سەرەکی » دۆسێ » کوردایەتی؛ هاوکاریی نێوان کوردەکان و نەخوێندنەوەی سنوورەکان لە سەردەمی جەنگ و هێدمەکاندا

کوردایەتی؛ هاوکاریی نێوان کوردەکان و نەخوێندنەوەی سنوورەکان لە سەردەمی جەنگ و هێدمەکاندا

ئەم بابەتە دەقی توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە سەبارەت بە چەمکی کوردایەتی کە لێکۆڵەر و توێژەر ویلیەم گۆرلەی لە زانکۆی مۆناش، کۆڵفیڵدی خۆرهەڵات، ئوسترالیا نووسیوێتی و هاوکارمان محەمەد حەمەساڵح تۆفیق لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و کوردستانی نوێ-ش وەک بابەتێکی بەپێز بەچەند ئەڵقەیەک بڵاوی دەکاتەوە، بەوپێیەی کە ئاماژەیەکی روونە بۆ زاڵبوونی هەستی نەتەوەیی کوردە بەسەر کورددا وەک نەتەوەیەک کە سەرباری سەپاندنی سنوورێکی دەستکرد کە نیشتمانەکەیی کردووە بە چوار بەشەوەو وەک دیفاکتۆ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراوە، بەڵام ئەو هەستە نەتەوەییە لە چرکەساتە هەستیارو مەترسیدارەکاندا ئەو سنوورانە دەبەزێنێت و کورد لە هەموو بەشەکانەوە ئەوەندەی بۆیان بڕەخسێت بەهانای یەکدییەوە دەچن.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

-1-

کورتەیەک
هێرش و پێشڕەویی داعش لە نێو ترس و تۆقینی شەڕی ناوخۆی سوریادا هێز و گوژمێکی زۆری بەرپاکرد بۆ خوڵقاندنی هاوکاری و هاوکۆیی سیاسی لە نێوان کوردەکاندا بەدەر لەو سنوورە نێودەوڵەتییانەی دابەشی کردوون. ئەم باسەی کوردایەتی Kurdayetî، لە ناسنامەی کورد و ئەو شێوازانە دەدوێت کە قەیرانە بەردەوامەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی تێدا دروست دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە نێو رووداوە پڕ تەمومژ و تێکەڵ و پێکەڵەکاندا دانیشتوانە کوردەکەی کە پێشتر دابەشکرابوون ئاوێتەبوون و هاوکاریی نێوانیان زیاتر کرد لەمدیو و ئەودیوی سنوورەکانەوە. لە باکووری سوریادا، كۆبانێ بوو بە گێژەنێک لە هیوا و ئاوات و ترس و دڵەڕاوکێی کورد و لەهەمان کاتدا بوو بە خاڵی کۆکەرەوە و پێشمەرگە لە کوردستانی عیراقەوە بەسەر تورکیادا دەڕۆیشتنە ئەوێ بۆ یارمەتیدان لە سووککردنی گەمارۆی داعش بۆ شارەکە. هاوزەمانیش گرووپە سیاسییە کوردەکان و بەتایبەتی پارتی یەکێتیی دیموکراتی لە سوریا پەیەدە PYD و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی ستراتیجییان دەستەبەر کردبوو، کە ئەمەش لە هەندێ ناوەنددا هیوا و چاوەڕوانیی هەل و دەرفەتی زیاتری سەربەخۆیی لێدەکرا. هەروەها هێزە سەربازییەکانی کورد دانپێدانانی نێودەوڵەتی و (هەندێ پشتگیریی لۆجستیکیشیان) بەدەستهێنا بۆ ئەو رۆڵە گرنگەی کە گێڕایان لە بەگژداچوونەوەی داعشدا. بەڵام ئەمە بە رۆڵی خۆی بوو بە هۆی زیادبوونی مەترسی لە ناو وڵاتانی ناوچەکەدا و لە سەرووی هەمووشیانەوە تورکیا، کە بە شێوەیەکی نەریتی هەمیشە بەسڵە و لەپارێزدایە بۆ هەر پێشکەوتنێکی سیاسیی کورد. ئەم باسە ئەو زانیارییە ئیتنۆگرافییانە لەخۆدەگرێت کە لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015 لە دياربەكر و ئیستانبوڵ کۆکراونەتەوە، بۆ شیکاریی ئەو هێز و گوڕەی لە هاوکاری و بڕوابەخۆبوون و سووربوونی سیاسییەدا لەناو کوردەکاندا هاتووەتە ئاراوە و روو لەزیادبوونە.
وشە کلیلەکان لەم باسەدا: ناسنامە، داعش، پرسی کورد، کورد، سوریا، تورکیا.
کوردەکان بەوە ناوبانگیان رۆیشتووە کە گەلێکی دابەشکراون و داستانگێڕەوەی مەم و زین وای دەلاوێنێتەوە کەوا کورد سروشتیان «نایەکگرتوو و هەمیشە یاخین»1. پەندێک هەیە کە زۆر دووبارە دەبێتەوە وەک رەنگدانەوەی ناڕێکیی سیاسیی کورد و دەڵێت «ئەگەر کەڵەشێر لە ئاواییدا زۆر بوو خەڵکی درەنگ خەبەریان دەبێتەوە». کوردەکان کە چەندین سەدەیە لە باکووری میزۆپۆتامیادا دەژین، لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمدا لە نێوان ئێران و ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا دابەشکران. دواتر لە پاش چوار سەدە و کاتێ کە بەریتانیا و فەرەنسای سەرکەوتوو لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا خاکی دەوڵەتی عوسمانییان دابەشکرد، کوردەکان هیچ مافێکیان پێنەدرا و دەوڵەتیان بۆ دروست نەکرا و بگرە کوردستان، کە خاکی مێژووییان بوو بە سەر سێ دەوڵەتی نوێی عیراق و سوریا و تورکیادا بەشکرا، بە جۆرێک کەوا کوردەکان بوون بە کەمینەیەکی ئیتنیکی لە هەر دەوڵەتێکیاندا و بەهەمان شێوە لە ئێرانیشدا. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستەمەوە گەلێ لە زانا و توێژەران سروشت و پتەویی ناسنامەی کوردیان لێکداوەتەوە و لەم رووەوە دێڤید ماکدواڵ تێبینیی ئەوە دەکات کە مێژووی نوێی کورد دوو جۆر تایبەتمەندیی هەیە لە خەبات و تێکۆشانیدا، یەکەمیان دژی حکومەتی ئەو دوڵەتە نەتەوەییانەیە کەوا گەلانی کوردیان تێدا دەژی و دووەمیش بۆ هێنانەدی هەست و هۆشێکی پتەوە بە کۆمەڵگە و میللەت لەناوخۆیدا2.
بێجگە لەوەش، هاكان ياڤوز چەندوچوون لەسەر ئەوە دەکات کە دابەشبوونی ناوچەیی و ئاینی و زمان رێگە لە پەیدابوونی ئەوە دەگرێت کە پێیدەوترێت «ناسنامەی کوردیی پڕ و تەواو»3. بەڵام بەپێچەوانەوە، كەنداڵ نەزان، لە کۆنفرانسێکی پان – کوردیزمدا ساڵی 1990، باس لە پابەندبوون بە خولیای نەتەوەیی دەکات سەرباری <دابڕانی تەواو> و نەبوونی پەیوەندی و مەودای دووری نێوان خاک و ناوچەکانیان. هەروەها پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کەوا «کوردبوونت بە مانای هاوبەشیت دێت لە هەمان ئەو ناسنامە کولتووری و فەرهەنگییەی کەوا چەندین سەدەی مێژوو گەڵاڵەی کردووە»4.
ئەم باسوخواسە وێناکردنی کەنداڵ نەزان پەرەپێدەدات لەبارەی هاوبەشییەکی کوردانەی ناسنامەی کولتووری و فەرهەنگییەوە بۆ لێکدانەوە و تاوتوێ کردنی ئایدیای کوردایەتی و ناسنامەی پان – کوردیزم و یەکگرتوویی و مەودای ئەمانە روون و دیارە لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی کورددا. کەچی هەندێ جار وا چاو لە كوردايەتی دەکرێت کە شێوەیەکە لە ناسیۆنالیزمی کوردی کە خولیا و ئارەزووی دامەزراندنی نیشتمانێکی سەربەخۆی هەیە بۆ کورد5 بەڵام من دەیخەمە شوێنێکی تر و بە فۆرمێکی ناسنامەی سیاسیی هاوبەشی دادەنێم، کە سنوورەکان دەبەزێنێت و بە زەروورەت لەسەر داواکاریی هەرێمایەتی ناوەستێت و بەڵکو پێدەچێت فۆرمێکی سەرمایەی سیاسی بێت بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیی کورد و پشتگیریی داواکارییە سیاسییەکانی لە بارودۆخی ستراتیجیی ئاڵۆزی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا.
من لەم نووسینەمدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرم کەوا كوردايەتی روونتر خۆی فۆرمەڵە دەکات و بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا و لە نێو قەیران و شۆکی شەڕی ناوخۆی سوریادا و لە کاتی پەیدابووون و دەرکەوتنی ئەوەی کە پێیدەوترێت «دەوڵەتی ئیسلامی لە شام و عیراق» یان داعش (ISIL) لە ساڵی 2014 دا و هەوڵیدا ئەو خاکە داگیر بکات کە ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا بوو. لێرە بەدواوە کوردایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد و کۆمەڵگە کوردییەکان لە سەرانسەری تورکیا و سوریا و عیراقدا کەوتنە هەماهەنگی و هاوکاری کردنی یەکتر بۆ پاراستنی خۆیان لەم هەڕەشە سەربازییانە. ئەڵبەتە هەستکردن بە هاوکاریی یەکتر لە پشت سنوورەکانەوە بەهێزتر و پتەوتر بوو کاتێ کوردەکان لەوە ئاگادار بوونەوە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکانی تێیدا دەژین ئارەزووی پارێزگارییان ناکەن لەڕووی فیزیکییەوە و بەرژەوەندیی کوردیان فەرامۆش کردووە. باسەکە لە ئایدیای کوردەواری دەدوێت، هەر لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنیەوە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە و بە شێوەیەکی تایبەتیش تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی شەڕی دژ بە داعش و شەڕی کۆبانی لە باکووری سوریا. هەروەها بابەتەکە ئەو داتا و زانیارییانە لەخۆدەگرێت کە لە ناو کۆمەڵگە کوردییەکانی ئەستەمبووڵ و دیاربەکردا کۆکراونەتەوە لە ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری 2014 و مايس و حوزێرانی 2015 دا.
كوردايتی، وەک شێوەیەک لە شێوەکانی ناسنامەی بەکۆمەڵ، جێگیر نیە یان لەخۆڕا قابیلی تێگەیشتن نیە لەئاستی جیهاندا6، بەڵکو ئەویش وەک رەگەز (ئیتنیک) و گەل و نەتەوە کاریگەریی گوتار و هێزە سیاسییەکان و «رووداوە کوتوپڕەکانی» لەسەرە و چوارچێوەی ئەو کاریگەریانەش وەردەگرێت7 و بەو پێیەش باسەکە تاوتوێی ئەو «رووداوە کوتوپڕانە» دەکات کە بووە بە هاندەر و مایەی سەرهەڵدانی کوردایەتی وەک شێوەیەک لە شێوەکانی هاوکاری و بە توندی جەختکردنەوە لەسەر ناسنامە. ئاخۆ ئەو رووداوانە چیبوون و بۆچی و چۆن هاندەری هەماهەنگی و هاوکاری بوون؟ ئەی چۆن گەڵاڵەی کوردایەتییان کردووە؟ هەروەها بابەتەکە لە شوێنەواری جیۆستراتیجیی هەڵکشانی هەست و هۆشی کوردی دەدوێت سەبارەت بە هاوکۆیی و هاوکاریی کورد بەدەر لەو سنوورە سیاسییانەی لێکتری دابڕیون. ئاخۆ ئاسەواری ئەمە چیە بۆ دانیشتوانی کورد و یاریکەرە هەرێمییەکانی تر؟ من وای بۆ دەچم کە قەیرانەکان لەو ژینگە ستراتیجییە ئاڵۆزەدا بووە بە هاندەری کوردەکان بۆ ئەوەی هاوکاریی بکەن یەکتر بکەن وەک کاردانەوەیەکی بەرگریکارانە بەڵام لە هەمان کاتدا هەل و دەرفەتی ئەوەشی خوڵقاندووە بۆ ئەوەی کوردەکان هاوکاریی یەکتر بکەن و سوودیشیان لێبینی و بەو پێیەش سەرنج و شەرعییەتی نێودەوڵەتییان بۆ خۆیان دەستەبەر کرد و ئەمەش بە رۆڵی خۆی دەبێتە هاندەری کوردەکان خۆیان کە شانازیی بە ناسنامەی نەتەوەیی کوردیی خۆیانەوە بکەن.

باوەڕبوون بە ناسنامەی گروپ و هاوکاری کردنی یەکتر
مارتن ڤان برونەسن دەڵێت کەوا لە توركيای سنوور و پێوەرێکی قبووڵکراو نیە کەوا کۆدەنگیی لەسەر بێت و کوردبوون دیاری بکات، لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان هەستێکی توند دەکەن بە جیاکاریی رەگەزی8. بە هەمان شێوە ئەمە بە سەر ئەو کوردانەشدا دەسەپێت کە لە ئێران و عیراق و سوریا چاوم پێیان کەوتووە دان بە جیاکاریدا دەنێن، بەڵام بە شکۆ و شانازییەوە جەخت لەسەر کوردبوونی خۆیان دەکەنەوە بەو پێیەی ناسنامەیەکی هاوبەشیانە و سنوورەکان دەبەزێنن. تۆماس هايلاند ئەريكسن مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کەوا ناسنامە لە میانەی دوو پرۆسەی یەکتر تەواوکەردا دروستدەبێتت. یەکەمیان، هەستێکی «ئێمە we» لە میانەی پشت بەیەکتر بەستن و کۆکبوونی ناوخۆیی دروست دەبێت کەوا ئەوەی ئێمە دەیکەین و لەگەڵ ئەونیتردا هاوبەشین ئەوە دیاری دەکات کە ئێمە کێین وەک میللەت. دووەمیان، هەستکردن بە «خۆمان us» بە دژواری لەگەڵ ئەویتر دروستدەبێت9. لێرەدا، ئەویتر بە شێوەیەکی جیاواز لەوان تەماشای «خۆمان» دەکات و ئەگەر هەڕەشەیەک یان کێبەرکێیەکی دۆزییەوە ئەوە هەوڵی دەستدرێژییەک بۆ سەرمان یان پەلامارمان دەدات. هەردوو ئەم میکانیزمانە لە کوردایەتیدا کاردەکەن ئەگەر کوردەکان تیشک بخەنە سەر مەسەلە هاوبەشەکانیان و جەخت لەسەر ئەوە بکەن کە «ئێمە»ی کورد، بە گوێرەی ئەم باسە، کاردانەوەمان دەبێت بۆ هێزە دەرەکییەکان و تیشک دەخەینە سەر ئەو گوشارەی دەکەوێتە سەر «خۆمان» کە کوردین.
دیاریکردنی ئێریکسن بۆ ئەو رۆڵەی «ئێمەمانان we-ness» دەیگێڕین لە پێکهێنانی ناسنامەدا لەگەڵ توخمەکانی ئەنتۆنی سمیسدا بۆ پێناسە کردنی گروپێکی ئیتنیکی وەک ناوێکی گونجاوی بەکۆمەڵی هاوبەش، ئەفسانەی بنەچە و ریشەی هاوبەش، یادەوەرییە هاوبەشەکان، فەرهەنگ و کولتووری هاوبەش، نیشتمان و هەستی یەکگرتن و کۆکبوون وێکدێتەوە10. هەموو ئەمانە کەرتی گەورە گەورەی دانیشتوانی دەستنیشانکراو تێیدا هاوبەشن، کە هاوبەشییەکە ئەوە دیاری دەکات کەوا «ئێمە» کێین. هەروەها «خۆمانەیی us – ness» کەی ئێریکسن لە گەلێک لەم نموونانەدا سەرهەڵدەدات و بەتایبەتی لە یادەوەرییە مێژووییە هاوبەشەکاندا و لەو نموونانەشدا کە ئەویتر شەڕ لەدژی «خۆمانus « دەکەن.
لە بارودۆخی لەم چەشنەدا کە سمیس بە شێوەیەکی تایبەت جەختی لەسەر دەکات هاوکاری و هاوکۆیی کاریگەر و بەهێزە. ئەو «خۆمانەی us» کە لە بەردەمی هێرش و پەلاماردایە دەبێت خۆبکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی، ناسنامەی بەکۆمەڵ و کاری هاوبەش کە دەکرێت دواتر جێبەجێ بکرێت و پێویست دەبێت بۆ خۆلادان لە هەڕەشە دەرەکییەکان.
سميس درک بەوە دەکات کە خاسییەتی جیاکاری ناسنامە نەژادییەکەی کاریگەرییان بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت. بەهەمان شێوە رۆجەرز بروبەیکەر مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کەوا «گرووپ بەندی» یان پێناسەی کۆمەڵگەیی «جێگیر نیيە و دەگۆڕێت و چاوەڕونکراو نیە» و بەم پێیە دەکرێت وا لە «گرووپبەندی» بگەین کە «قۆناخی نائاسایی یەکگرتنە و ساتەوەختی چڕی هاوکۆیی کۆمەڵایەتییە و … بواری ئەوەمان دەدات کە وەک «رووداوێک» مامەڵە لە تەک گروپبەندیدا بکەین و ئەمەش مەسەلەیەکە روودەدات11. واتە پێناسە و دیاریکردنی کۆمەڵگەیی چڕ بچڕبچڕە و تەنها لە کاتی تایبەت و دیاریکراودا دەردەکەوێت. بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەم مەسەلەیە، رەنگە بڵێین کە «گرووپبەندی» رووداوەکان پاڵنەریانن یان دروستی دەکەن بە ئەندازەی ئەوەی خۆیان لە خۆیاندا رووداو بن و ئەمانە دەبێت رووداوگەلێک بن کە ببنە هۆکاری ئەم «یەکگرتنە نائاساییە» و ئەم «هاوکۆییە بەچڕی هەستپێکراوە». ئەمانە لەلایەن گروپ و هێزە دەرەکییەکانەوە دەسەپێنرێن، وەک لە بنەما و رێساکانی جۆرج سیممێڵدا هاتووە و دەڵێت کەوا یەکگرتنی پتەوی ناوخۆیی گروپێک بەستراوە بە رادەی ئەو گوشارە دەرەکییەوە کە دەکەوێتە سەر گروپەکە12.

پەراوێزەکانی بەشی یەکەم:
1. Ahmed Khani (2008), Mem and Zin, S. Saadalla (trans) (Istanbul: Avesta), p. 31. – ئەحمەدی خانی «مەم و زین»…..
2. David McDowall (2004), A Modern History of the Kurds (London: I. B. Tauris), p. 1.- دێڤید ماکدواڵ «مێژووی نوێی کوردەکان»…
3. M. Hakan Yavuz (2005) Kurdish nationalism in Turkey, in Maya Shatzmiller (ed.) Nationalism and Minority Identities in Islamic Societies (Montreal: McGill-Queen’s University Press), pp. 229 – 262.
– م. هاکان یاووز «ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیا»، لە کتێبی مایا شاتزمیڵەر «ناسیۆنالیزم و ناسنامەی کەمینەکان لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا»…..
4. Kendal Nezan (1996) The Kurds: Current Position and Historical Background in Philip Kreyenbroek & Christine Allison (eds) Kurdish Culture and Identity (London: Zed Books), pp. 7 – 19.
– کەنداڵ نەزان «کوردەکان:پێگەی ئێستا و باکگراوندی مێژوویی»، لە فیلیپ کرەینبرۆک و کریستین ئەڵیسن «کولتوور و ناسنامەی کورد» ….
5. Michael Gunter (2011) Historical Dictionary of the Kurds (Lanham, Maryland: Scarecrow Press), p. 170. – میشێڵ گونتەر»فەرهەنگی مێژوویی کورد»…..
6. Stuart Hall (1996) Who Needs ‘Identity’? in S. Hall & Paul du Gay (eds) Questions of Cultural Identity (London: Sage), pp. 1 – 17.
– ستیوارت هۆڵ «کێ پێویستی بە <ناسنامەیە>؟» لە س،هۆڵ و پۆڵ دو گەی «پرسەکانی ناسنامەی کولتووری»….
7. Rogers Brubaker (2004) Ethnicity without Groups (Cambridge, MA: Harvard University Press), pp. 11 – 12.- رۆجەرز بروبەیکەر «رەگەز یان نەژادێتیی بێ گرووپ»….
8. Martin van Bruinessen (1989) The Ethnic Identity of Kurds in Turkey, in Peter Andrews (ed.) Ethnic Groups in the Republic of Turkey (Wiesbaden: Reichert Verlag), pp. 613 – 621.- مارتن ڤان برونەسن «ناسنامەی نەژادیی کوردەکان لە تورکیادا»، لە پیتەر ئەندروز «گرووپە نەژادییەکان لە کۆماری تورکیادا»….
9. Thomas Hylland Eriksen (1995) We and Us: Two Modes of Group identification, Journal of Peace Research, 32(4), pp. 427 – 436.
– تۆماس هایلاند ئێریکسن «ئێمە و خۆمان: دوو مۆدێلی پێناسە و دەسنیشان کردنی گرووپ»…..
10. Anthony Smith (1991) National Identity (London: Penguin), p. 21.
– ئەنتۆنی سمیس «ناسنامەی نەتەوەیی یان نیشتمانی»….
11. R. Brubaker (2004) Ethnicity Without Groups (Cambridge: Harvard University Press), p. 12. – ر. بروبەیکەر «نەژادی بە بێ گرووپ»….
12. T. H. Eriksen (2004) What is Anthropology? (London: Pluto Press), p. 164. – ت. هێ. ئێریکسن «ئەنترۆپۆڵۆجی چیە؟»…

 989 جار بینراوە