سەرەکی » وتار » حلبجه‌ _ یان _ هه‌ڵه‌بجه‌؟

حلبجه‌ _ یان _ هه‌ڵه‌بجه‌؟

حه‌مه‌ كه‌ریم هه‌ورامی*

ئه‌وه‌ بۆ هه‌ندێ كه‌س پێیان خۆشه‌ له‌سه‌ر زاری غه‌یره‌ ناویان بخوێنرێته‌وه‌؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك كه‌س هه‌ن به‌وه‌ خۆشحاڵن ناویان به‌ رێنووسی بێگانه‌ بنووسرێت؟ ئه‌ی بۆ ناوی خۆمان به‌ خامه‌ی خۆمان به‌ ئاره‌زووی خۆمان نه‌نووسین؟ نازانم كه‌ی متمانه‌مان به‌ به‌رخۆدا دێته‌وه‌ له‌ ورده‌كاری زمانه‌ شیرینه‌كه‌مان لانه‌ده‌ین؟ وتراوه‌: هه‌ناسه‌ی حه‌واندنه‌وه‌ له‌ سایه‌ی خه‌ڵكدا ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی له‌دوایه‌. تاكه‌ی كه‌لێن بۆ غه‌یره‌ بكه‌ینه‌وه‌ بێته‌وه‌ ناومانه‌وه‌؟
رۆژی (4/7/2019) له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانماندا بینیم ژماره‌ (1) یه‌كی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پێشنیازكراو بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڕاجكراوه‌، تابلۆكه‌ نیشاندرا ناوی (هه‌ڵه‌بجه‌) له‌ تابلۆكه‌دا به‌ (حلبجه‌) نووسرابوو!
پێم سه‌یر بوو به‌ تایبه‌تی كه‌ ده‌زانم پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ نووسه‌ر و رۆشنبیرێكی وریا و چالاك و ناسراوه‌، چۆن رێی داوه‌ سه‌رو گوێلاكی ناوی پارێزگاكه‌ی بشێوێنرێت و هه‌ڵه‌كه‌ی جارانی ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فه‌رمی له‌ رووخساری كورده‌واریی دوور بخرێته‌وه‌، پیتی (ه‌) ێ و (ڵ) ی بگۆڕدرێن یان بشێوێنرێن، هه‌موو شاره‌زایه‌كی زمانی كوردی ده‌زانن كه‌ پیتی (ه‌) كه‌ له‌ پاش (ه) ێ و (ڵ) دان، بزوێنن وه‌لێ له‌ رێنووسی كوردیدا وه‌ك پیت ئه‌ژمار ده‌كرێن، ئه‌و دوو پیته‌ لادراوه‌ تایبه‌تمه‌ندی كوردییان بۆ ناوه‌كه‌ نه‌هێشتووه‌، له‌ كۆتایی ناوه‌كه‌شدا هه‌مان پیت هه‌یه‌ وه‌ك ( ه‌=ت) ێ ی خڕی عه‌ره‌بییه‌ كه‌ به‌ ده‌گمه‌ن وه‌ك خۆی ده‌خۆێنرێته‌وه‌، كه‌چی له‌ ناوی (هه‌ڵه‌بجه‌دا) جێگره‌وه‌ی پیتی (ێ) یه‌ و له‌به‌ر سووكی سه‌ر زمان كراوه‌ به‌(ه‌) چونكه‌ ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ (هه‌ڵۆجێ) وه‌ هاتووه‌.
شێواندنی ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ فه‌رمیكردنی به‌ (حلبجه‌) جگه‌ له‌وه‌ی كوشتنی ناوێكی كوردی ره‌سه‌نه‌ بۆ ناوێكی ناڕه‌سه‌ن، كارێكی ناله‌باریشه‌ له‌ته‌ك چێژی كورده‌واریشدا ناگونجێت، له‌ بیرم ماوه‌ له‌ چله‌كانی سه‌ده‌ی بووریدا گوایه‌ له‌ باره‌ی ناوی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ پرس به‌ مه‌لایه‌كی موعته‌به‌ری ئه‌وسای هه‌ڵه‌بجه‌ كراوه‌ كه‌ ئایا ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ چییه‌وه‌ هاتووه‌، مه‌لای گه‌وزاوی ناو خۆڵه‌ پۆته‌ی كه‌لتووری بێگانه‌ وتوویه‌تی ئه‌م ناوه‌ له‌ (من حلب جا‌و) وه‌ هاتووه‌! گوایه‌ كابرایه‌ك له‌ (حلب) ه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌وێی ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌ له‌وساوه‌ (هه‌ڵۆجێ) كه‌ خراوه‌ته‌ پشت گوێ.
كاربه‌ده‌ستانی ئه‌وساش وه‌ك ئێستا شاره‌زا نه‌بوون، ناوه‌كه‌ی (هه‌ڵه‌بجه‌) یان به‌ (حلبجه‌) نووسیوه‌، ئیدی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ وه‌ك مۆری نه‌زانین به‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ لكاوه‌.
بڕواناكه‌م كه‌سێك هه‌بێت یات یه‌كێك له‌ كورده‌واریدا هه‌بووبێ ناوی ئه‌وشاره‌ی به‌ (حلبجه‌) هێنابێ، سا مه‌گه‌ر كه‌سێك زه‌وق مردووی كورده‌واری وا ناوی بێنێ، ئیتر ئه‌و ناو گۆڕینه‌و ئه‌و شوێن كه‌وتنه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ له‌پای چی؟

ره‌نگه‌ كاربه‌ده‌ستانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دانانی ئه‌و ناوه‌دا پرسیان به‌ به‌غدا كردبێ، یاخود كاربه‌ده‌ستێكی لای خۆمان پێشنیازی ئه‌و ناوه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی بۆ كردبن. گریمان وابووه‌، خۆ ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا كاره‌ساتێكه‌ پڕ له‌ خه‌نین و گریانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌یه‌كێك بڵێی: ئه‌رێ فڵان من ناوم چییه‌؟ (حه‌مه‌ ره‌قه‌_ یان_ هه‌به‌ نه‌قه‌؟).
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌ دێته‌ پێشه‌وه‌: ئایا ده‌سه‌ڵاتی فیدڕاڵی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه‌ ناوی خۆمان و شاره‌كانمان وه‌ك خۆیان بنووسین؟.
من لێره‌دا داوا له‌ به‌رێز پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌رپرسانی كورد ده‌كه‌م بەتایبەتی سەرۆکی کوردان رێ نه‌ده‌ن ناوی شاری شه‌هیدان به‌هه‌ڵه‌ بنووسرێت.
له‌كۆتاییدا پیرۆزبایی له‌پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌م كه‌ رۆژ به‌رۆژ پارێزگارێتی خۆی ده‌چه‌سپێنێ.
هه‌روه‌ها پیرۆزبایش له‌و كه‌سه‌ ملیاردێره‌ ده‌كه‌م كه‌ تابلۆی ژماره‌ (1) به‌یه‌ك ملیار بكڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناوه‌كه‌ به‌ (هه‌ڵه‌بجه‌) بێت به‌ دووملیاریش هه‌رزانه‌.

*ئەدیب و نووسەر

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*