دوێنێ، یەكەم دانیشتنی خولی پاییزەی ساڵی یەكەم لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەچوو. لەوتەیەكدا، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان، رایگەیاند: وەك ئەركی سەرەكیی پەرلەمان، پێویستە جگە لەئەركی دەركردنی یاساو بڕیارەكان، چاودێریی حكومەت بكاتو نابێ ئەو ئەركە نادیدە بگرین، چونكە ئەو دوو ئەركە یەكتر تەواودەكەن.
34 پڕۆژەیاساو بڕیار
لەدرێژەی وتەكەیدا، ئەوەی ئاشكراكرد كە»لەگەڵ دەستپێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، 34 پڕۆژەیاساو بڕیار ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەلەمان كراوە، كە (3)یان پەسەندكراوەو كار بۆ پەسەندكردنی ئەوانی دیكەش دەكرێتو وەك پەرلەمانیش بەبایەخەوە لەهەموو پڕۆژەیاساو بڕیارەكان دەڕوانین بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان». وتیشی: بۆ ئەم وەرزە، وەك پەرلەمان بەرنامەمان داناوە لەسەر چەند خاڵێك كاربكەین، لەوانە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رێگریی لەدەركردنی ئەو یاسایانەی پێچەوانەی سیستمی فیدراڵینو پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵ بۆ ئەو مەبەستە، وەك پەرلەمانی كوردستانیش هانی لایەنە سیاسییەكان دەدات بۆ یەكڕیزییو چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوكو ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێمو چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور بەشێوەیەكی هاوسەنگو ئامادەكاریی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانو سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەلایەن حكومەتی فیدراڵ، كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بكرێت.
كۆدەنگیی نیشتمانی لەبارەی دەستوور
لەدرێژەی وتەكەیدا، سەرۆكی پەرلەمان، راشیگەیاند: پەرلەمان كاردەكات بۆ زیندووكردنەوەی لیژنەی ئامادەكاری رەشنووسی دەستووری هەرێم بۆ راپرسی، بۆ ئەوەش سەردانمان بۆ لای حزبەكان دەستپێكردووە، تا كۆدەنگیی نیشتمانی لەبارەی دەستوور بێتەدی.
ئەوەشی خستەڕوو «كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كارنامەیەكی راگەیەندراوی هەیە كە لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا خراوەتەڕوو، بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیە، پێویستە چەند پڕۆژەیاسایەك لەپەرلەمان پەسەندبكرێت، لەهەمووی گرنگتر پڕۆژەیاسای چاكسازییە كە زۆربەی بوارەكان دەگرێتەوە، بۆ ئەوەش داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەم ئەو پڕۆژەیاسایانە ئاراستەی پەرلەمان بكات تا بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەولەویەتیان پێبدرێت». سەبارەت بەپڕۆژەیاسای بودجەش، وتی: یاسای گشتیی بودجەی ساڵانەی هەرێم، خاڵێكی ترە پەرلەمان لەداهاتوودا كاری لەسەردەكات، كە دەبێت كابینەی نۆیەم بۆ ساڵی داهاتوو ئامادەی بكاتو رێگریی بكات لەوەی خەرجیو داهات لەهەرێم بەشێوەیەكی هەڕەمەكی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
لەكۆتاییشدا، سەرۆكی پەرلەمان، داوای لەفراكسیۆنەكان كرد بەرنامەو پلانیان بۆ وەرزی نوێی یاسادانان بخەنەڕوو.
فراكسیۆنی یەكێتی،ژمارەیەك پڕۆژەیاسای ئامادەكردووە
هەر لەدانیشتنەكەدا، جەمال حەوێز مستەفا سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان، لەوتەیەكیدا رایگەیاند: بەلەبەرچاوگرتنی كێشەكانی رابردوو، كە روبەڕوی هەرێم بۆتەوە، فراكسیۆنی یەكێتی، بەهاوكاریو هەماهەنگی فراكسیۆنەكانی دیكە ژمارەیەك پڕۆژەیاسای ئامادەكردووە، تا قەرەبووی زیانەكانی سەر خەڵكی كوردستان بكرێتەوە. لەبارەی پڕۆژە گرنگەکانیشەوە، وتی: پڕۆژەکان پێکهاتوون لە «كاراكردنەوەی لیژنەی ئامادەكردنی رەشنووسی دەستوور، پابەندكردنی حكومەتی هەرێم بەگەڕانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان، تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاكسازیو خانەنشینی، دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستو دەرچوانی یەكەمو دووەمو سێیەمی زانكۆكان، هاوتاكردنی مافو ئیمتیازاتی هێزەكانی پێشمەرگەو كەسوكاری شەهیدانو زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا، گرنگیدان بەسێكتەرەكانی كشتوكاڵو پیشەسازیو گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان».