سەرەکی » دۆسێ » ژمارەی چەكدارانی داعش ئاشكرا دەكرێت

سەرهەڵدانەوەی ڕێكخراوەكە لەئارادایە

ژمارەی چەكدارانی داعش ئاشكرا دەكرێت

حكومەتی روسیا ژمارەی پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی داعش ئاشكرا دەكات كە لە ئێستادا لە ناوچە جیاجیاكانی سویا ماونەتەوە و پێیوایە، ژمارەیان هەزاران چەكدارە.
گینادی كۆزمین، جێگری نێردەی هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەكگرتوەكان، لەمیانی لێدوانێكیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەبارەت بە دۆسێكانی تێرۆر رایگەیاندووە «لە ئێستادا، ژمارەی پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی داعش و لایەنگرانی لە سوریادا دەگاتە سێ هەزار كەس».
بە گوتەی ئەو دیپلۆماتكارەی روسیە»هێشتا ژمارەیەكی زۆر لەو چەكدارانی داعش كار و چالاكی و پیلانیان هەیە لە سوریا چالاكییەكانیان بەردەوامە».
ئەو لێدزوانەی كۆزمین لەمیانی راپۆرت و لێدوانە نێودەوڵەتییەكانە كە ئاماژەن كۆتایی نەهاتنی ڕێكخراوی داعش لە ناوچەكە، و پێشبینی ئەوەش دەكرێت لەژێر ناوێكی تردا، یان بە هەمان ناو كار و چالاكیەكانیان لە ناوچەكە و جیهاندا سەرهەڵبداتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا راپۆرتێكی ئەنجومەنی ئاسایش سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان كە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی رابردوودا بڵاوكرایەوە، هاتبوو «چەكدارانی داعش خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێدا دەگونجێنن و كار لەسەر رەخساندنی دۆخێك بۆ گەڕانەوەی چالاكییەكانی پێشوویان لە عێراق و سوریا».
لەلایەكی ترەوە فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، بەردەوامن لە راگرتنی هەژماری تیرۆریستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (Centcom) دەڵێت» 102 هەزار هەژماری تایبەت بە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە “داعش”یان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە داخستووە.
بە گوتەی ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریكا، ئەو هەژمارانە هەواڵ و چالاكییەكانی داعشییان بڵاودەكردەوە، لەپاڵ بڵاوكردنەوەی چەندان بابەتی تری پەیوەست بە تیرۆر.
هەژماری (Report_ISIS) كە سەر بەو فەرماندەییەیە و تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی هەژمارەكانی داعش لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت» توانیویانە 102 هەزار هەژماری داعش لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بسڕنەوە و بلۆكی بكەن، ئەمەش دوای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرانی تۆڕ كۆمەلایەتییەكە».
هەروەها فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا لە دیمەنێكی ڤیدیۆیی كورتدا، ناو و ناونیشانی سەرجەم هەژمارە بلۆككراوەكانی لەلایەن تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە ئاشكراكردبوو.
هەر سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی داعش، رۆژنامەیەكی بەریتانی هۆشداریی دابوو لە مەترسییەكانی داعش لەسەر عیراق و سوریا و ئاماژەی بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكاش كردبوو لە ئۆردوگای ئەلهول لە سوریا، ئەمەش بە بۆچوونی ڕۆژناكە زەمینە سازی بۆ بڵاوبوونەوەی هزری داعش دەكات لەنێو ئۆردوگاكە كە 70 هەزار كەس لەخۆدەگرێت.
رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز)ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا كە لەلایەن كلوێ‌ كورنیش-ەوە لەژێرناوی “هەڕەشەی چەكدارانی داعش تائێستاش لە سوریا و عیراق بەردەوامە” نوسراوە، بڵاویكردووەتەوە”ڕێكخراوی داعش كە لە ساڵی 2015دا دەستی بەسەر ناوچەیەكی بەریندا گرتبوو لە سوریا عیراق، دەسەڵاتی پێشووی لەدەستدا و توانای ئەوەی نەما، وەك جاران تۆقاندن بڵاوبكاتەوە”.
رۆژنامەكە ئاماژەی بە هۆشدارییەكانی سوپای ئەمریكاش كردووە لەبارەی ڕێكخراوی داعش كە “تائێستاش مایەی هەڕەشەیەكی بەهێزە”.
لە 20ی ئابی 2019، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاندبوو”ڕێكخراوی داعش، بەهۆی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستیكردووەتەوە بە خۆدەرخستن، و بە هەمان شێوەی پێشووی خەریكی ڕێكخستنەوەی تواناكانیەتی لە عیراق”.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێت”داعش دەستیكردووە بە یەكخستن و پاڵپشتی هێرش و پەلامارەكانی لە سوریا و عیراق، هۆكاریی ئەمەش تا ئەندازەیەك پەیوەندی بە كەمی توانای هێزەكانی ئەو دوو وڵاتەوە هەیە لەڕووی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی درێژخایەن، یان ئەنجامدانی چەندان ئۆپەراسیۆن لە یەك كاتدا، یان پارێزگاریكردن لەو ناوچانەی لەژێر چنگی ڕێكخراوەكە ئازادكراون”.
سەبارەت بە چەكدارە دیلەكانی ڕێكخراوەكەش كە لەئێستادا بارگرانییەكی زۆرییان دروستكردووە و رەنگە لە ئایندەدا ببنە مایەی مەترسی، لەم ماوەی دواییدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەوروپا كردبوو»ئەگەر ئامادەنەبن چەكدارانی دەستگیركراوی داعش وەربگرنەوە، ناچارن ئازادییان بكەن».
ترەمپ هۆشداریی دابووە (ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی) تا ئەو چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن وەربگرنەوە، بەپێچەوانەوە ئازادیان دەكەن.
بەپێی ئامارەكان، نزیكەی 2 هەزار و 500 چەكداری داعش لەلای هێزەكانی ئەمریكاوە زیندانین كە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپان.
سەبارەت بە پاشماوەی ڕێكخراوەكەش وەك پێشتر ئاماژەی پێكرا، جیمس جێفری، نوێنەری ئەمریكا بۆ سوریا رایگەیاندبوو، بەپێی زانیاری هەواڵگری ئەمریكایی، ژمارەی چەكدارانی داعش لە سوریا و عیراق نزیكەی 15 هەزار چەكدارن.
جێفری بە ڕۆژنامەوانانی رایگەیاندبوو»چالاكی چەكدارانی داعش لە سوریا زیاتر ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە و باشوری رووباری فورات دەگرێتەوە».
بەپێی زانیارییەكانی نوێنەری ئەمریكا بۆ سوریا» 10 هەزار چەكداری پێشووی داعش لای هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەمریكا زیندانین و ژمارەی ئەندامانی خێزانەكانیشان دەگاتە 70 هەزار كەس».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مالیكی داوای پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەكات

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ...