سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی ئەڵمانیا شکستی هێنا

هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی ئەڵمانیا شکستی هێنا

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە،پارتی لیبڕاڵی ئەڵمانیا کشانەوەی خۆی لە دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە ئەنگێلا مێرکل بە نیازبوو پێکی بهێنێت.

هیچ کام لەپارتەکان زۆرینەیان نەهێنا
لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەڵمانیا، کە لە ٢٤ مانگی ئەیلول ئەنجام درا، هیچ کام لەپارتەکان نەیانتوانی بگەنە ئەو ئاستەی بە تەنیا حکوومەت پێکبهێنن،لەو هەڵبژاردنە پارتی دیموکراتی کریستیان کە «ئەنگێلا مێرکل» سەرۆکایەتی دەکات، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوسۆسیالدیموکراتەکان پاشەکشێی زۆریان کرد بۆیە خۆیان لە هاوپەیمانێتی پێشوو کشاندەوەو بڕیاریاندا وەک پارتێکی موعارەزە درێژە بەخەباتی خۆیان بدەن.

شکستیان هێنا
پارتەکەی مێرکل ناچار بوو لەگەڵ هەریەک لە پارتی دیموکراتی ئازاد FDPو سەوزوGrune کەوتە گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت لەسەر چەند هێڵێکی گشتی ڕێککەوتن و هاوپەیمانی « جامایکا»یان پێکهێنا بەڵام دوای مانگێک لەو دانوستانکردن و بیروڕاگۆڕینەوە لەسەر خاڵەناکۆکەکانی نێوانیان سەرەنجام نەگەیشتنە ئەنجام و شەوی یەکشەممە «ئەنگێلا مێرکل» و سەرۆکی پارتەکانی تر نیگەرانی خۆیان لە شکستی گفتوگۆکان نیشان دابۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئەڵمانیا.

ناکۆکییه‌کانیان
بەمجۆرەهه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا توشی تەنگژە بۆتەوەو خاڵی ناكۆكی نێوان پارتەکانیش لەچەند دۆسیەیەک سەریانهەڵداوە لەوانە: دۆسیەی کۆچەران‌ویەکڕتنەوەیان لەگەڵ خاوخێزانەکانیان و گۆڕانكاری كه‌شوهه‌واو به‌كارهێنانی خەڵوزی به‌ردین وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دابینکردنی وزه‌و لابردنی باجی هاوكاری وچەند بابەتێکی تر بوون، کە بوونە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکەو پێدەچێت ئەو هەوڵانە چەند هەفتەیەکی تریش بخایەنن.

هه‌ڵبژاردنی نوێ
پێده‌چێت مێرکل هەوڵی سیناریۆی تربدات بۆ هاوپەیمانی، خۆ ئەگەر هیچیشیان سەریان نەگرت ئەوا سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێ سەرلەنوێ هەلبژاردنێکی تر بکرێتەوە، بۆئەمەش «فرەنک ڤاڵتەر شتاینمایەر»ی سەرۆکی ئەڵمانیا داوای لەلایەنەکان کردووە کە هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پێکهێنانی ئیئتیلافی حکومی و سازانێک لەنێوان خۆیان بەرنامەکانیان دروست بکەن.
پەنابەران کێشەی سەرەکین
پارتی دیموکراتی ئازاد پێشنیازی ئەوەی کردووە کە مەسەلەی هێنانی خێزانی پەنابەران بۆناو ئەڵمانیاو یەکگرتنەوەیان لەگەڵ یەکتری دوابخرێت بۆ دووساڵی تر، به‌ڵام پارتی سه‌وز و پارتەکەی مێرکل له‌دژی ئه‌و پێشنیازە وەستانەوەو دوای مشتومرێکی زۆر دیموكراتی ئازادی لەدانوستانەکان کشایەوەو كاردانه‌وه‌ی توندی به‌دوای خۆیدا هێنا،

زه‌حمه‌ته‌ حکومه‌ت به‌ته‌نها دروست بکرێت
بەهۆی ئەوەی لەو هەڵبژاردنە پارتی ڕاستڕەوی توندڕەو» ئەلتەرناتیڤ» AFD بۆیەکەم جار لەمێژووی ئەڵمانیاو لەدوای شکستی نازیەکان لە شەڕی جیهانی دوەمدا سەرلەنوێ توانیان بێنەوە ناوپەرلەمان و ٩٢ کورسی بەدەست بێنن، توانیان هاوسەنگی هێزەکان بگۆڕن‌و ئەو تەنگژەیە لەناو ئەڵمانیاو لەکاتی پێکهێنانی حکومەتدا دروست بکەن،هیچ کام لەو پارتانە ئامادە نین لەگەڵ ئەلتەرناتیڤ هاوپەیمانێتی دروست بکەن، هیچ پارتێکیش زۆرینەی نەهێناوەو دەبێ بەسێ لایەن ئیئتیلافەکە پێک بهێنن و بببنە زۆرینە، ئەم هاوپەیمانێتیەی کەپێکیشیان هێنابوو بەناوی» جامایکا» سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا.

مێرکل زۆر نیگه‌رانه‌
مێرکل زۆر داخی خوارد لەشکستی هەوڵەکانیدا، بۆیە لەبەردەم ڕۆژنامەنووسانی بەڵێنی دا کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، هەموو کارێک بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت. مێرکل ئێستا لەبەردەم هەڵوێستێکی قوڕسدایە یان دەبێت لە بەرنامەکانی خۆی هەندێک دابەزێ و خواستی پارتەکانی تر بێنێتەدی و خۆی بسازێنێت یان دەبێت هەڵبژاردن بکرێتەوەو پۆستی ڕاوێژکارێتی خۆی بخاتەوە ژێر مەترسی،بۆقۆناغی داهاتووی هەوڵەکانی پیکهێنانی حکومەت ئێستا سێ سینیاریۆ لەگۆڕیدان.

سیناریۆی یەکەم
دروستکردنەوەی هاوپەیمانێتی هاوپەیمانی دیموکراتی کریستیان CDU و پارتی سۆسیالدیموکرات SPD ە کەئەمش هەندێک قوڕسە چونکە لەسەرزاری بەرپرسانی سۆسیالدیموکراتەکان ئەوه‌ دووپات کراوەتەوە کە ناچنەوە ناو هاوپەیمانێتی لەمجۆرە.

سیناریۆی دووەم
دروستکردنی حکومەتی کەمینەیە بەهاوپەیامنێتی نێوان پارتی دیموکراتی کریستیان لەگەڵ پارتی سەوز Die Grüne یان لەگەڵ پارتی دیموکراتی ئازاد FDP لەم حاڵەتەشدا مێرکل پێویستی بە دەیان دەنگی تری پارتەکانی تری موعارەزە هەیەو ئەمەشیان ئاسان نییە.

سیناریۆی سێیەم
سازدانی هەڵبژاردنێکی تری پێشوەختەیە، کەئەمەش بەپێی دەستور ئاسان نییە، چونکە هەڵبژاردنی لەمجۆرە ناکرێت ئەگەر ڕاوێژکارێکی تر دەستنیشان نەکرێت،ئەگەر سەرۆکی ئەڵمانیای فیدڕاڵیش مێرکل ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمانیش بە زۆرینەیەکی کەم دەنگی بۆ بدات، ئەوا لەمبارەش سەرۆک دەتوانێت ناوی بنێت سەرۆکی حکومەتی کەمینەو دەشتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوەو بڕیار بدات لەماوەی دوو مانگی تردا هەڵبژاردنێکی تر سازبدرێتەوە.
ئێستاو لەم رۆژانە بەرپرسانی باڵای سیاسی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکی وڵات لە گفتوگۆیەکی تردان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک، بەشێوەییەکی دەستوری تا بتوانن لەم تەنگژەیە ڕزگاریان بێ وبەپەلەو بەکەمترین زیانی سیاسی بۆلایەنەکان کابینەی حکومەت پێک بێت.

سەرچاوە: کەناڵەکانی میدیای ئەڵمانیا

 382 جار بینراوە