سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » دیسانەوە نەوت و بودجە

دیسانەوە نەوت و بودجە

د.به‌ختیار شاوه‌یس

لەم هەفتەیەدا جارێكی تر مشتومڕو باسوخواسەكانی تایبەت بە ناردنی نەوتی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران كە یەكەمیان بۆ بەغداو دووەمیان بۆ هەرێم سەری هەڵدایەوەو لەمەشدا جگە لە دڵەڕاوكێ و دروستكردنەوەی گومان لەناو دڵی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی خێرلەخۆندیو و بڵاوكردنەوەی نائومێدیی لەناو شەقام و هەروەها جۆرێك لەهات و هاواری لەناو ئەنجومەنی نوێنەران لێكەوتەوە كە دواجار بە گەورەبوونی ئەم هات و هاوارانە، ئەو پەیوەندییە جێگیرە دەكەوێتە مەترسییەوە كە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدادا دروستبووە و پێشتر ماوەیەكی زۆر بەهۆی ریفراندۆمەوە پەیوەندییەكان پچڕابوون.
*نەوت لەسەر ئاستی عیراق؛
جگە لە عیراق، لە هەموو وڵاتێكی تر نەوت سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و ئاسودەگی و دابینكردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكەكەی، بەڵام لێرە رێك بەپێچەوانەوەیە.
بەدرێژایی ساڵانی بەر لە 2003 پارەی نەوت سەرچاوەی كڕینی چەكی كیمیایی و تۆپ و تەیارە بوو، پارەی نەوت جەنگی هەشت ساڵەی عیراق- ئێران و جەنگی داگیركاریی كوەیتی دابینكردووە و دواجار هەر نەوت خەڵكی عیراقی بەبێ جیاوازیی پێ قڕدەكرا.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیشەوە دیسانەوە نەوت سەرچاوەی گەندەڵیی گەورە و كوشتنی مەعنەویی هاووڵاتیان و بڵاوبوونەوەی هەژاریی و دەرەتانێكی ئێجگار گەورەیە، ئەگەرنا بەڕیشی كێ رەوایە دەوڵەتێك هەموو رۆژێك بەنزیكی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەئاشكراو بەبێ ئاشكرا دەربهێنێت و بفرۆشێت، بەڵام ئاوی خواردنەوەی پاكی لە بەسرە نەبێت و لەپلەی گەرمی سەروو 50 پلەوە نیوەی كەمتر لە كاتەكان كارەبای نەبێت و لەزۆربەی پارێزگاكانیدا رێژەی هەژاری 50%ی تێپەڕاندبێت؟!
*نەوت لەسەر ئاستی هەرێم:
لەدوای دەرهێنانی نەوتەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تووشی مەترسی و بڕین بوو، بەجۆرێك كە پێشتر شتی وانەبووەو تەنانەت لە ساڵانی نەوەدەكان كە ئابڵوقەی ئابووریی لەسەر هەرێمی كوردستان بوو، لەلایەن رژێمی بەعسەوە فەرمانبەران بەو شێوەیەی ئێستا تەنگەتاو نەبوون و مووچەكەیان نەكرا بە نیووەو سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بەكار نەهێنرا، هەر ئەمەشە كە هاووڵاتی سادە دەپرسێت نەوتمان كڕیوە یان نەوتمان فرۆشتوە؟
كەواتە نەوت لە بەسرەوە بۆ زاخۆ لەبری ئەوەی ببێتە نیعمەت، بووەتە نیقمەت. بەڵام دوو خاڵی گەوهەریی كە گرنگە تیشكی بخەینەسەر ئەوەیە كە:
1-هاووڵاتی كام خەتای كردووە، كاتێك باجی ململانێی سیاسی بدات و مووچەكەی ببڕدرێت؟ لە دەستووردا كەی بڕینی مووچەی هاووڵاتی تێدایە بەهەر بیانوویەك بێت؟
2-ئەوانەی كە ماوەی چوار ساڵ مووچەی هاووڵاتیان بڕی بەناوی سزای حكومەتی هەرێمەوە، چیان دەستكەوت لە زیاتر قەڵەوكردنی سیاسییەكان و برسیكردنی زیاتری هاووڵاتیان؟
هەربۆیە حەقوایە خۆم ‌و هاوڕێكانم لە نوێنەران ئەوەندەی بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین، بەدوای كێشە و نانەوەی ئاژاوە و بێ هیواكردنی زیاتری خەڵكی هەژاردا نەگەڕێین. با لێیگەڕێین ئەو یاسایەی كە هەمووان دەنگمان پێداوە و لەبڕگەی (ج) كە لای هەندێك خراپترین بژاردەیە، جێبەجێ ببێت و ببێتە دوادەرفەت بۆ حكومەتی هەرێم و حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، بۆئەوەی بە گفتوگۆ و سازان كێشەكان چارەسەر بكەن. ئەگەرنا بە گرژیی و هەڕەشە و تێكدان كەسمان قازانج ناكەین و وڵات هێندەی تر كاول دەكەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*