سەرەکی » دۆسێ » کوردایەتی؛ هاوکاریی نێوان کوردەکان و نەخوێندنەوەی سنوورەکان لە سەردەمی جەنگ و هێدمەکاندا

کوردایەتی؛ هاوکاریی نێوان کوردەکان و نەخوێندنەوەی سنوورەکان لە سەردەمی جەنگ و هێدمەکاندا

ئەم بابەتە دەقی توێژینەوەیەکی ئەکادیمییە سەبارەت بە چەمکی کوردایەتی کە لێکۆڵەر و توێژەر ویلیەم گۆرلەی لە زانکۆی مۆناش، کۆڵفیڵدی خۆرهەڵات، ئوسترالیا نووسیوێتی و هاوکارمان محەمەد حەمەساڵح تۆفیق لە زمانی ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و کوردستانی نوێ-ش وەک بابەتێکی بەپێز بەچەند ئەڵقەیەک بڵاوی دەکاتەوە، بەوپێیەی کە ئاماژەیەکی روونە بۆ زاڵبوونی هەستی نەتەوەیی کوردە بەسەر کورددا وەک نەتەوەیەک کە سەرباری سەپاندنی سنوورێکی دەستکرد کە نیشتمانەکەیی کردووە بە چوار بەشەوەو وەک دیفاکتۆ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراوە، بەڵام ئەو هەستە نەتەوەییە لە چرکەساتە هەستیارو مەترسیدارەکاندا ئەو سنوورانە دەبەزێنێت و کورد لە هەموو بەشەکانەوە ئەوەندەی بۆیان بڕەخسێت بەهانای یەکدییەوە دەچن.

ویلیەم گۆرلەی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

-5-

پێش ئەوە یاریکەرە کوردەکان هیچ وەختێک هێندە پاڵپشتی سەربازی و سیاسییان لەلایەن رۆژئاواوە دەستەبەر نەکردبوو67. هێزە کوردییەکان لە گەمەکەرە سەرەکییەکان بوون لە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی وەرگرتنەوەی هەر یەکە لە رەقە و مووسڵ لە دەستی داعش. پەیەدە، کە پێشتر بە کەمی دەناسرا، بەخێرایی توانی پەیوەندیی کار لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکاندا دابەزرێنیت و ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی تورکیای تووڕە کرد. بەهەمان شێوەش، بوو بە مەسەلەیەکی ئاسایی بۆ وەفدە رۆژئاواییە ئاست بەرزەکان سەردانی هەولێر بکەن و گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بکەن. ئەکتەرە کوردەکان، لە رێگەی ئەم میکانیزمانەوە، روونتر و کارامەتر دەرکەوتن لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی و بەهۆی یارمەتیی سەربازیی نێودەوڵەتییەوە توانییان رووبەری ئەو خاکە بەرفراوان بکەن کە لەژێر دەستی کوردەکاندا بوو لە باکووری سووریا و بۆ ماوەیەکیش کۆنترۆڵی هەندێ شوێنیان کردبوو لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی باکووری عێراقدا68.
ئەم گۆڕانکارییانە هەروا بە ئاسایی تێنەپەڕین لە ناوچەکەدا و دەمێک بوو تورکیا هەستی بە نیگەرانییەکی توند دەکرد لەو پەرەسەندنە سیاسییانەی کە بە سوود بۆ کوردەکان دەگەڕایەوە69. ئەنقەرە بە شێوەیەکی تایبەتی هەستی بە دڵەڕاوکێ دەکرد لە فراوانبوونی دەسەڵاتی کورد بەسەر باکووری سووریادا و تیشکی دەخستە سەر پەیوەنیی نێوان پەکەکە و پەیەدە و هەوڵیدەدا لەژێر ناونیشانی «تێرۆریست»دا کۆیان بکاتەوە و ئیدیعای ئەوە دەکات کە پەیەدە هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا. بە رووکەش وا تەماشای هاتنەناوەوەی تورکیا بۆ سووریا دەکرا لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە ئابی 2016 دا، بۆ کۆنترۆڵ کردنی سنوور و رێگرتن لە هاتوچۆی داعش، بەڵام لەراستیدا مەبەستی رێگرتن بوو لە پێشڕەویی زیاتری کورد. هەروەها ئۆپەراسیۆنێکی تری تورکی دەبینرێت لە ئۆکتۆبەری 2017 دا لە ژێر پەردەی دژە پەرەسەندن و گەرمبوونی شەڕ لە دەوروپشتی ئیدلیبدا. بەم پێیە مەترسییەکانی تێبەڕاندنی سنوور مەسەلەیەکی راستەقینەیە سەبارەت بە لایەنە کاراکانی کورد لە کاتی مانۆردا لەسەر شانۆی ستراتیجیی گۆڕاودا. لاکاتێکدا کە گرووپە کوردییەکان لە بەردەوامیدان و لەنێوان سنوورەکاندا هاوکارن و توندوتۆڵتر گەشە دەکەن و گەمەکەرە ناوچەییەکانیش کە بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان دەکەن ، تا پەڕی ئەوپەڕ هەستەوەرن بۆ تەجاوز و ئەوەی کوردەکان بەتایبەتی. ئەڵبەتە پێشڕەویی بەغدا بۆ دابینکردنی کەرکووک، کە بە پشتیوانیی ئەنقەرە و تاران ئەنجامیدا، بەڵگەیەکی روون و ئاشکرایە کەوا سنوورێکی دیاریکراو هەیە بۆ کوردەکان کە بتوانن مانۆڕی تێدا بکەن.
بەم مانایە بێت، بارودۆخی پان نەتەوەیی یان پان نیشتمانی بۆ کورد لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تیغیکی دوودەمە و بوونی مۆرکێکی کوردی بەسەر کۆمەڵێک سنوورەوە تۆڕێکی ئەمان و ئارامی بۆ لایەنە کاراکانی کورد دابین دەکات لە کاتی تەنگانەدا و بەمە دەتوانن بە دوای دڵنەواییدا بگەڕێن و جارێکی تر لە ناو خزمە هاونەژادەکانیاندا و سنوورە نێودەوڵەتییەکان رەچاو نەکەن70.
لەم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ هەڵکشانی پەیوەندی و قەیرانەکان، بواریش درا بە بنیاتنانی هاوکاری و یەکگرتوویی و ئەو هەست و سۆزانەی بڕوا و متمانەی خوڵقاند لە ناسنامەیاندا و رەواییش وەک گەلێکی خاوەن سەربەخۆیی. لە رێگەی هەماهەنگی و هاوکاریی کاراوە بەسەر سنوورەکاندا، کوردەکان بوون بە ئەکتەری هەرێمیی خاوەن توانا و کاریگەریی زیاتر و سەرمایەیەکی سیاسیی وایان بەدەستهێنا کە دەکرێت بخرێنە پێگەیەکی دانوستانی بەهێزترەوە بە تەواوبوونی شەڕ و ململانێ جۆراوجۆرەکانی نزیکیان. لەهەمان کاتیشدا، وڵاتە هەرێمایەتییەکان و بەتایبەتی تورکیا و دیسان ئێرانیش دان بە پەیوەندییەکانی ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەکاندا دەنێن و ئەو سوود و قازانجە تەکتیکیانەی بۆیان دەڕەخسێنێت، لەبەر ئەوە بەسڵە و جاربەجاریش هەوڵی فێڵکردن دەدات لە پەرەسەندنە کوردییەکان لە تەواوی ناوچەکەدا و نەک هەر لەسەر خاکەکەی خۆی71.
ئەڵبەتە چوونی تورکیا بۆ باکووری سووریا بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی جەرابلس نموونەی ئەو حاڵەتەیە و وەک هەماهەنگی لە نێوان ئێران و عێراق و تورکیادا دوابەدوای ریفراندۆمی کوردە عێراقییەکان.
بێگومان ترسێکی ئیزافی هەمیشە ئامادەیە لای وڵاتانی ناوچەکە، ئەویش لە خولیا و ئاواتی هەموو کورددا خۆی دەبینێتەوە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆی یەکگرتووە. ئەم مەترسییانەش لە دۆخ و ژینگەی ئێستادا هەڵایساوە، چونکە گرووپە کوردییەکان بە شێوەیەکی روولەزیاد کارلێکتر دەکەن و بەسەر سنوورەکاندا هاوکاری دەکەن و ئەوە کوردەکانن کە دێن و زەوی و خاکی زیاتر کۆنترۆڵ دەکەن، ئەوەش کوردەکانن کە پشتیوانیی دیبلۆماسی و سەربازیی نێودەوڵەتی و هاوسۆزیی لەگەڵ کێشە و مەینەتییەکانیان بەدەستدێنن.
ئەوەش کوردەکانن کە بە کراوەیی و بە ئاشکرا جەخت لەسەر ناسنامەیان دەکەن و رۆڵێکی کارای باش دەبینن، کە لە چاوی رۆژئاواییەکانەوە رۆڵێکی ئەرێنییە لە کاروباری ناوچەکەدا. ئەو رووداوەش کە لە ئۆکتۆبەری 2017 دا هاتە ئاراوە، کاتێ کە بەغدا بە رەزامەندیی ئەنقەرە و تاران ئەو هەگاوانەی نا بۆ بچووککردنەوەی فراوانخوازیی ناوچەیی کورد بە فیعلی خواستی دەوڵەتانی ناوچەکە دەردەخات کە بوار بە خولیا سیاسییەکانی کورد نادەن لە گرێژەنە دەربچێت. بێجگە لەوەش، ساغکردنەوەی مەودای راستیی خولیا و ئاواتی هەموو کورد کارێکە لە جێی خۆیدایە و رەنگە کوردایەتی لە ئێستادا لە هاوکۆیی و هاوکارییەکی نەژادیی فراوانخواز و تۆکمەدا دەربکەوێت، بەڵام ئەمە هاوتا نییە بە ئارەزوویەکی یەکگرتوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. تێبینی ئەوە دەکرێت کەوا کوردەکان بەشداربوون لە پرۆژەی سیاسیی جۆراوجۆری قەناعەت پێهێنانی ئایدیۆلۆجی لە ناوچەی جیاجیادا و داواکارییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی چەند ئەڵقەیەکی لێکتر دابڕاوی وتاردانی نەتەوەیی گرتووەتەوە و دوور بووە لە دەربڕینیک کەوا کۆدەگیی لەسەر بێت72.

پەراوێزەکانی بەشی پێنجەم

67. Namo Abdulla (2016) How ISIL Advanced Kurdish Nationalism, Turkish Policy Quarterly, 14(4), pp. 89 – 97.
– نامۆ عەبدوڵا «داعش چۆن ناسیۆنالیزمی کوردی پێشخست» …..
68. The Kurds’ advance in Syria is not without controversy. See Amnesty International (2015) Syria: US ally’s razing of villages amounts to war crimes, October 13, 2015. Available at: https://www.amnesty.org/en/press-releases/2015/10/syria-us-allys-razing-of-villages-amounts-to-war-crimes/, accessed December 16, 2016. On the disputed territories in northern Iraq see Peter Bartu (2010) Wrestling with the Integrity of a Nation: The Disputed Internal Boundaries in Iraq, International Affairs, 86 (6), pp. 1329 – 1343.
– پێشڕەویی کورد لە سووریادا بێ مشتومڕ نیە. بڕوانە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، سووریا: تەختکردنی گوندەکان لە لایەن هاوپەیمانانی ئەمریکاوە دەگاتە رادەی تاوانی جەنگ، 13ی ئۆکتۆبەری 2015»…..، لەبارەی ناوچە کێشەلەسەرەکانەوە لە باکووری عێراق بڕوانە پیتەر بارتۆ «ململانێ لەگەڵ کامڵبوونی نەتەوەیەکدا: سنوورە ناوخۆییە کێشە لەسەرەکان لە عێراقدا» ….
69. That said, Ankara is seen as a key ally and backer of the Kurdish administration in Erbil. See Ranj Alaaldin (2016) Why the Turkey-KRG alliance works, for now, Brookings. Available at: https://www.brookings.edu/ articles/why-the-turkey-KRG-alliance-works-for-now/, accessed February 3, 2017.
– وەک دەوترێت کەوا ئەنقەرە وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی و پشتیوانی ئیدارەی کوردی دەبینرێت لە هەولێر. بڕوانە رەنج عەلائەدین (2016) «هاوپەیمانیی تورکیا – حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا چۆن کار دەکات» …..
70. Mehmet Gurses (2015) Transnational Ethnic Kin and Civil War Outcomes, Political Research Quarterly, 68(1), pp. 142 – 153.
– محەمەد گویرسەس «خزمایەتیی بان نەتەوەیی نەژادی و ئەنجام و لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ» …
71. Historically, the Kurds’ division and their minority status have been used as pawns in regional states’ maneuvers against each other.
– لەڕووی مێژووییەوە، دابەشبوونی کورد و بارۆدۆخی کەمینەییان وەک یاری پێکردن بەکارهاتووە لە مانۆڕی دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا دژ بە یەکتر.
72. N. Watts (2015) Redefining the Kurdish Nation, Washington Post, February 27. Available at: http://www.washingtonpost.com/blogs/monkey-cage/wp/2015/02/27/redefining-the-kurdish-nation/, accessed December 16, 2016. – ن. واتس «سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی نەتەوە و نیشتمانی کورد» …

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مالیكی داوای پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەكات

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ...