سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » كه‌ گوێی‌ ناده‌ینێ‌ و ده‌یده‌ینه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر

روانینی دوێنێ‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ

كه‌ گوێی‌ ناده‌ینێ‌ و ده‌یده‌ینه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر

(1) هه‌ڵه‌و خاترانه‌…!!
•براده‌رێ‌ ئه‌م حیكایه‌ته‌ی بۆ گێڕامه‌وه‌: (كه‌ له‌به‌غدا بووم دوای‌ 14 ته‌موزی 1958 په‌یوه‌ندی‌ به‌ینی‌ رووسیا (یه‌كیتی سۆڤیه‌تی‌ ئه‌وسا) له‌گه‌ڵ عیراق پته‌وبوو، هه‌ندێ‌ له‌و ئالات و ئه‌ده‌وات و چه‌كه‌ی‌ ئه‌یاننارد بۆ عیراق، وه‌رشه‌یه‌كیان له‌سه‌ربازگه‌ی‌ رشید كردبوه‌و كۆمه‌ڵێ‌ شاره‌زای‌ خۆیان و شارزای‌ عیراقی سه‌رپه‌رشتی‌ به‌ستنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی‌ ئه‌و چه‌ك و ئاله‌تانه‌یانئه‌كرد، ئه‌ندازیارێكی‌ میكانیكی‌ عیراقیی‌ براده‌رم یه‌كیك بوو له‌وانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌یان ئه‌كرد، ئێواره‌یه‌كیان هات بۆلام و خه‌فه‌ت دایگرتبوو، لێم پرسی‌: خێر؟ وتی‌ له‌سه‌ركاره‌كه‌م سزادراوم و نه‌قلیشكراوم بۆ كارێكی‌ دی‌؟ له‌سه‌رچی‌ ؟ وتی: خه‌ریكی‌ به‌ستنی‌ ده‌رگایه‌كی‌ مۆسكۆفیچ بووم یه‌كێ‌ له‌ بورغیه‌كانم لێ‌ ونبوو، له‌لام عه‌یب بوو بچم داوای‌ برغویه‌كی‌ زیاد بكه‌م، عیراقیانه‌ له‌ناو وه‌رشه‌كه‌دا گه‌ڕام و بورغویه‌كم دۆزییه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كه‌ی و به‌ستم، كه‌كارمان ته‌واو بوو‘ به‌رپرسه‌ رووسیه‌كه‌ هات بۆپشكنین، نازانم چۆن دركیكرد به‌و بورغوه‌ غه‌ریبه‌… !! كه‌بانگی كردم لێی پرسیمه‌وه‌ حیكایه‌ته‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌، چاوی په‌ڕییه‌ ته‌وقی سه‌ری‌، لێیپرسیم: ئه‌ركی‌ گران ئه‌بوو ئه‌گه‌ر بهاتیتایه‌و دانت به‌ ونبوونی بورغوه‌كه‌دا بنایه‌و دانه‌یه‌كی‌ دیت وه‌ربگرتایه‌….!!! جوابم نه‌بوو، پێیدا به‌ئه‌رزاو لای‌ لێپرسراوه‌ عیراقییه‌كه‌ وتی: ئه‌م كابرایه‌ سبه‌ینێ‌ بێته‌ سه‌ر ئیشه‌كه‌ی من كار له‌م وه‌رشه‌یه‌ ئه‌وه‌ستێنم….!!!!
ئه‌م رووداوه‌ بچووكه‌ (ئه‌گه‌ر وردی بكه‌ینه‌وه‌)، وه‌ڵامی‌ پرسیاری هۆی به‌رده‌وامی‌ هه‌ڵچوونی به‌ره‌و باڵاتر له‌و جۆره‌ كۆمه‌ڵ و وڵاتانه‌دا ئه‌داته‌وه‌، ئێمه‌ به‌ (وڵاتانی‌ پیشه‌سازی و پێشكه‌وتووی لایه‌نی‌ ئابووری‌ و هه‌تا هوشیاری‌ و ئارامی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ناسیومانن… هه‌ڵه‌یه‌ك زیان بگه‌یه‌نی‌ (بێ‌ ته‌سلیم بوون) به‌خاترو خاترانه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كرا به‌جددی و به‌چاوپۆشین له‌ گه‌وره‌یی‌ و بچوكی هه‌ڵه‌كه‌ زامنی سه‌لامه‌تی ره‌وتی كاری بینا كارییه‌…له‌كۆمه‌ڵی‌ نیمچه‌ هوشیاری‌ وه‌ك كۆمه‌ڵی‌ ئێمه‌ كه‌ هێشتا تێگه‌یشتن له‌(ئه‌رك و ماف) له‌ناوتاكی‌ كۆمه‌ڵدا ته‌مومژاویه‌، له‌وانه‌یه‌ ته‌بیعه‌تی‌ كه‌سێك له‌ رووی‌ هوشیارییه‌وه‌ لێخۆشبوون له‌به‌رخاتریی‌ خاتران له‌هه‌ڵه‌ی بچوك هانده‌ری بێ‌ بۆ هیوای‌ چاوپۆشین له‌ هه‌ڵه‌ی‌ گه‌وره‌تر …!
به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ وردی‌ ئه‌م دیاردانه‌ و گه‌ڕان به‌هۆی‌ روودانیدا، ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی‌ هۆكار وجودی باوه‌ڕبوونه‌ به‌ (قه‌ده‌ر) وه‌ك پشتیوان بۆ باوه‌ڕبوون به‌ (خۆو به‌خت..!) كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاومان له‌ (خوێنه‌واره‌كانیشمان) پشتی‌ پێئه‌به‌ستن، له‌ناو عه‌ره‌بدا وه‌ڵامی‌ ئه‌مجۆره‌ كارانه‌ (كه‌مته‌رخه‌می‌ له‌ بایه‌خدان و چاره‌ی‌ به‌وه‌ی‌ یه‌ته‌ به‌رده‌ست) ئه‌ڵێن: (مشیی‌ ,,,!) و لای خۆمان ئه‌ڵێین: (ته‌واویكه‌ .. كێ‌ به‌كێ‌ یه‌…!!!)
ناتوانین (یان بابڵێین ئاسان نییه‌) سه‌رتا سه‌ری‌ كۆمه‌ڵ رازیبكه‌ین كه‌هه‌تا په‌یامه‌ ئاسمانیه‌كانیش به‌موتڵه‌ق فه‌رزیان نه‌كردووه‌ پێداویسته‌ دنیاییه‌كان وه‌ك باران قه‌ده‌ر ئه‌یبارێنێ‌، (مهاتیر محه‌مه‌د) سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ مالیزیا، كه‌ له‌هه‌ڵبژاردندا بردیه‌و حوكمی گرته‌ ده‌ست، مالیزیا له‌گێژاوی دواكه‌وتن و كێشه‌ی‌ ئابووری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و …هتدا بوو، بانگه‌وازێكی‌ ژیرانه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ كرد: (بۆ ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار لێمان رازیبێ‌ به‌دڵپاكیه‌وه‌ بۆ نوێژ روو له‌ قیبله‌ بكه‌ن، به‌ڵام بۆ بیناكردنی‌ مالیزیا روو له‌ ژاپۆن بكه‌ن و فێرببن چۆن بنیات بنێین..!) ئه‌وه‌ مالیزیای‌ له‌ریزی‌ پشته‌وه‌ی‌ بازرگانیی‌ دنیا هێنایه‌ ریزی كه‌ڵه‌ ئابوورییه‌كان..!

(2) قسه‌ یه‌ت قسه‌ ئه‌بڕێت ..!
ئه‌م حیكایه‌ته‌، رووداوێكی‌ دی‌ بیرخستمه‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌نده‌ به‌ چاو پۆشینه‌وه‌یه‌ له‌(دیارده‌ی‌ ترسناك) كه‌ له‌به‌رچاوت رووئه‌دا،رۆژێ‌ چومه‌ ده‌رمانخانه‌یك بۆ كڕینی‌ ده‌رمان، كابرایه‌ك به‌كیسێكی‌ پڕ ده‌رمانه‌وه‌ هاته‌ ژووره‌وه‌و به‌خاوه‌ن ده‌رمانخانه‌كه‌ی وت ئه‌م ده‌رمانانه‌م لێ‌ ناكڕی‌؟ كیسه‌كه‌ی‌ لێ وه‌رگرت و یه‌كه‌یه‌كه‌ ده‌رمانه‌كانی ده‌رهێناو سه‌یرێكی‌ ئه‌كردو ئه‌یوت: ئه‌مه‌ مۆری‌ ئه‌وه‌ی‌ پێوه‌یه‌ كه‌ ته‌وزیعكراوه‌ بۆ خه‌سته‌خانه‌كان….!!! كابراش واقی‌ وڕمابوو پچڕ پچڕ وتی: ئاها …خه‌سته‌خانه‌ یه‌عنی چی‌؟ لێی پرسی‌؟ ئه‌م ده‌رمانانه‌ت له‌كوێێ‌ بوو، ئه‌گه‌ر من له‌م ده‌رمانخانه‌یه‌وه‌ بیفرۆشم تووشی سزای‌ گه‌وره‌ ئه‌بم …به‌په‌له‌ پڕوزێ‌ ده‌رمانه‌كانی‌ كرده‌وه‌ ناو كیسه‌كه‌و وتی: من جوزانم وه‌ڵا خزمێكم وتی‌ بۆم بفرۆشه‌ و لێیداو رۆیشت…. من و خاوه‌ن ده‌رمانخانه‌كه‌ به‌سه‌رسوڕماوی‌ سه‌یرێكی‌ یه‌كمانكردو ئه‌و وتی: ده‌فه‌رموو … ئیستا چیبكه‌ین…؟ !
به‌راست: له‌م حاڵه‌تانه‌دا چی بكه‌ین ..؟
•دوا وێستگه‌ :
ئه‌وه‌ی رابووردوو به‌هه‌ڵه‌ بخوێنێته‌وه‌، حازرو پاشه‌رۆژیش به‌هه‌ڵه‌ ئه‌خوێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌بێ‌ بزانین چی‌ روویداوه‌ هه‌تا بتوانین خۆمان له‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌ی‌ تازه‌ به‌دووربكه‌ین، كه‌مژه‌ییه‌ ئینسان دووجار باجی یه‌ك هه‌ڵه‌ بدات (عه‌بدولرحمان مونیف) .

 387 جار بینراوە