سەرەکی » وتار » نڤیسکار » ئەشهەدوو وتت

دەردە دڵ

ئەشهەدوو وتت

برادەرێكی رۆژهەڵاتی بۆی گێرامەوە وتی لەسەردەمی روخانی رژێمی شای ئێراندا پەیتا پەیتا تێكۆشەران لە سەرتاسەری دونیاوە دەگەڕانەوە بۆ ناوەوەی وڵات.
چەپ ‌و دیموكراتخواز ‌و قوربانیانی دیكەی دەستی رژێمی دیكتاتۆری پەھلەوی لە ھەموو ئاڕاستە ‌و رەوتە سیاسیی ‌و فیكرییەكان گەرەكیان بوو مەنفای سیاسی بەجێبهێڵن ‌و بەشداری ساتەوەختی مێژوویی راپەرینەكە بكەن.
لەناویاندا كوردێكی تێكۆشەر ‌و پێشمەرگەی رێی ئازادی لە زەمانی كۆمارەوە ئاوارە‌و پەریوەی باشووری كوردستان ھەبوو،ئەویش گەڕایەوە ‌تا بە دیداری زێد ‌و خاك ‌و خەڵكی كوردستانی رۆژهەڵات شاد ببێتەوە. ئەوێك لەسەر نەتەوە ‌و دیموكراسی ‌و ئازادی رەنجی فەرهادی زۆری دابوو باوەشی بۆ دیداری دۆستان ‌و هاوەڵانی كردەوە. لەناو قەرەباڵەغیدا یەكێك لە پیاوی سەد ڕەنگ ‌و بێ باری هەموو سەردەمێك بوو یەك بەخۆ هاواری بوو،هێی فڵانی نەمگوت ئەو شای بەهلەوییە دەروخێ و گۆڕ بەگۆڕ دەبێ؟
كابرای رەنجی فەرهادی كە دەیان ساڵ قوڵنگی فەرهادی بۆ روخانی بێستونی ستەم ‌و بێدادی هەڵگرتووە كە فەرزەندی پێرەژنی فەرهاد کوژەی بینی وا دەڵێ ‌و شەرم لە ئارەق ‌و هیلاكی ئەو ناكا، بە پێكەنینەوە گوتی: فلانی ! ئەشهەدو مابیلا واتگوت.
ئەم نەقلی قەولی رۆژهەڵاتییە رێك بەسەر بەسەرهاتەكانی ئەمرۆی سیاسەت لە باشووردا جێبەجێ دەبێت. زۆر كەس پەردەی بێ حەیایی وا پساندووە لە جیاتی ئەوەی سەری خۆی كز بكا چونكە لە هیچ تۆمارێكدا ناوی نییە ‌و لە تەنگانەدا نەبینراوە یەخەی ئەوانە دەگرێ کە لەسەر قسە ‌و قەول ‌و قەراری مەسەلە گەورەكان لێی قەوماوە ‌و باجی داوە، رەنجی فەرهادی نواندووە ‌و قۆڵنگی ئازایەتی شاهیدی هیمەت ‌و هەیبەتێتی.
دەبێ لە حاڵی وادا وەك فەرهادەكەی لەسەر شیرین ئاوارە بوو بە بەكرە شۆفارەكان ‌و فەرزەندی پیرەژنی فەرهاد كوژە بگوترێت:
ئەشهەدو مابیلا ڕاست دەکەی وتت !
تۆ وتت شا گۆڕ بە گۆڕ دەبێ ‌و ئەمانەی تر هەر پیازیان دەچنی ‌و پێدەچێ فرمێسك ‌و ئارەقیان گریانی پیاز چنین بووبێت.
لەسەر دوو بەسەرهاتی وایە هێمن گوتویەتی:

بوومە گەپ جار ‌و دەكا گاڵتان بە من
ئەو رموزنەی زەندەقی چووبوو لە من.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*