سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » هەرێم و بەغدا

هەرێم و بەغدا

وێڕای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر پەسەندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵ، تائێستاش هەرێمی كوردستان پابەندی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلە نەوتەكەی نەبووە بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ)، ئەمەش لە ناوەندە سیاسییەكانی عیراقدا مشتومڕێكی گەورەی ناوەتەوە.
هەندێك لایەن لە هەرێمی كوردستان پێیانوایە، حكومەتی فیدراڵ تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی رەوانە نەكردووە، ئەوەی نێردراوە تەنیا مووچەی فەرمانبەرانە، وێڕای قسەكردن لەسەر بڕینی مووچە و بودجەی هەرێم لە ساڵانی رابردوو كە وەك بیانوویەكی تر بۆ رادەستنەكردنی ئەو بڕە نەوتەی رێكەوتنی لەسەر كراوە، دەهێنرێتەوە.
ناكۆكییان لەم قۆناغەی ئێستادا لەنێوان هەرێم و بەغدا، تەنیا خۆیان لە بودجە و نەوتدا دەبیننەوە، كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و پشكی كورد لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی دەوڵەتی عیراقی، كەمتر قسەوباسیان لەسەر دەكرێت.
هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بە گوتەی هەندێك لە فراكسیۆنە عیراقییەكان، 600 هەزار بەرمیلە، بەڵام هیچ بڕێك لەو هەناردەیە نەخراوەتە سەر بودجەی گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا «داهاتی فرۆشتنی نەوتی بەسرە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەكرێت».
پابەندنەبوونی هەرێمی كوردستان بە یاسای بودجەی 2019، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ساڵانی رابردوو دێنێتەئارا، كاتێك هەرێم تا سەر 550 هەزار بەرمیل نەوتەكەی رادەستی (سۆمۆ) نەكرد كە ئەمیش لە هەولێر لەگەڵ عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی ئەو دەمە رێكەوتنی لەسەركرابوو.
پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان كە دەگوترێت گۆڕانكارییەكی هەمەلایەنە لە پەیوەندییەكاندا دەكات، بە تایبەت لەڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، رەنگە قازانجێكی گەورەی بۆ هەرێم و مووچەخۆرانی هەرێم ببێت، لەڕووی رەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەر بڕینی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دروستبووە.
مامەڵەی سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغدا پێویستی میانڕەوی و نەرمی نواندنە، پێویستی بە خۆگونجان و دیالۆگی زیاترە، لەپێناو دەستەبەركردنی ئەو مافانەی دەیان ساڵە خەباتیان لەپێناودا دەكرێت.
هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا دەبێت بەشێوەیەكی وردتر خوێندنەوە بۆ دۆخە ناوخۆیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بكات و لەو سۆنگەیەوە هەنگاوەكانی بەرەو ئایندە هەڵبنێت.
كابینەی نۆیەم بەپێی ئەو قسەوباسانەی لەبارەیەوە دەكرێت، رەنگە روو لە چاكسازیی بێت هەوڵ بۆ هێنانەدی ئامانجە شیاوەكان و دووبارەنەكردنەوەی هەڵەكانی رابردوو بدات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئاسایشی ئیسرائیل

بۆ پاراستنی ئاسایشی قەوارەكەی هەموو رێڕەوێك، دروست بێت یان نادروست ...