سەرەکی » راپۆرت » یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانەكانی سەماوە هەڵدرایەوە

یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانەكانی سەماوە هەڵدرایەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

دوێنێ 23/7، لەبیابانەكانی سەماوە دەستكرا بەهەڵدانەوەی یەكێك لەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی، كە نزیكەی 80 رووفاتی كوردی تێدایە‌و بڕیاریشە كارەكانی هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بەكۆمەڵە دۆزراوەكانی ئەو ناوچەیە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو درێژە بكێشێت.
لەوبارەیەوە، بەختیار فەرەج بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان بەكوردستانی نوێی راگەیاند: دوێنێ، بەئامادەبوون‌و بەشداریی تیمێكی نیشتمانیی پێكهاتوو لەوەفدێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدانی هەرێم‌و دەزگای شەهیدانی عیراق‌و پزیشكی دادی بەغدا‌و ژمارەیەك رێكخراوی تایبەتمەند بەبوارەكە، یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵمان لەبیابانەكانی شاری سەماوە هەڵدایەوە، كە پێشبینی دەكرێت لەگۆڕەكەدا نزیكەی 80 رووفاتی تێدا بێت كە سەرجەمیان كوردن‌و بۆ سەردەمی ئەنفالەكان دەگەڕێتەوەو زۆربەیان ژن‌و منداڵن. وتیشی: جگە لەو گۆڕە بەكۆمەڵە دوو گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ هەر لەو شوێنە ماوە، لەڕۆژانی داهاتوودا كاری هەڵدانەوەیان بۆ دەكرێت.
ئەوەشی ئاشكراكرد كە دوای دەرهێنانیان تەواوی رووفاتەكان دەبرێنە پزیشكی دادی بەغدا‌و دواتر دەهێنرێنەوە هەرێمی كوردستان و لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا بەخاكدەسپێردرێن. وتیشی: بەپێی وتەی بەرپرسان‌و لێپرسراوانی پارێزگاكانی خوارووی عیراق، گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ لەو ناوچانە هەن‌و ئاگاداریشیان كردووینەتەوە.
هەروەها، فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی هەرێم، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە نزیكەی 2700 رووفاتی كورد لەگۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراق دەرهێنراونەتەوە‌و ژمارەیەكی زۆر زیاتریش ماون، كە بەهۆی رەوشی ئەمنی‌و پێداویستیی لۆجستییەوە، نەتوانراوە كاری دەرهێنان‌و هەڵدانەوەیان بۆ بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چەتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە کلیکی ئەم لینکە بکە