگاری لە سەروماڵی كاسبكارانی بازاڕەكە دانا. لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە ئیتر ئەم بازاڕە لە سایەی شۆڕشدا خەڵكێكی زۆر بەو پەڕی ئازادیەوە كەسابەتی تێدا دەكرد. ئەم بازا‌ڕە كە هەمووی لە نایلۆن دروست كرابوو تەنانەت گەرماو و هۆتێل و چێشتخانە و خواردنگە و هۆڵی نمایشی ڤێدیۆی تێدا كرابۆوە و زۆر جار لە ناوچەكانی ترەوە، پێشمەرگە بۆ بەسەر بردنی مۆڵەت دەهاتن بۆ ئەوێ.
لە كۆتاییەكانی مانگی كانونی یەكەمی 1986 كاتێك هێزەكانی عیراق لە شەڕی سێ مانگەی قەیوان- ماوەت دا ئەوێشی داگیر كرد. «حەسەن كاشف» ی پەیامنێری ڕادیۆی مۆنتیكارلۆ كە پێمان دەوت «حسن كاذب» لەگەڵ هێزەكانی عیراقدا هاتبووە ئەوێ و لە ڕاپۆرتێكیدا وتی: هێزەكانی عیراق دەستیان بە سەر شوێنێكدا گرتوە كە بۆ كوردەكان هیچی لە بیرە نەوتێك كەمتر نەبووە لە ڕووی ئابووریەوە.
لە دوای ڕاپەڕین و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەكرا ئاوڕێكی جدی لەم ناوچەیە بدرایاتەوەو رێگای سلێمانی – قەڵادزێ لەم ناوچەیەوە رابكێشرایەوە كە هەم لە ڕووی نزیكیەوە، ماوەكە كورت دەبۆوە و هەم سوودێكی زۆری بۆ گوندەكانی كارێزەو دۆڵ بێشكەكان و قامیش و گەڵاڵە وسەفرەو زەرون و بەرگورد و گوندەكانی پشتی قەڵادزێش دەبوو. لە ڕووی سروشتیشەوە ناوچەیەكی شاخاوی و دڵگیرە و لە ڕووی گەشتیاریشەوە سودی لێ دەبینرا .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر شێخمووس:لە رۆژئاڤا كورد كارتی گرنگی سیاسی لەبەردەستە

عومەر شێخمووس سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سەربەخۆی رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند: لە ...