سەرەکی » دۆسێ » دەورانی سێیەمی حکومەتی مەلیك مەحمود لە کوردستانپەڕە 3

دەورانی سێیەمی حکومەتی مەلیك مەحمود لە کوردستان

م. شێخ فوئاد به‌رزنجی

پێش ئەوەی دەست بە دەورانی سێیەم بکەین دەتوانین بەهۆی بەڵگەنامەی پێنجەم (ئاگاداری بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی) لەکتێبی پەیوەندیەکانی شۆڕشی شێخ مەحمود بەکەمالیەکانەوە، لەبەڵگە نامە نهێنیەکاندا لاپەڕە 81-82 بخەینەڕوو: لەسەر فەرمانی جەنابی مەندوبی سامی دەستبەجێ لەڕێگای کەرکوکەوە شێخ مەحمود بچێت بۆ بەغداد ئیدارەی لیواکەش بەشێوەیەکی کاتی بدرێتە دەست قایمقامەکان و بەڕێوبەری ناحیەکان بۆ بەڕێوەبردنی.
لێرەدا مەبەستی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕوون دەبێتەوە، کە داواکەیان لەشێخ مەحمود، بۆ ئەوەبوو، کەلەڕێگای کەرکوکەوە بچێت بۆ بەغداد، تاوەكو سەربازانی لیڤی لەناوچەی چەمچەماڵەوە تاوەکو دەگات بەکەرکوك، پڕی کردبوو لەو سەربازانە، کەدوژمنی شێخ مەحمود بوون، لەفرسەت دەگەڕان بۆ تۆڵە سەندنەوە لێی، تا لەو ڕێگایەوە بیخەنە داوەوە.
شێخ مەحمود هەر لەسەرەتاوە لەو چوونەی دوودڵ بووەو کەسانی دەوروپشتی ڕۆڵیان لەو نەچوونەیدا هەبووە. شێخ مەحمود بۆ ئەوەی ساردیی لێنەکەوێتەوە، چەندجارێك بەنامەوە شێخ عەبدولکەریمی سەربەخۆیان، بۆ لای ئەوان ناردوە، تاشوێنی دانشتنەکە بگۆڕن، ئەوان هەرسوربوون، وەك دیارە لە (24و25/2/1923)ماوەکەی پێنج ڕۆژیان بۆ داناوە وەك (ڕەفیق حیلمی) لەیاداشتدا لەلاپەڕە 72دا باسی دەکات، کە خۆی و ئەندامانی ئەنجومەن ئه‌گەر نەچوون بۆکەرکوك بەرهەڕەشە دەکەون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زمانی وتو وێژ بۆهەڕەشە گۆڕاوە، تا لەو ڕێگەیەوە بەخواستی خۆیان بگەن، کەتەنیا خزمەت بەبەرژەوەندیان و عێراقی نوێ بکەن، کە خوازیاربوون عێراق بە هیندستانەوە ببەستنەوە، وە بیرە نەوتەکان بخەنە خزمەتی بەرژەوەندیەکانیان بۆ بوژانەوەی ئابوریان. بەڵگەش ئەو بۆمبایانەبوو کەفڕێیان داوەتەوە دەرەوەی شار.
لەم سەرو بەندەدا (10) ئەفسەری لەشکری کورد: عیزەتی تۆپچی و ئەمین ڕەواندزی وعەلی و عەزیز کوردی و ڕەشید شەوقی، عەزیز حیکمەت قەزاز و مەجید نوراش و نوری بەگ وفایەق کاکەمین وخالید سەعید یەکیان گرت کەداوا لەشێخ مەحمود بکەن لەحکومەتی تورك بکشێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێك توركخواز لەدەوری شێخ مەحمود بوون سەری نەگرت وەكو (سدیق ساڵح) لەکتێبەکەیدا ئاماژەی بەم سەرچاوەیەکردوە، کەدەڵێت: لە بەسەرهاتووی کاکە ڕه‌شید شەوقی((سەرگوزشتە)) لەلاپەڕە 49دا باسی دەکات کە دەستنووسە.
لە 23ی مارتی 1923دا بابەکر ئاغای پشدەری ناردە لای نامەیەکی بۆ ناردن هەتامەرجی خۆیان بۆ بەرقەرار کردنی ئاشتی ڕوونبکەنەوە، بەڵام ئەوان هەرپێیان لەسەرچوونی شێخ مەحمود بۆ بەغداد کردەوە. ئەدمۆندس لە (کرد ترك عرب) دا ل 269 باسی دەکات.
له‌ 8/5/1923 فڕۆکەکانی ئینگلیز کە جاری دووەم بوو بەیاننامەیان بەسەر شاری سلێمانی و قەزاکاندا بەردایەوە، سەبارەت بەوەی کە حکومەت نیازێتی سلێمانی بگرێتەوە. لە 23/3/1923 جاری یەکەم وەك محەمەد هاوار ڕەسوڵ لە شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستاندا لاپەڕە 495-496 ئاماژەی پێکردوە.
لەبەیاننامەکەدا واهاتبوو کەنابێ کەس لەڕووی لەشکری ئینگلیزەکاندا بوەستێ، ئەوەی بوەستێ سزای قورس دەدرێت. مەندوبی سامی واتە ئینگلیزەکان وحکومەتی عێراق ڕایان جیاواز بوو، هێزی دوبس پێی وابوو ئەگەر شێخ ئازاد بێت ئیدارەی سلێمانی ئۆقرەی نابێ و سەرناگرێ، بۆیە ئەگەر نەکوژرێت یان دیل نەکرێ باشترە لەگەڵیدا ڕێكبکەون. عێراقیش ئەوەی بیرچووبوو کەلە (21/12/1922) دانیان نابوو بەمافی کوردا، بۆیە سووربوون لەسەر ئەوەی سلێمانی بەبەغداوە ببەستنەوە، واتە عێراق دەبێت بەکوردو عەرەبەوە لەچوارچێوەیەکدا بێت. کە ئیدمۆندس لە (کرد ترك عرب) لەلاپەڕە269 باسی کردوە.
لە 10/5/1923 جارێکی تر شێخ مەحمود ساڵح زەکی ساحبقڕانی ناردە کۆیەو لەوێوە بردیانە بەغدا، بەڵام هەرداوای ئەوەیان کرد یان شێخ مەحمود بچێتە بەغدا، یان بچێتە لای ئەوهێزەی کەپەلاماری سلێمانی دەدا، بەڵام شێخ مەحمود هەر ملی نەدا کە وەك ولید حمدی لەکتێبی(الکرد والکردستان فی الوثائق البریطانیة) لەلاپەڕە170-171دا باسی کردوە.
(14/5/1923) هێزی ئینگلیزەکان گەیشتە چەمچەماڵ. شێخ مەحمود هێشتا لەجاسەنە بوو، عەشرەتێکی زۆری لەگەڵ نەکەوتبوو، واتە هێزەکەی زۆر گەورە نەبوو کەویستویەتی لەتاسڵوجە ڕێ بەهێزەکەی ئینگلیز بگرێت. وە نەمان دەزانی ئاخۆ ورەی چەکدارەکانی هێندە بەرزە، بەڵگەمان لانەبوو. ڕۆژی دوایی لەچەمچەماڵ، ئەمینی ڕەشید ئاغا لە تایەفەی بەگزادەکان دۆستی ساڵی 1919 لەگەڵ مشیر ئاغای بەگزادە ڕاپۆرتی هەوایی ئێمەیان دەربارەی نەگرتنی دەربەندی بازیان بەڕاست گەیاند، بەم جۆرە (وینسنت) هەرئەو کاتە بڕیاریدا بەرەو خانەقای کاك ئەحمەد بچێتە پێش، گوندێك هەبوو لە پێش دوو هێزەکە دوای ئەم گوندە دەگەنە (کەندیکەوە) پێش سلێمانی. شێخ مەحمود لەدوو ڕۆژ پێش ئەمەدا لەنامەیەکدا کەڕۆژی 14/5/1923 بۆفەرماندەی هێزەکەی ئینگلیزی نوسیبوو، کەهەوڵ نەدەن بەرەو چەمچەماڵ بێن، لەنامەکەدا کەلە کەندیکەوە دەگاتە دەستی هێزەکانی ئینگلیز سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە شێخ مەحمود بۆخۆی لەجاسەنەوە دێت بەرەو سلێمانی بەو هیوایەی ڕێ لەهێزەکە بگرێت، بەڵام ئاگاداریان کردبوو، یا بۆخۆی بینیبووی کە هەموو سەرباسك و ناوچەکە گیراوە، شێخ مەحمود گەڕابۆوە، گووتبوی لەشێخ باخەوە بۆماوەت پاشەکشە بکەن، کە ئەوەش هەوڵ بوو کەشێخ مەحمود بچێت بۆ ئێران. وەك ئیدمۆندز دەڵێت لە (کرد ترك عرب) دا لەلاپەڕە 364 دا.
لەهەماکاتدا بروسکەیەکی بۆ هەموو باڵوێزی بیانی ناردە تاران وناڕەزایی تێدا دەربڕی دژی چەوساندنەوەو سەرکوتکاری ئینگلیز وداوای لێکردن یارمەتی بدەن.
لە 15/5/1923 شێخ مەحمود جاسەنەی چۆڵکرد، دواجار لەدێی برنجەی هەورامان گرسایەوە کە ولید حمدی لە (الوثائق البریطانیة) دا ل 170-171 دا لەگەڵ ئه‌حمه‌د خواجە/ چیم دی لە لاپەڕە 33-36دا باسیان کردوە.
(16/3/1923) هێزی ئینگلیز ئەدمۆنس دەیگێڕێتەوە کە ڕوژێك پێشتر لە 15/3/1923 لەپەیامێکدا بڵاومان کردبۆوە بەسەر شاری سلێمانیدا، کە گەورە پیاوان بێنە سەرچنار، بەڵام هەر ئەدمۆندس دەڵێت وینسنت منی نیگەران کرد گوتی: خەڵکی سورداش، مەرگە، شیلانە، لەهێرشکردنە سەرهێزی ئینگلیز لەکاروانی ڕانیەدا لەمانگی ئەپریڵیشدا لەوبەری ڕووبار تەقەیان لەکاروانی کۆیە کردوە، بۆیە تەنها شەوێك لەسەرچنار دەمێنینەوە، بێگومان ئینگلیزەکان ویستویانە بەرەو ڕەواندز بچن، لەڕانیەوە ئەدمۆندس دەڵێ: بەڵام کارێکی وا ئاسان نەبوو، دوور لەو ڕێگایەی شێخ مەحمود گرتبوویە بەر، لەکاتێکدا کەڕێگای کاروانی هێزی ئینگلیز گۆڕاوە بەرەو ڕەواندز دەکەونە ڕێ. لەگەڵ بۆچوونی من نەدەهاتەوە، لەوەی کەبەکردەوە هەنگاوێك بۆ دامەزراندنەوەی سەرلەنوێ دەزگای ئیداری لەناوەندی پارێزگا ئەنجام درابێ. چی دەکرا فەرمانە دەبێ بەڕێوە بچێ. واتە تازە دەبێ بەرەو ڕەواندز هێزەکەیان بەرن. بۆیە دەڵێت: لەگەڵ گەورە پیاوانی شارو جێ بەجێکردنی هێندێك کاری پێویست تاگەڕانەوەی کاروان چوومە سلێمانی، واته ‌(28/5/1923)، بەڕێوه‌بەرایەتی پۆلیسم خستەوەکار لەژێر فەرمانی سەرۆکی پۆلیسی پێشوودا، بەلێپرسراوی شارەوانیم گووت: لەسەرکاری خۆی بێت. ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لەسەر هەموو دەزگا ئیداریەکان، شێخ قادرم کردە بەرپرسی ئاسایشی گشتی، ئەم کارانەش ئەدمۆندس لەخوێندنگەی ناوەندیدا ئەنجامی داوە ساڵی 1919 ناوەندی سیاسی ئێمە بوو، شێخ مەحمود کردبوویە نوسینگەی خۆی. ئەدمۆندس لە(کورد تورك عەرەب)داکە حامید گەوهەری وەریگێڕاوە بۆکوردی لە لاپەڕە 400-402 باسی کردوە.
29/5/1923(عبدالمحسین السعدون) ی سەر وەزیر و سەبیح نەشئەتی ئەمینداری پایتەختی عێراق وکورنوالیس ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ بەفڕۆکە هاتنە سلێمانی بۆدامەزراندنی لیوایەك کەلەڕووی کارگێڕیەوە بیخه‌نەوە سەرعێراق. بەڵام لەگەڵ گەورەپیاوانی شارو سەرانی کورد کۆبوونەوە بۆیان دەرکەوت کوردی سلێمانی نایانەوێ حکومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا هەبێت. بۆیە بڕیاریاندا بمێننەوە تا چارەسەرێك بدۆزنەوه.‌
(2/6/1923) پێشنیاری کرد ئەنجومەنێکی ئیداری کوردی بەسەرۆکایەتی گەورەیەکی شار کەمەندوبی سامی و مەلیك فەیسەڵ بەدڵیان بێت دابمەزرێنێت، بەمەرجێ کوردی زمانی ڕەسمی لیواو سلێمانیش لیوایەکی عێراق بێت. باج و داهات بۆ لیوا خەرج بکرێت. نوێنەرانی لیواش بنێردرێنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بۆیان هەبێت سوێندی لایەنگری و دڵسۆزی بۆمەلیك فەیسەڵ نەخۆن. لایەنی کوردی کەپێشنیارەکەیان بەرچاوخرا.
لەڕۆژی3/6/1923 بڕیاری پەسەند کردنیان دا بەو مەرجەی بەقەد هێزەکانی ئەو کاتە ئەوان هێزێك هێندەی ئەوان لەشاردا بمێنێتەوە تا ئاسایش و نیزام بەرقەرار دەبن، مەندوبی سامی بەو مانەوەی ئەو هێزانە ڕازی نەبوو، چونکە بەریتانیا دوپاتی کەم کردنەوەی هێزەکانی لەعێراقدا دابوو کەبکرێتە شەش فەوج.
لە4/6/1923 وەفدەکە گەڕایەوە بۆ بەغداد، هیچ ڕێگەچارەی بۆنەدۆزرایەوە. کە ئەمە ولید حمدی لە کتێبی (الکردستان فی الوثائق البریطانیة) دا كە 1991 لە لەندەن چاپی کردوە لەلاپەڕە 258؛ سیسیل جون ئەدمۆندز، کە حامید گەوهەری وەریگێڕاوە لەلاپەڕە 407-408 ئەمەیان باسکردوە.
(10/6/1923) لەم هەل و مەرجەدا شێخ مەحمود مەزبەتەیەکی بەئیمزای خۆی و سەعید کەریم و ڕەزا بەگ و عەبدولکریم حاجی ڕەسول وکۆمەڵێکی تردا نارد بۆ ڕوسیا. کەجلیل جەلیل و الاخرون: الحركة الكردیة فی العصر الحدیث، لەلاپەڕە 125دا باسی کردوە. ئەمەش ئەو سیاسەتەیە بە (جیوپۆلەتیك) ناسراوە، واتە هەوڵیداوە لەدەرەوە سیاسەت بکات و خۆی لەسیاسەتی جیهانیدا بکاتە ڕاستی و واقیع.
لەلاپەڕە 408-409دا چاپی سێ کە حامید گەوهەری وەریگێڕاوە، ئەدمۆندس دەڵێت: لەدوا دیدارەکانمدا لەبەغدا هەوڵمدا ڕای بەرپرسان بۆ پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەکراوە ڕاکێشم کەپێشتر نوسیبووم، لەوەدا پێشنیازم کردبوو لەکاتی پێویستدا ناوچەکانی نزیك بەکەرکوك و هەولێر لەلایەن ئەو دوو ناوەندەوە سەرپەرشتی بکرێن، سلێمانی چۆڵبکرێتەوە، ببێتە قەزایەکی ناوەندی کە گەڵاڵەکەم پەسەندکرا لەگەڵ ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ و شێخ قادر قسەم کرد، ئەوان وتیان ئەوە کارێکی هەرە باشە کەدەتوانن بیکەن وتەنانەت گوتیان گەر پارەی پێویست بۆ دامەزراندنی 350موچەخۆر دابین بکرێ و بیدەن بەئەوان و ئەفسەر، یان دەرەجەدارێکی ئینگلیز لەناوچەکەدا بیهێڵنەوە. ئەوان بەرپرسیارێتی (قەزای) ناوەندی لەئەستۆ دەگرن، بۆیە (چاپمەن) و (داگلس) ئامادە بوون بمێننەوە پێشتر (دابز) ڕایگەیاندبوو لەهیچ حاڵەتێکدا ئیزنی مانەوەیان نادات. لەم دۆخەدا ئەوەی بۆم کرا ئەوەبوو کەلەگەورە پیاوانی شار داوابکەم کەگەڕەکەکانی خۆیان بپارێزن پێش بە دەست درێژی وکاری تێکدەرانەو ئەو پیلانانە بگرن، کە لەدەرەوەی شار دادەڕێژرێن، شێخ قادر بەڵێنیدا بۆ ئەوە پێش بەتاڵان وسوتاندنی هێندێ شوێنی چاوەڕوانکراو لەنەبوونی دەسەڵاتی حکومدا بگرێ، لەم ماوەیەدا شار بێ دەسەڵات و ئیدارە ماوەتەوە، وەك سیسیل ئەدمۆندس باسی دەکات کە حامبد گەوهەری وەریگێڕاوە لەلاپەڕە 408-409دا.
(17/6/1923) سلێمانی بەجێ هێشت، واتە (هێزی ئینگلیز). جەماوەر ژمارەیان دەگەیشتە (2000)کەس لەپێش و پاشی کاروانەکە دەرکەوتن، زۆریان لێ ڕووتکردنەوەو هەندێکیان پەنایان بردە بەرگوندەکان. لێرەدا دەتوانین پێش ئەم دەورانە باسی ئەم جۆرە لەناجێگیری حکومی ڕاستەوخۆی ئینگلیز بکەین، كه‌ ماوەکەی بریتی بوو لەمانگێك، کە ئەویش پڕبوو لەکێشەو بەرقەرار نەبوون، ولید حمدی لە لاپەڕە174دا وە حاجی مسته‌فا پاشا لەژیان (ڕۆژنامە)، سلێمانی ژمارە 1827مایسی 1926 باسیان کردوە.
شێخ مەحمود لەم دۆخ و حاڵەدا خۆی لەدێی خەمزە بوو، لەنزیكەوە ئاگاداری گۆڕانکاریەکان بوو.
(17/6/1923)هەر کە شاری سلێمانی چۆڵکرا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەخێرایی کەریمی فەتاح بەگی هەمه‌وەندی بەخۆی و هێزەکەیەوە نارده‌ سلێمانی وەك حاکمی شار، وە داوای لەخەڵك کرد ڕێزی یاساو ئەمنیەتی شاربگرن. ڕایگەیاند کەدەبێ هاوکاریکارانی ئینگلیزەکان سزا بدرێن و توتن فرۆشەکان کەتوتنیان بەدەرەوەی شار فرۆشتوە باج بدەن کە(کرد ترك عر‌ب) لە ل 202 باسی کردوە. شێخ مەحمود لەدوای فەتاح بەگی هەمەوەند گەڕایەوە ناوشاری سلێمانی. ولید حمد‌ی لە ل 175 باسی دەکات. بۆ ئەم گەڕانەوەیەی شێخ مەحمود ئەحمەد خواجە 26/6 و ئیدمۆندس11/7/1923 بۆ گەشتنەوەی شێخ مەحمود داناوە، لەکاتێکدا سەرکردەکانی وەك شێخ حەمەغەریب زوو خۆیان گەیاندوەتە شارو ناویان لەیەکەم تۆماری داهات و خەرجیی مانگی حوزەیران بەدواوەی شارەوانیی سلێمانی هێنراوە، لە (چیم دی) دا لەلاپەڕە 44-45 دا لەبەرگی دوودا، وە (کرد ترك عرب) ل 309دا باسکراوە بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەیری بکەن.
لێرەدا مەندوبی سامی بەهۆی هەوڵەکانیانەوە کەسلێمانی بخرێتە سەر عێراق وخەڵك ڕازی نەبوو دۆخەکەیان پێچەوانە کردەوە جارێکی ترو چەند بڕیارێکیدا:
1- پێویستە دەست بەجێ سلێمانی بچێتەوە دۆخی جاران، پەیوەندی شێخ مەحمود بەحکومەتی عێراقەوە نابێ هەبێ، وەکیلی مەندوبی سامی بۆ کاروباری سلێمانی وەك موفەتیشی کارگێڕی کەرکوك بەردەوامی بەکارو بارەکانی دەدات.
2- بەو پێیەی کەبەشی سەرووی لیوا نەخراوەتە پاڵ ئیدارەو کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق و هەمان بڕیاری یەکەم دەیگرێتەوە، واتە مەندوبی سامی نوێنەرەکەی کارو بارەکانی بەڕێوە ببات.
3- شێخ مەحمود لەناوەندی خۆی دەست نەخاتە کاروباری ناوچەکانی تر. کە ولید حمدی لە (الكرد وكردستان) دا لە ص175-176باسی کردوە. دوای ئەوەی ئەمانە بەشێخ مەحمود گەیەندرا له‌ مانگی ته‌موزی 1923دا بۆ جیاكردنه‌وه‌ی قه‌زاكانی ڕانیەو قەڵادزێ وچەمچەماڵ و هەڵەبجە و قەرەداغ و سەنگاو وناحیەی ماوەت ئامادەکاری کراو بەشێخ مەحمودیان وت: نابێ دەست بخاتە کاری دێهاتی ساداتی سەرگەڵو، ئەگین بەرامبەری بەتوندی ڕەفتار دەکەین، کە لە (ئومێدی ئیستقلال) دا لە ژمارە(10،20) ئەیلول 339دا بڵاو کراوەتەوە.
شێخ مەحمود لەدواڕۆژەکانی مانگی 6دا یاخود لەکۆتایی تەمووزی ساڵی 1923دا سێیەم تەشکیلاتی حکومەتی بەناوی مەجلیس میللی(عمومی) یەوە لە (ڕوئەسائی دەوائیرو ئەشرافی مەملەکەت) پێکهێنا، کە بەم جۆرەبوو:
* ئەندامانی ئاسایی(اعضای طبیعی):-
1- شێخ محەمەد غەریبی شێخ مارفی قازانقایە: نائیبی حکومەت و ڕەئیسی داخلییە. 2- سەید ئەحمەدی بەرزنجی (مەرەخەس): ڕەئیسی مالیەو گومرگ. 3- مەلا مەعروفی مەلا ڕەسوڵی سیرێ: ڕەئیسی مەحکەمە. 4- حاجی مەلا سەعید ئەفەندی کەرکوك لی زادە: ڕەئیس تیجارەت و مەعاریف و نافیعە. 5- ڕەزا بەگ: قۆمانداری عەسکەری کوردستان.
* ئەشرافی شارو منتەخەبی ئەهالی:1- محه‌مەد ئاغای عەبدولڕەحمان ئاغا.2- محه‌مەد بەگی قادر پاشا.3- حاجی ئەحمەدی حاجی کەریم.4- مەلا حسێنی پیسکەندی.5- حاجی برایم ئاغای خەفاف. 6- حاجی ئەمینی حاجی عەزیز.7- حاجی ڕەحیم. 8- حەسەن بنەشێ.
ئەمە ئومێدی ئیستقلال لە ژمارە (20 ) له‌ یه‌كی ئەیلول 339دا بڵاوی کردۆتەوە.
ئەم تەشکیلاتە لە قۆناغەکەدا بە دووەم تەشکیل دانراوە له‌ دووەم حکومەتی شێخدا بە یەکەم تەشکیل خوێنەر پێویستە ئاگاداری ئەو تێبینیە بێت.
بەم جۆرە سێیەم حکومەت بەجۆرێکی بەرتەسكترو بچوکتر لەدوو دەورانی حکومەتەکانی شێخ مەحمود تەشکیل کرا. بەپێی بڵاوکردنەوەی ئومێدی ئیستقلال لەژمارە (20) ی یه‌كی ئه‌یلول 339.
(11/7/1923)شێخ مەحمود دێتەوە سلێمانی دەبێتە حکومدار، بەڵام شێخ مەحمود بەتەمای ئەوە بوو هەموو کوردستان بخاتەوە ژێر دەستی خۆی.
بەپێی کتێبەکەی ئه‌حمه‌د مەحمود عەلی: مێژووی کورد لە112 ساڵدا لەلاپەڕە 101دا شێخ مەحمود قەزاو ناحییەکانی کە لێیان داگیر کردبوو گرتەوەو هەمووی خستەوەبن دەستی. ئەم تەشکیلاتە نوێیە کەدامەزراو بەخەڵکیشی وت گەورە بەناوبانگەکان ئەویان دەستنیشان کردوە بەمەلیکی کوردستان. بەڵام مەندوبی سامی ڕەتی کردەوە دانی بەشتی وادا نابێ.
بەپێی کتێبەکەی ولید حمدی: (الكرد وكردستان) ص177 لەسەرەتای ئەم دەورەدا ئەوانەی دەریان خست بۆ شێخ مەحمود کەپشتگیری ئەم دەورەی حکومەتی سێیەم دەکەن، ئەحمەد بەگ و عزەت بەگی وەسمان پاشای برای و حامید بەگ هاتن بۆ سلێمانی مەلیکی کوردستانیان بینی.
ئەگەر سەیر بکەین بزانین ئەو پەیماننامەی کەلەنێوان تورکەکان و هاوپەیمانان مۆرکرابوو، بەهۆی ئەوەی کەکورد بێ بەخت بێت و ئەو پارچەیەی کوردستان حکومەتی بەریتانی نەیتوانی هیچی بۆ بکات، چونکە لەڕووی ئیداریەوە لەسەر ئەرکی بەریتانیا نەما، چونکە لەم سەرو بەندەدا پەیمانی لۆزان لە 24/7/1923دا بەسترا لەنێوان تورکیاو هاوپەیماناندا. شایانی باسکردنە کوردستانی باشوور وەك خۆی هێڵدرایەوە. وەک ئیدمۆندس: (کرد ترك عر‌ب) لە ص 282باسی دەکات.
(16/8/1923)بەچەکی بۆمبای220پاوەندی بەتایبەت ماوەت بەفڕۆکە بۆردومان کرا کەیەکەم جار بوو ئەم چەکە بەکار هاتبوو لەمێژودا، بەبیانووی ئەوەی شێخ مەحمود دەستی وەرداوەتە ناوچە قەدەغە کراوەکان. شێخ مەحمود مەندوبی سامی ئاگادارکردەوە بەیاداشتێك. وەك ئیدمۆندس: لە (کرد ترک عر‌ب) دا لە ص 213دا؛ و‌لید حمدی: (الكرد وكردستان)، ص 178-179دا باسیان کردوە.
(16/3/1923)واته‌ هەمان ڕۆژ شێخ حەمەغەریب لەشکری کردە سەر بەگزادەی جاف لەهەڵەبجەو هیچ بەرگریان پێ نەکرا، وە بەریتانیەکان تەنها لەبەشێکی وارماوای خوارووی زنجیرە چیای بەرانانی ناوچەی هەڵەبجەدا مایەوە، کەبەکفریەوە بەسترابوو، وەك ئەدمۆندس لە (کرد ترك عر‌ب) دا لە لاپەڕە (213) دا باسی كردوه‌.
20/9/1923ڕۆژنامەی ئومێدی ئیستقلال یەکەم ژمارەی وەک زمان حاڵی سێیەم حکومەتی کوردستانی جنوبی بڵاوکرایەوە کەتا 15/5/1924بیست و پێنج ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، بەپێی نوسینەکەی ئیدمۆندز (کرد ترك عرب) لاپەڕە 316. شایەنی باسکردنە کەلەم ماوەیەدا شێخ مەحمود هەمیشە لەپەیوەندی ئەوەدابوو کە بەریتانیا نوێنەری خۆی بنێرێتەوە بۆ سلێمانی، بۆیە بەشێخ عەبدولکەریم و شێخ عەبدولقادری سەنگاو و سەید ئەحمەدی بەرزنجی و شێخ حەمەغەریبدا بۆ مەندوبی سامی چەندین ناوی نارد، جگەلەوەی دوو نێردراوی بەنامەیەکی خۆیەوە لە1/10/1923دا ڕەوانەی شاری بەغدا کرد، بەڵام بەریتانیەکان لەڕێگەی هێنری دۆبس لە 12/11/1923 دا وا وەڵامی دایەوە کە دەبێت شێخ مەحمود بێتە بەغدا، بۆ ئەوەی باسی چارەنوسی سلێمانی لەگەڵدا باس بکرێ. وەك ئیدمۆندس لە (کرد ترك عر‌ب) دا لاپەڕه‌ 216؛ و‌لید حمدی: (الکرد وکردستان) لە لاپەڕەی 177-178؛ شێخ لەتیفی حەفید لاپەڕە 111/112باسیان کردوە. لەو سەرو بەندەدا ئینگلیزەکان هێزێکی تایبەت لەسوارەی گەڕۆك کەبریتی بوو لە120 پۆلیس پێکهێنا بۆ ئەوەی گەر پێویست بکات لەلیواکانی کەرکوك و سلێمانیدا بەکاربهێنێ. وەك ئیدمۆندس لە (کرد ترك عر‌ب) لەلاپەڕە 316دا باسی دەکات.
لە ڕوانگەی ڕۆژنامە و بڵا وکراوەوە هەرکە شێخ مەحمود کاتێ سلێمانی چۆڵدەکات و پێش هاتنەوەی بۆدامەزراندنی سێیەم حکومەت چووە قەمچوغەو دواتر بارەگاکەی لەڕووی ئەمنی و هەڵکەوتەی شوێنەکەوە ئەشکەوتی جاسەنە هەڵدەبژێرێت و دەیگوێزێتەوە بۆ ئەوێ لە ئەشکەوتی جاسەنە لە 28/3/1923 گۆڤاری بانگی حەق دەردەکات، بانگەواز دەکات کەئیتر شەڕ لەگەڵ بەریتانیادا وەك غەزا پێویستە. وە لەمێژووی کورد لە 120ساڵدا لە لاپەڕە 99باسکراوە. وە چیم دی لە لاپەڕە 17-19 باسی دەکات.
کە ئەمانە کارێکی گرنگ بوون بۆ ئەوکاتە. وە ئومێدی ئیستقلال لە (20/9/1923) دا دەرکرا کە ئەدمۆندز: لە (کرد ترك عر‌ب) لاپەڕە 326دا؛ و‌لید حمدی: لە (الکرد وکردستان) لاپەڕە 177-178؛ شێخ لەتیفی حەفید لە یاداشتەکەیدا لاپەڕە 111-112، باسیان کردوە.
بێگومان بەرامبەر ئەو دڵڕەقی و چاو نوقاندنەی دەرهەق بەمافەکانی کورد کردیان، خۆ لەڕووی ئاینەوە شێخ مەحمود دەبوو داوای لە ڕووسەکان نەکردایە بۆ هاوکاریکردنی دۆزی کورد، بۆیە ڕقی شێخ مەحمود لە بریتانیا لەسەردۆزی کوردو مافی ڕەوایەتی نەك خودی خۆی. بۆیە گرنگە کە بڵێین:
بەسادەیی سەرنج نەدەین لەو بۆچوونەی، چونکە ئەو پێی وابوو کاریگەری ئاینی دروست بکات بۆئەوەی چ خەڵك و چ وڵاتانی دەوروبەرمان قورسایی لەسەر بەریتانیا دروست بکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵی ڕێكبکەون شتێك بۆ کورد بکەن. یان بەڕاستی تورك گەر دەتوانێ هاوکاری کوردان بکات، کەئەمەش شێخ مەحمود زیاتر لەسەر کاریگەری تورکخوازەکان ڕەنگە هەڵبژاردەی بۆکردبێ، چونکە وەك وتمان شێخ مەحمود زۆر هەوڵیدا، بەڵام بەریتانیەکان هەرلەسەرەتاوە پەشیمان بوونەوە، چونکە لەڕاستیدا نەیان دەویست وڵاتانی عەرەبی لەخۆیان بڕەنجێنن.
(7/12/1923)بروسکەی مەندوبی سامی درایە ئەدمۆندس کەهێزی ئاسمانی بریتانیا دوای ئاگادارکردنەوە بۆردومانی شاری سلێمانی بکات، چونکە شێخ مەحمود مەرجەکانی ئینگلیزی شکاندوە، وە نیازی خراپی هەیە بەپێی بەڵگەو هەواڵ، وەك ئیدمۆندس: (کرد ترك عر‌ب) لە لاپەڕە 316 باسی دەکات.
(16/12/1923)ئەحمەد بەگ وعیزەت بەگ کە بەپەلە گەڕابوونەوە بۆهەڵەبجە لەگەڵ عادیلەخانی دایکیاندا لەدێی (پسارکان) لەخوار بتخانە ئەدمۆندزیان دی، پەیوەندیان لەگەڵ دامەزراند، بەکورتی واتە لەگەڵ ئینگلیزەکان ڕێکەوتن. وەك ئیدمۆندس دەڵێت لەلاپەڕە (332) (25/12/1923) ماڵی شێخ مەحمود لەسلێمانی بەفڕۆکە بۆردومان کرا لەلایەن مارشاڵ له‌ سەرکردەی هێزی ئاسمانی، دوو لە فڕۆکەکان کەوتن، یەکەمیان شێخ مەحمود پاراستی، دووەمیان بەدەستی کەریم بەگی هەمەوەند سووتێنرا.
مارتی1924 دەسەڵاتدارانی ئینگلیز فەرمانبەری مەدەنی پۆلیسیان بۆدامەزراندنەوەی هەڵەبجە نارد. بۆیە شێخ مەحمود هێزێك دەنێرێ پەلاماریان دەدات، سوارەکانی جاف و ئەحمەد بەگی شکاند، سیاسەتی ئێنگلیز سەری نەگرت.
(1/10/1922)هەتا (21/4) ی ساڵی 1924 شاری هەڵەبجە هیچ ئەفسەرێکی ئینگلیزی نەیتوانیوه‌ لەوێ بێت. کەئەدمۆندس بەفڕۆکە دەچێت کەلە( کرد ترك عر‌ب) دا لەلاپەڕە 240-241 دا باسی کردوه‌.
شێخ قادری حەفید لەم دەورەی حوکمی شێخ مەحمود بەشدار نەبوو، لێی دوورکەوتبۆوە، له‌ مانگی 10/1923دا چاوی بە ئیدمۆندس دەکەوێت لە گوندی سەوسێنان وەگفتی بەئیدمۆندس دابوو خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی دامەزراندن (المجلس التأسیسی)هەڵبژێرێ. وەك ئیدمۆندز لە (کرد ترك عر‌ب )دا له‌لاپەڕە 327 باسی دەکات.
بەڵام لەڕاستیدا لەگەڵ عیزەت بە و محەمەد بەگی فەتاح بەگی جافدا بەئەندامی ئەو ئەنجومەنە دانرابوون کەلە ڕۆژی 27/3/1924 کرایەوەو لە ڕۆژی 26/7/1924 یش هەڵوەشێنرایەوە لەدوای تەواو کردنی ئەرکەکانی. وه‌ك سدیق ساڵح: لەحکومەتی کوردستان لەسلێمانی 1918-1924 لەلاپەڕە 88 دا باسی دەکات.
بەڵام هەرچی ئەشراف و عولەماو توجاڕو بازڕگان و سادات و موسەوی و عەتارو کەوش دروو بەقاڵ و ئاسنگەری مەملەکەتی سلێمانی ڕایانگەیاند ئەوانە بە نوێنەری خۆیان و ناوچەکەش نازانن بڕوایان پێیان نییەو کەس ئەوانی هەڵنەبژاردوە، ئەمەش سدیق ساڵح: لەحکومەتی کوردستان لەسلێمانی لاپەڕە 88 و ئومێدی ئیستقلال ژ. 10ی 22نیسانی 1340ل 1-3 دا باسیان کردوە.
لەناو ئیدارەو حکومەتی سلێمانیدا مالیەی حکومەتی شێخ وای دەخواست بەهۆی ئەوەی هەرچی کارو بارەکانە وەك ئیشی ڕیژی و دادپرسی وتاپۆو بەلەدیە کە نوسینەکانیان بەبێ پول بەڕێوە دەچوو، بۆ ئەوەی ئەم کارانە بچێتە ڕیزێکی پەسەند ئەحمەد خواجە دەڵێت: دروستکردنی پولم بڕیاردا لەکاغەزی بریقەو ڕەنگدار لەڕەنگی سەوز 8 ئانەیی=نیو ڕوپییە، لەشین1= ڕوپییە، لەمۆر= 3ڕوپییە، کەئەمەش بەهاوکاری شێخ لەتیفی دانساز کەیارمەتی داوە ئەم کارە کراوە.
ئەحمەد خواجەدەڵێ: سێ هەزار پولی چاپکراوم برد بۆ مەلیك مەحمود دامە دەستی وبینی وتی: ئەحمەد، نازانم بەچ زمانێك و چ چەشنێك سوپاست بکەم، خستیە ژێر سوجدەو وتی: خوایە تۆ پشتیوانی کوردیت، ئەم خۆشییە لەم گەلە نەشاریتەوە، منیش پەیمان بێت بەسەرو ماڵ درێغی نەکەم، داوای پێنوسی کرد، نوسی: (دەروێش شەریف: لە پارەکەی خۆم هەزار ڕوپییە بدە بە ئەحمەد ئەفەندی(محمود 20/10/1923).
لە23/10/1923 بەبۆنەی ڕۆژێك بەسەر ڕابوردنی چۆڵکردنی سلێمانی، حکومەتی کوردستان لەپاش ئاهەنگێك. فەرمانی بەرەڵاکردنی ضابطه‌(ئەفسەرە) بەندیەکانیش دەرچوو: فایق کاك ئەمین، ئەمین ڕەواندزی، عه‌زیز قەزاز، شێخ سەلامیش بەو مەرجەی لەسلێمانی دانەنیشن، بەڵام بە ساڵح زەکی وترا: (لەبەر ئەوەی ڕوتبەو نیشانی کوردستان دەزانیت ده‌بێت چاوەڕوان بیت، چونکە ئۆزدەمیر ناتوانێ هیچت پێ ببەخشێت، خوای گەورە تۆڵەت لێ بسێنێت. بەپارەی کوردو بۆ ئاواتی کورد چوویت بۆ بەغدا: دانیشە جێگات خۆشە). ئەمە فەرمانی مەلیك مەحمود بوو بەساڵح زەکیان گەیاند.
مەلیك مەحمود بە ئەفسەرەکانی وت: لەدوای بینینیان و ڕووی خۆشیان، لەبەر کارێزەکەو ژووروی مەڵکەندی باخێکی نایاب نەخش بکێشن لەگەڵ حەوزێکی گەورە، لەپاش تەواو بوونی کە لە زەوییەکی 100دۆنمیدا لەمانگی 1/1924دا کەدارو درەختی لەشارباژێڕەوە بۆهێنرا، بەڵام داخەکەم لەڕەگ و ڕیشە دەرهێنرا، لەلایەن سکرتێری مالییە ساڵح پاشاوە، دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر شێح مەحمود پیشاندا بۆ دڵنیایی و خۆبردنە پێشەوە لەلای ئینگلیزەکان، کەنەیدەزانی دەبێت بەپەڵەو لەکەیەکی گەورە بۆیادی خراپی لەمێژووی شاری سلێمانیدا.
سدیق ساڵح: لە لاپەڕە 88 دا لە (حکومەتی کوردستان لەسلێمانی) دا ده‌ڵێت: بەپێی نوسراوی ئومێدی ئیستقلال ژمارە (20و27) مارت 1340، گوایە ڕئاسەی مالییە هەرئەو ماوەیە خەریکی ئامادەکردنی بڕێکی زۆر ئاڵتونی سکەدار و بێ سکە بوو تا لە سندوقدا بەبارمتە دایبنێ و بانقەنۆت (عملیە ورقیە) بەرامبەر بەو ئاڵتونە چاپ بکات و بیخاتە بازاڕەوە.
دەشێ ڕووداوەکان بەتایبەت تۆپباران و داگیرکردنەوەی شار، هۆكار بووبێت كه‌ ئەم پرۆژەیان لەناوبردبێ و ئەنجام نەدرابێ.
له‌ (20/5/1924)بەیاننامەیەکی زۆر بەسەر گەلێك ناوچەی ژێر دەستی شێخ مەحمود خرایە خوارەوەو هەڕەشەی بۆردومان کردنی هەمووی تیا بەیان کرابوو.
(22/5/1924)شێخ مەحمود خۆشی به‌ نامه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌.
به‌مجۆره‌ ئاگاداریه‌كه‌ نووسرابوو: {اعلان بۆ شیخ محمود افندی وخلق سلیمانی خەبەرتان بێت کە ئەگەر لەپێش ڕۆژی یەکشەنبە بیست و پێنجم ام مانگە مطابق بست و یەکم شوال شیخ محمود افندی لچمچمال یان لکرکوك دخالت بکات بۆمباردنی مرکز لسلیمانی اجرا ناکرێت بلام اگر حتی او وقتە دخالت نکات مبارد کردنی شدید واقع دەبێت}.
بەدوای ئەم بەیاننامەیەدا چوار ڕۆژ مۆڵەتیاندا. بەڵام ئەم هەڕەشە گیان کێشان و وێران کردنە لەکوێوە لەلایەن کێوە کراوە، نازانرێت تەنیا فڕۆکەی ئینگلیز پەیام و نێرراو بوو چونکە بەیاننامەکە بێ ناو بوو.
بەرامبەر بەم هەڕەشە زاڵیەتیە شێخ مەحمود بەبێ وەستان نامەیەکی نارد بۆ ئەدمۆندس لەکەرکوك کە ئامادەیە بۆ هاتن بۆ چەمچەماڵ و لەوێشەوە بۆ کەرکوك.
(26/6/1924) شێخ مه‌حمود گەیشتە قەرەداغ. بێگومان بەناو عەشایەری کورداو ڕێگەی سلێمانی کەرکوك به‌ سواری لە 3ڕۆژ کەمتر نییە، بەڵام بۆ شێخ مەحمود کەپتر لە هەزار سوار کۆبۆتەوە دەرفەتی نەدرا یەکسەر بکەوێتە ڕێگە.
(26/6/1924)گەیشتە سەنگاو کەهەموو شێخان و پیاوە ناسراوەکان مووچەخۆری ئینگلیز بوون. ئیتر ئەدمۆندس یان ئینگلیزەکان هەموویان بەهەلیانزانی بەتوندی سلێمانیان بەبۆمبا دابێژا، کۆڵانەکانیش پڕ بوو لەلاشە.
لەڕۆژی 26و27و28ی 6/1924 بەبێ ماوەدان سلێمانی لەژێر بۆمباو ئاگردا دەژیا.
شێخ مەحمودی مەلیك نامەیەك دەنێرێت بۆ ئەحمەد خواجە دەڵێت: کوڕی خۆم ئەمجارەش کەوتینەوە ژێر بۆمبا. زوڵمی ئینگلیز گەیشتە ئەوپەڕی بێ ویژدانی دەچمەوە بۆ شارە وێران و لێقەو ماوەکەمان، سبەینێ ئێوارە وەرە بمبینە. (محمود 13تموزی 1924).
ئەحمەد خواجە دەڵێت: نامەم پێسپێردرا کەبەهەموویان بگەیەنم بۆ هەریەکێکیان دوو سوارم نارد، پێیان گەیەنرا، دەست بەجێ گەڕامەوە بۆ بازیان تا پاشنیوەڕۆ لەشکر ئامادەکرا، ئێوارە گەیشتینەتەپە شوانکارە، مەلا عه‌لی، دوو سوارم نارد بۆ تاسڵوجە، داخەکەم کەس نەهاتبوو لەپێش گزنگدا، دوو فڕۆکە گەیشتە سەرمان، وەزعمان خراپ بوو، وڵاخەکانمان بڵاوەی کرد… گەڕاینەوە بۆ داریکەلی وڵاخەکانمان لە ئاوایی بۆ هێنرایەوە.
18ی تەموزی 1924 شێخ مەحمود سلێمانی بەجێ هێشتبوو، بارەگاکەی قەڵاچوالان بوو، ماجدو سوارەی سوپایی لە تەگەران بوون، کاتێك کەلە بازیانەوه‌ چووم بۆ سیتەك ئەحمه‌د خواجە ده‌ڵێت: لەگەڵ ماجد مستەفا قسەمان کرد دەربارەی دۆخەکە وتم دەچم بۆ قەڵاچوالان بۆ لای مەلیك. کاتێ چووم پێی وتم بۆ بازیانت چۆڵکرد. تێم گەیاند کەشەڕکردن لەتاسڵوجەو بازیان بۆ ئێمە قورس بووە. لەبارەی قسەکانی ماجدەوە قسەم کرد فەرمووی لەم کاتەدا بەهێزین و سوپامان یەك ڕەنگە، ئەو گەلەی گیان نەدا ماف وەرناگرێت. تا چەمچەماڵ بەسوارەو چیاکان بە پیادە تەنراوە، تادوا کەس دەجەنگین ئێمە ئەمڕۆ مێژووی کورد دادەنێین، چش لەڕابردوو. لە یاداشتەکانی چیم دی لاپەڕە 52-64 باسی کراوە.
ڕۆژی 19/7/1924دواجار مەندوبی سامی بڕیاریدا سلێمانی داگیر بکات، ئەوە بوو ڕەتڵێکی سوپای عەرەبی عێراق بەپشتیوانی هێزی پۆلیس و هێزێکی لیڤی ئاسوری و هێزی ئاسمانی بەریتانیا سلێمانی گرتەوە.
چاپمان کرایە سەرپەرشتی ئیداری شار. کە ئیدمۆندس لە (کرد ترك عر‌ب) دا لەلاپەڕە 348؛ چیم دی لەلاپەڕە 64دا باسیان کردوە.
لەکاتێکدا شێخ مەحمود پێش چەند ڕۆژێك سلێمانی چۆڵکردبوو، وەك چیم دی لەلاپەڕە 64دا دەڵێت:
لەو کاتەشەوە تۆماری ژیانی ئەم سێیەم حکومەتەی شێخ مەحمود مەلیکی کوردستان پێچرایەوە، سێیه‌م خولی حکومی ڕاستەوخۆی ئینگلیز دەستی پێکرد تا 7/3/1925 کە ئیتر ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگی تێدا بە یەکەم موتەسەڕیفی حکومی پاشایەتی لێدانرا.

* سەرچاوەکان لە سایتی کوردستانی نوێ بخوێنەرەوە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یەکخستنی هێزە چەكدارەكان و راوبۆچوونە جیاوازەكان

بانگەشە و داواكارییەكان بۆ یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەلایەن هەندێكەوە ...