سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » UN داوای دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ داعشە دەستگیرکراوەکان ده‌كات

UN داوای دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ داعشە دەستگیرکراوەکان ده‌كات

كه‌ریم خان سه‌رۆكی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ تاوانه‌كانی داعش، رایگه‌یاند‌: باشترین چاره‌سه‌ر بۆ دادگاییكردنی تیرۆرستانی زیندانیكراوی داعش، هاوشێوه‌ی نازییه‌كانه‌ كه‌ له‌ ساڵانی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌ دوای كۆتایی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، له‌ شاری نۆرنبێرگ دادگایی كران. روونیشیكردۆته‌وه‌: به‌و شێوه‌یه‌ هه‌م تاوانه‌كانیان به‌جیهان ده‌ناسێنرێت، هه‌م ئایدیۆ‌لۆژیای ئه‌و گروپه‌ تیرۆرستییه‌ له‌ناوده‌چێت و كێشه‌كه‌ به‌ جیهانی ده‌بێ و ئیتر ئه‌و تاوانانه‌ ده‌بنه‌ عیبره‌ت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیدا.

تیمه‌كه‌ی كاریان كۆكردنه‌وه‌ی دۆكیۆمێنته‌
كه‌ریم خان كه‌ پارێزه‌رێكی عیراقییه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانی هه‌یه‌، له‌ساڵی پاره‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ی پێدراوه‌ و سه‌رپه‌رشتی تیمێكی 80 كه‌سی ده‌كات، كه‌ هه‌موویان پسپۆڕ و شاره‌زان له‌و بواره‌دا و ئه‌ركیان گه‌ڕان و پشكنین و كۆكردنه‌وه‌ی دۆكیۆمێنته‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان و ئێستا ئه‌و تیمه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ لای داعش هیچ هێڵێكی سوور نه‌بووه‌ له‌سه‌ر كوشتن و ئازاردان و سه‌ربڕین و ئه‌تككردن و لاقه‌كردن و ئازاردانی جه‌سته‌یی و ده‌روونی مرۆڤ و به‌هه‌موو شێوازێكی دڕندانه‌ مرۆڤیان كوشتووه‌.

به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستدایه‌
ئه‌و تیمه‌ تایبه‌ته‌، تائێستا 200 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی له‌هه‌ریه‌ك له‌ سوریا و عیراق و وڵاتانی تردا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ی 12 هه‌زار روفاتی خه‌ڵكی بێتاوانی ده‌رهێناوه‌ و خستوویه‌تییه‌ به‌ر پشكنین و زانیاری كۆكردنه‌وه‌ و ده‌رخستی شێوازی كوشتنیان. هه‌وره‌ها تیمه‌كه‌ 600 گرته‌ی ڤیدیۆیی جۆراوجۆری له‌به‌رده‌ستدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ تاوان و ئه‌و تراژیدیایانه‌ی كه‌ داعش به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا هێناوه‌. جگه‌ له‌وه‌ش 12 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ و دۆكیۆمێنتی حاشاهه‌ڵنه‌گری له‌سه‌ر دڕندایه‌تی و بێویژدانی ‌و كوشتوكوشتاره‌كانی داعش كۆكردۆته‌وه‌.

داعشیزم وه‌ك نازییه‌ت وابووه‌
كه‌ریم خان بۆ كه‌ناڵه‌كانی میدیا رایگه‌یاندووه‌: له‌ هه‌مووی مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش خاوه‌ن ئایدیۆلۆژیایه‌ك بووه‌ و خه‌ڵكێكی زۆر باوه‌ڕیان پێهێناوه‌، به‌ر له‌و گروپه‌ش له‌ساڵانی چله‌كاندا و له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا، نازییه‌كان هه‌مان ره‌فتاریان به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی نواندووه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ وه‌ك ئه‌وان له‌ دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی نۆره‌نبێرگ دادگایی بكرێن و ببنه‌ په‌ند بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی.

ده‌بێ داعش له‌ ئیسلام دابماڵرێت
ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: چۆن بیری نازییه‌تی ئه‌ڵمانی و كاره‌ شۆڤێنی و دڕندانه‌كانیان به‌هۆی ئه‌و دادگایه‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی داماڵران و ئه‌ڵمانییه‌كان لێیان بێبه‌ری بوون، ده‌بێ ئاواش بیری داعشیزم له‌ ئیسلام و مه‌زهه‌بی سوننه‌ دابماڵرێ و ئه‌و گروپه‌ هه‌رخۆیان به‌پرسیارێتی كاره‌كانیان هه‌ڵبگرن و به‌سزای خۆیان بگه‌یه‌نرێن.

دادگای نوره‌نبێرگ چییه‌؟
له‌دوای ته‌واوبوونی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مریكا و یه‌كێتیی سۆڤێت و به‌ریتانیا رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سزای تاوانبارانی جه‌نگ و ئه‌و نازییانه‌ بده‌ن، كه‌ قه‌تڵ و عامێكی بێوێنه‌یان له‌دژی مرۆڤایه‌تی كردووه‌. به‌ كۆتاییهاتنی جه‌نگه‌كه‌ نزیكه‌ی 200 كه‌س له‌سه‌ركرده‌ی نازییه‌كان و 1600 كه‌سی تریش خرانه‌ به‌رده‌م دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ناوی دادگای نازییه‌كان له‌ نۆره‌نبێرگی ئه‌ڵمانیا و له‌و دادگا سه‌ربه‌خۆ و نێوده‌وڵه‌تییه‌دا كه‌ دادوه‌ره‌كان له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانه‌وه‌ هێنرابوون، به‌تایبه‌تیش له‌وانه‌ی زه‌بری نازییه‌كانیان به‌ركه‌وتبوو، دانیشتنه‌كانی ئه‌و دادگایه‌ له‌ساڵی 1945ه‌وه‌ ساڵێكی خایاند و نازییه‌ دژ به‌مرۆڤه‌كان به‌سزای خۆیان گه‌یشتن و وه‌ك تاوانباری جه‌نگ ناسێنران. تا ئێستاش ئه‌م دادگایه‌ به‌ گه‌وره‌ترین و پڕبایه‌خترین دادگای نێوده‌وڵه‌تیی تاوانبارانی جه‌نگ ناسراوه‌ و ستایشی ده‌كرێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وڵاتانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كۆچه‌ران رێكه‌وتن

چەند رۆژێک لەمەوبەر، له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا، وه‌زیرانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی ...