سەرەکی » ساڵۆنی کوردستانی نوێ » نه‌رمین عوسمان:ئه‌م كتێبه‌ كۆمه‌ڵێك گفتوگۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ جوان و پڕشنگداره‌كانی‌ كۆمه‌ڵێك خانم هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌گه‌شه‌كردنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا

له‌ مه‌راسیمی‌ ناساندن و واژۆكردنی‌ كتێبی‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ.... دا

نه‌رمین عوسمان:ئه‌م كتێبه‌ كۆمه‌ڵێك گفتوگۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ جوان و پڕشنگداره‌كانی‌ كۆمه‌ڵێك خانم هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌گه‌شه‌كردنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا

رۆژی‌ 15/7/2019، له‌ كافێنێتی‌ ئه‌منه‌سوره‌كه‌ له‌ سلێمانی‌ مه‌راسیمی‌ ناساندن و واژۆكردنی‌ كتێبی‌ (گفتوگۆ له‌گه‌ڵ….) بۆ ژنه‌ نووسه‌رو سیاسه‌تمه‌دار نه‌رمین عوسمان به‌ڕێوه‌چوو.
كتێبه‌كه‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ-یه‌و گفتوگۆی‌ نه‌رمین عوسمانه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ژنه‌ سیاسه‌تمه‌دارو خاوه‌ن ئه‌زموون و نووسه‌رو كه‌سایه‌تی‌ كه‌ جێده‌ستیان دیاره‌ له‌ كۆمه‌ڵگای‌ كوردیی.
له‌ كۆڕه‌كه‌دا، دوای‌ پێشكه‌شكردنی‌ چه‌ند وته‌یه‌ك له‌لایه‌ن نووسه‌رو چه‌ند ئاماده‌بوویه‌ك كتێبه‌كه‌ به‌ واژۆوی‌ نه‌رمین خان پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرا.

ئامادەکردنی: تارق کەمال
فۆتۆ: حەمە عومەر

سه‌ره‌تا خه‌له‌ف غه‌فور وته‌ی‌ به‌خێرهاتنی‌ پێشكه‌شكردو وتی‌:
زۆر سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان، ئه‌م كتێبه‌ كۆمه‌ڵێك دیداره‌ له‌ كۆمه‌ڵێك له‌و ژنانه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ چه‌ند ده‌ییه‌ی رابردودا، كتێبه‌كه‌ له‌ شێوه‌ی كۆمه‌ڵێك دیداردا له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێدا بڵاوبۆته‌وه‌، دواتریش هه‌ر كوردستانی نوێ ئه‌ركی له‌ چاپدانی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ ئێستا نه‌رمین عوسمان كه‌ ئاماده‌كاری كتێبه‌كه‌یه‌ به‌ وته‌یه‌ك باس له‌ كتێبه‌كه‌ی ده‌كات.

نه‌رمین عوسمان:
هه‌موولایه‌ك به‌خێربێن و گه‌وره‌تان كردین، ئه‌مه‌وێت باسێكی كورت له‌و كتێبه‌ بكه‌م، پاشانیش كاك ستران قسه‌ی زیاتر له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ ده‌كات، بیرۆكه‌ی ئه‌و كتێبه‌ له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ یه‌كه‌م جار دیدارێكم له‌گه‌ڵ نه‌زیره‌ ئه‌دیب كرد، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ژنه‌ كورده‌كانی خه‌ڵكی سلێمانی و بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیارن یه‌كه‌م كتێبی خواردنی داناوه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی، كه‌ هه‌موو عیراقییه‌ك له‌ ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكان له‌ ماڵه‌كه‌یدا هه‌بووه‌، وه‌ عه‌ره‌ب هه‌مووی شانازی پێوه‌ده‌كات،به‌ڵام خۆی به‌ ئه‌سڵ كورده‌و خه‌ڵكی سلێمانییه‌، دایكی یه‌كه‌م مه‌كته‌بی كچانی داناوه‌ له‌ سلێمانی، بۆیه‌ به‌هه‌ندم زانی گفتوگۆیه‌كی دوورو درێژی له‌گه‌ڵ بكه‌م، به‌داخه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ی هێناویه‌تی بۆ سلێمانی توشی جه‌ڵده‌ بووه‌و باری ته‌ندروستی جێگیر نییه‌ زۆر هه‌وڵمداوه‌ بزانم چی به‌سه‌ر هاتووه‌، ئه‌مه‌ بیرۆكه‌یه‌ك بوو سه‌ره‌تاكه‌ی به‌و گفتو گۆیه‌ ده‌ستی پێكرد ئیتر وورده‌ وورده‌ په‌ره‌ی سه‌ندو له‌گه‌ڵ كاك ستران وارێك كه‌وتین ناوه‌ ناوه‌ گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ژنێك بكه‌م كه‌ مێژوویه‌كی پڕشكۆداریان هه‌یه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌، له‌لاپه‌ڕه‌كانی كوردستانی نوێ بڵاوبكرێته‌وه‌، ئیتر ده‌ستمان كرد به‌كاره‌كه‌و هه‌ر پانزه‌ رۆژ جارێك یان زیاتر چونكه‌ خه‌ڵك هه‌بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه‌ دیداری وا هه‌بووه‌ ده‌ رۆژی خایاندووه‌ كه‌ من قسه‌م له‌گه‌ڵ كردووه‌ یان خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌نی تێدابوو توانای ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ به‌ دوورو درێژی باسی خۆی و كاره‌كانی كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ دیدار هه‌بووه‌ ده‌ رۆژی پێچووه‌،هه‌ر له‌ناو خۆشمانا ئه‌وانه‌ی كه‌ مێژووه‌كانیان باسكردووه‌ پڕبووه‌ له‌ ئازارو مه‌ینه‌تی نه‌هامه‌تی بووه‌ هه‌ر جاره‌ی له‌ دیداره‌كاندا مێژووه‌كانیان ده‌گێڕایه‌وه‌ نه‌یانده‌توانی به‌رده‌وام بن له‌به‌ر گریان،بۆیه‌ ئه‌م كتێبه‌ كۆمه‌ڵێك گفتوگۆیه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ جوان و پڕشنگداره‌كانیان هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌گه‌شه‌ كردنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌و گوێیان نه‌داوه‌ته‌ داب و نه‌ریته‌ ره‌قه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژن هه‌یه‌ له‌ كۆمه‌لگای ئێمه‌دا به‌ڵكو رێچكه‌ شكێن بوون، ئه‌م كتێبه‌ دیدارو گفتو گۆیه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌و ژنانه‌ی له‌ ساڵی 2018 كردومانه‌و گفتوگۆی ساڵی 2019 ش ده‌چێته‌ كتێبێكی تره‌وه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت هی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ رێچكه‌یان شكاندووه‌ و ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا مێژوویه‌كی جوانیان هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار ده‌ڵێن پیاو مێژوو ده‌نوسێته‌وه‌ به‌ دوو دێڕی بچووك باس له‌ ژن ده‌كات ئه‌گه‌ر ژن و كچ و كه‌سوكاره‌كه‌ی هاوكاری نه‌بوونایه‌ نه‌یده‌توانی ببێت به‌و پاڵه‌وانی مێژووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ من ئه‌مه‌وێت ئه‌و لاپه‌ڕه‌ جوانانه‌ بنوسمه‌وه‌ بۆ دونیاشه‌ با خه‌ڵك بزانی ژنی كورد چیكردووه‌، ژنی كورد كتێبه‌كانی زۆر كه‌مه‌ بۆیه‌ هانی ئه‌و ژنانه‌ش ئه‌ده‌م كه‌ ئه‌نوسن زیاتر بره‌و به‌كاره‌كانیان بده‌ن و گفتو گۆكانیش به‌رده‌وامن گویم به‌ جێگاو سنوری جوگرافی و لایه‌نی سیاسی نه‌داوه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ژنێكی كورده‌و ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ وبوونیاتنانی ئه‌م كۆمه‌ڵگا كوردیه‌ جوانه‌، هیوادارم به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ سود ببیننو بزان ژنی كورد چه‌ند نه‌هامه‌تی بینیووه‌ و چه‌ند كه‌میش باسكراوه‌ هه‌ر گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ خۆی له‌ خۆیدا چیرۆكێكه‌ ده‌رهێنه‌ره‌كانمان ده‌توانن سودی لێببینن بۆ فیلم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ زۆر گرنگه‌ سوپاسی كوردستانی نوێ ده‌كه‌م سوپاسی مه‌ودا پرێسیش ده‌كه‌م كه‌ هه‌ردوولایان ئه‌و ئه‌ركه‌یان خسته‌ سه‌رشانی خۆیان هه‌م بۆ چاپكردن و پاكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌، دووباره‌ زۆر به‌خێربێن.

پاشان، ستران عه‌بدوڵڵا سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌، وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكردو وتی‌:
هه‌موولایه‌ك به‌خێربێن سه‌رچاو…
من نامه‌وێت ئه‌و پێشه‌كییه‌ دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌ناوی كوردستانی نوێ نوسیومانه‌،به‌ڵام من به‌ناوی خۆشم و كوردستانی نوێ وه‌ سوپاسی نه‌رمین خان بكه‌م، ره‌نگه‌ زۆر كه‌س هه‌بێت هاوكاری كوردستانی نوێ بكات به‌ نووسین زۆر كه‌سیش كار بۆ كوردستانی نوێ بكات وه‌ك ئه‌ركێكی حزبی،له‌راستیا ئه‌م زنجیره‌ گفتوگۆییه‌ی نه‌رمین خان له‌هه‌موو كایه‌كان كارێكی رۆژنامه‌نوسی بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ زۆر دڵمان پێخۆشبوو هه‌م بڵاو بۆوه‌ له‌ كوردستانی نوێ هه‌م پڕكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و كه‌لێنانه‌ی به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردوو به‌سه‌ر كوردستانا هاتبوو كوردستانی نوێشی گرتۆته‌وه‌، كه‌متر توانرا كاری رۆژنامه‌نوسی بكرێـت، ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌رمین خان كردی بۆشاییه‌كی رۆژنامه‌نوسی بۆ ئێمه‌ پڕكرده‌وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و چالاكانه‌ی له‌ بواره‌كانی كورده‌واریدا له‌بوواری سیاسی فه‌رهه‌نگی له‌بوواری خه‌باتی ژنان له‌ بوواری دیموكراسیا كاریان كردووه‌،ئه‌م زنجیره‌ دیداره‌ كه‌ نه‌رمین خان سازی كردبوو ئه‌م كه‌لینه‌ی بۆ ئێمه‌ پڕ كرده‌وه‌ چونكه‌ به‌شێك له‌وانه‌ ئێمه‌ نایان ناسین به‌ڵام نه‌رمین خۆی ئه‌و كه‌یس و كه‌سانه‌ ده‌ناسی كه‌ كاری له‌گه‌ڵدا كردوون ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ له‌و بوواره‌ كاریان كردووه‌ ده‌یانناسێ ئه‌م زنجیره‌ دیداره‌ زۆر گرنگه‌ هه‌م بۆ ئێمه‌ بۆ كوردستانی نوێ چاپكردنیشی له‌ كتێبێكدا به‌شێك له‌و ئه‌دگارانه‌ی ژنانی كورد له‌ بوواره‌ جیاجیاكاندا خزمه‌تیان كردووه‌ ده‌ناسێنی وه‌ هیوادارم به‌ بوونی به‌كتێب ده‌رفه‌ت ببێت بكرێت به‌زمانی عه‌ره‌بی به‌ كتێب ئاسانتره‌ له‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ وه‌ربگێرێت به‌وه‌رگێڕانی بۆ زمانی عه‌ره‌بی به‌شێك له‌دیمه‌نی سیاسی، دیمه‌نی فه‌رهه‌نگی،دیمه‌نی تێكۆشانی ژنانی كورد له‌بوواره‌ جیاجیاكانا ئه‌بێته‌ كتێبێك بۆ ئه‌وی تری عه‌ره‌ب نه‌ته‌وه‌كانی تر ده‌زانن تێكۆشانی سیاسی جموجۆڵی كورده‌واری ته‌نها جموجۆڵی پیاوان نییه‌، به‌ڵكو ژنانیش ده‌ورێكی گرنگیان له‌م بوواره‌دا گێڕاوه‌، ئه‌م زنجیره‌ دیداره‌ی كه‌ نه‌رمین خان كردویه‌تی ئێمه‌ ده‌بێت سوپاسی بكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی خۆی ئه‌و ئه‌یتوانی به‌كۆمه‌ڵی وتار ئه‌ركه‌ر حزبێكه‌ی خۆی جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ كارێكی رۆژنامه‌نوسییه‌ كردویه‌تی دووباره‌ سوپاسی ده‌كه‌ین وه‌ ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ین هیوادارین ئێوه‌ش ئه‌و كتێبه‌تان خوێنده‌وه‌ به‌شێك له‌ مێژووی ژنانی كوردستان ببینن وه‌ هه‌م به‌شێك له‌و كاره‌ رۆژنامه‌نوسیه‌ی نه‌رمین خان كردویه‌تی ببینن، وه‌ هه‌موتان نه‌رمین خان ده‌ناسن له‌ دوو سه‌ره‌وه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی روناكبیرو رۆژنامه‌نوسه‌ به‌ڵام له‌ راستیا ئه‌م جوهده‌ی خۆی كه‌ كردویه‌تی سه‌لماندویه‌تی كه‌ كاروانه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ وه‌ نیشانی دا كه‌ ئه‌و كانیا روناكه‌ی كورده‌واری كه‌ له‌دوولاوه‌ هاتووه‌ نه‌كوژاوه‌ته‌وه‌ بووژاوه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ هیوادارم نه‌رمین خان ئه‌م ره‌وته‌ی خۆی كاری رۆژنامه‌نوسی له‌ كارێكی فه‌رهه‌نگیشدا به‌رده‌وام بكا له‌ نه‌تیجه‌یا ببێت به‌ پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌شی تیانه‌بین كوردستانی نوێشی تیانه‌بێت ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بۆ نه‌رمین ببێت و كاری باشی تیادا بكات،من یه‌ك تێبینی ده‌ڵێم له‌سه‌ر ئه‌م دیدارانه‌ نه‌رمین خان له‌ته‌مه‌نی رۆژنامه‌نوسی وسیاسی خۆیدا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س وه‌ك تیم كاری كردووه‌ ئه‌و كاته‌ی وه‌زیر بووه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقی، به‌ڵام وه‌ك رۆژنامه‌نوس به‌شێك له‌وانه‌ی دیداری له‌گه‌ڵ كردوون ئه‌و خانمانه‌ رۆژێك له‌ رۆژان نه‌رمین خۆی لێپرسراویان بووه‌، به‌ڵام لێره‌ وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك كاری كردووه‌ ره‌فتاری كردووه‌ زانیویه‌تی ئه‌م ته‌جروبه‌یه‌ ئه‌م خاتونه‌ هه‌یه‌تی شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ كاری بۆ بكرێت، بۆیه‌ وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك ئه‌و ئه‌ركه‌ی زۆر به‌ جوانی جێ به‌جێكردووه‌.


قسه‌ی كۆتاییم ده‌ڵێم ئه‌م دیدارانه‌ به‌ پێوه‌ره‌كانی رۆژنامه‌نوسی ئێمه‌ بمانكردایه‌ ئه‌بووایه‌ پاداشتی له‌سه‌ر پێشكه‌ش بكه‌ین بۆ نه‌رمین خان بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ كاری رۆژنامه‌نوسی ده‌كات، ئه‌گه‌ر پاداشتمان بكردایه‌ ده‌بوایه‌ سێ قاتی ئه‌م تێچوونه‌ ئه‌بوو كه‌ له‌م كتێبه‌یا خه‌رجكراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ به‌چاپكردنی ئه‌م كتێبه‌ كارێكی روناكبیری نییه‌ به‌ڵكو سڵاوێكه‌ له‌و جوهده‌ی نه‌رمین به‌ڵكو هه‌ر به‌ڕێزێكی كه‌ كوردستانی نوێ هاوكاری ده‌كات به‌كتێبێك چاپی ده‌كه‌ین سڵاوێكه‌ بۆ ئه‌و جوهده‌ی كردویه‌تی بۆیه‌ چاپكردنی ئه‌م كتێبه‌ هیچ منه‌تێكی تێدا نییه‌ به‌ڵكو سوپاسی ئه‌و جوهده‌یه‌ كه‌ له‌و بواره‌یه‌ سه‌رفیكردووه‌، ئه‌م كتێبه‌و چه‌ند كتێبێكی تریش له‌م چه‌نده‌ رۆژه‌یا ناساندنی بۆ ده‌كرێت، پێویسته‌ بڵێم له‌ صندوقی هاوكاری كوردستانی نوێ كه‌ كاتی خۆی رامانگرت بری خۆشه‌ویستمان دكتۆر ته‌ها ره‌سوڵ جوهدێكی باشی تیا سه‌رفكردووه‌ له‌به‌ره‌وه‌ كتێبی لێ چاپ ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌شی كه‌ عه‌رزده‌كرێت هه‌ر كه‌سیش پێی خۆشه‌ ناوی بچێته‌ ئه‌و هاوكارییه‌ی كوردستانی نوێ هاوكاریمان بكات سوپاسه‌كه‌ی به‌ دووقات باس ده‌كه‌ین وه‌ك شاباشی كورده‌واری سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ساڵۆنی کوردستانی نوێ

لەچوارچێوەی کۆڕەکانیدا، سەعات 10.30ی سەرلەبەیانی دوێنێ 15/9/2019 ساڵۆنی کوردستانی نوێ ...