سەرەکی » دۆسێ » وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری) پیاوەكەی پشت دوبەیپەڕە 16

کتێبی تروسکەکانی هزر

وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری) پیاوەكەی پشت دوبەی

وەرگێڕانی: یونس قادر

به‌شی سێیه‌م
«5»
هێمای سەركەتن
زۆرجار خەڵك پرسیارم لێدەكەن لەبارەی نهێنی ئاماژە سەیرەكەی دەستەمەوە كە پێی ناسراوم و بەكاری دەهێنم لە ساتەكانی سەركەوتن و بردنەوەی كەسیی خۆمدا، بۆ نمونە لە كاتی پێشبركێكانی ئەسپسواری درێژخایەندا. لە جیاتی دوو پەنجە بە شێوە نەریتیەكەی v بۆ سەركەوتن (Victory)، پەنجە گەورە، پەنجەی شایەتمان و پەنجەی ناوەڕاست بەیەكەوە بەرزدەكەمەوە، بەشێوەی سڵاوێك بە سێ پەنجە كە دیزاین و داهێنانی خۆمە.
V»» ئاماژەیەكی جیهانیە بۆ سەركەوتن و لە هەموو شوێنەكانی تری جیهاندا بووە بە نەریت، بەڵام نەك بۆ ئێمە لێرە لە جیهانی عەرەبی. بیرم كردەوە و پرسیارم لەخۆم كرد بۆچی ئەبێ ئێمە هەمیشە خۆشحاڵیەكانمان بە زمانی خەڵكانیتر دەرببڕین. ئێمەی عەرەب ژیارێكی رەگ داكوتاوی قوڵ و زمانێكی دەوڵەمەند و داهێنانێكی زۆرمان هەیە.
بۆیە بیرۆكەی هێمای سەركەوتنی تایبەت بەخۆم هات بە مێشكدا، سێ پەنجە بەرز ئەكەمەوە بۆ دەربڕین لە سێ شت: سەركەوتن و بردنەوە (كە ئەم وشانە لە زمانی عەرەبیدا لە سێ پیت پێكهاتوون ) و رستەی « I love you» ( خۆشم ئەوێیت)* لە سێ وشە پێكهاتووە.
هێمای سەركەوتنی تایبەت بەخۆم ئاماژەیەكی سادەیە، بەڵام ئاماژەیەكی رەمزیی و سیمبولیە. لەبەر ئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە ئەكات كە ئێمە ئەبێت كەسایەتی تایبەت و جیاواز بەخۆمان هەبێت و، شانازی بە زمان و كەلەپوری خۆمانەوە بكەین. پێویستە داهێنان بەشێكی دانەبڕاو بێت لە هەموو ئەو شتانەی كە ئەنجامی دەدەین. داهێنانیش ئەبێت جەوهەری كەسایەتیمان بێت، ئەگەر بریاربێت هەوڵەكانمان بۆ نایابوون و زۆرباشبوو بن.
لەبیرم دێت زیاتر لە 12 ساڵ لەمەوبەر، تیمێكی كار لە كۆمپانیایەكی خانوبەرەی گشتی بیرۆكەیەكی تازە و نوێیان دۆزیبوەوە لەبارەی دروستكردنی جەزیرەیەك (دوورگە) لە ناوجەرگەی دەریادا. داخوازی لەسەر موڵكی سەر دەریا(كەناردەریا) زۆر بوو بەهۆی كەمی و دەگمەنیەكەیەوە، بۆیە بیرۆكەكەم پەسەند كرد. دوای ماوەیەكی كەم، پلان و وێنەی هێڵكاری دوورگەكەیان پیشاندام، كە لە شكڵی بازنەییدا بوو، پرسیارم لێكردن بۆچی ئەم شكلەیان هەڵبژاردووە، وەڵامیاندامەوە كە ئەوە شیاوترین و باوترین شێوە و فۆرم بووە و، تەنانەت راسپاردەی كەسە پسپۆرەكانیش بووە. منیش نەمشاردەوە، وتم لەبەر ئەوەی كە پرۆژەكە بەم شێوەیە زەبەلاحە ئەبێت -گەورەترین جەزیرەیە كە بەدەستی مرۆڤ دروستبكرێت لە جیهاندا ئەبێت رێگەیەك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ماركە و نیشانەی خۆمانی لەسەر بەجێبهێڵین. نابێت شێوەیەكی ئاسایی و باوی هەبێت. پێشنیارم كرد كە لە شێوەی دار خورمادا دروستی بكەن. ئەمە ئەبێتە نیشانە و سیمبولی كەلەرپورمان و هەروەها شاهێدێك بۆ مەودایەكی دووری گرنگی ژیانمان لەسەر ئەم خاكە.
ئەمرۆ، دوورگەكانی دارخورما ماركە و نیشانەی شوێنێكی ناسراون لە جیهاندا كە واتای شتێكی گرنگ ئەگەیەنن لەبارەی ئێمەوە. قەبارە گەورەكەیان وادەكات كە لە بۆشایی و فەزاوە ببینرێن. نیشانە و سیمبولێكن بۆ بەرزخوازیمان، بۆ ئەرێنیبونمان و توانامان بۆ جێبەجێكردن. شێوە دەگمەن و جیاوازەكەیان واتای رۆحی داهێنان، نوێگەری و كەلەپورمان دەدەن.
بۆیە بە هاوكارەكانم دەڵێم: ئەگەر خۆتان رابهێنن لەسەر داهێنان لە شتی بچوكدا، داهێنان لەسەر ئاستی فراوانتری بەدوادا دێت. داهێنان سیفاتێكی سروشتی و زگماكیە لە پێكهاتەی كەسەكان و شێوازی بیركردنەوەیان. بۆ ئەوەی داهێنەر بیت، پێویستە شتێكی نوێ زیاد بكەیت بۆ ژیان، نەك بە پێچەوانەوە بەشێكی پاسیڤ و ناكارا بیت لە ژیان. رەنگە ئێمە بۆ سەدان ساڵ نەژین، بەڵام بەرهەمی داهێنانەكانمان، میراتێكی دورودرێژ بەجێدەهەڵێ لە دوای رۆیشتمان.

«6»
گەورەیی
رێگە مەدە بە ترس بچوكت بكاتەوە. گەورە بیر بكەرەوە، ئامانجت گەورەبێت و دەستكەوتیشت گەورە دەبێت.
لە كۆتایی ساڵی 1960 كاندا، كاتێك باوكم، شێخ راشید، پێشنیاری دروستكردنی یەكەم بەندەری ئاوی قوڵی دوبەی كرد، بەندەری راشید، بریاریدا كە زۆنێكی ئاویی دروست بكات كە چوار لەنگەرگای كەشتی لە دەوردا بێت. لەو كاتەدا هەندێك خەڵك زۆر بەگومان بوون و بڕوایان نەدەكرد. تێنەدەگەیشتن لەوەی كە چۆن شارۆچكەیەكی بچوكی 60,000 كەسی پێویستی بە بەندەرێكی وا گەورە و فراوان دەبێت.
كاتێك كە لە نیوەی دروستكردنیدا بوو، باوكم پلانەكانی گۆڕی و 11 لەنگەرگای كەشتی تری بۆ زیاد كرد. زیادبوونی تێچون دەبووە بەربەست و ئاڵێنگاری. بەڵام ئەو سوربوو لەسەر ئەوەی كە بەندەرە نوێكە فراوان و گەورە بكات. هەركە لەنگەرگایەكی كەشتی نوێ دروست ئەكرا، خێرا ئەخرایە كار و خزمەتەوە، بۆ ئەوەی داهاتەكەی بتوانێ هاوكار و بەشدار بێت لە تێچونی بەردەوامی دروستكردنی. دوای چوار ساڵ ، لە ساڵی 1972 دا، «بەندەری راشید» بە فەرمی كرایەوە. ئەو رۆژی شانازییە من لەگەڵ باوكمدا بووم: بەندەرەكە بەتەواتی لەكاردا نەبوو، بەڵام 15 لەنگەرگای كەشتی لە كاردا بوو، كە چاوەرێی كەشتیەكانیان دەكرد لەدەرەوە بگەن.
جار لە دوای جار باسی پرۆژەی نوێی دەكرد بۆ شارەكە. خەڵكی بەگومان و دودڵیش سەریان رائەوەشاند. بەڵام ئەمە ئەوە ئەسلەمێنێ كە باوكم راست بوو، شارەكەمان گەشەیكرد، چونكە روئیا و خوێندنەوەی باوكم تەواو گەورە بوو بۆ هێنانەدی ئەو گەشەكردنە.
دواتر، سەركردایەتیكردن لە شوێنەكەیدا كەوتە سەر شانی من. لەبەر ئەوەی هەرگیز فێری ترسی نەكردبووم لە قەبارە و بینین (روئیا) دا، شارێكی گەورەمان بنیاتنا لە شوێنی ئەو شارە بچوكە: شارێك كە زیاتر لە دوو ملێون دانیشتوانی تێدایە: شوێنی یەكێك لە قەرەبالغترین فرۆكەخانەكانی جیهان – گەورەترین بەندەر لە جیهاندا كە بە دەستی مرۆڤ دروستكرابێت – بەرزترین تاوەر لە جیهاندا. ئەمرۆ «یەكەمی» تری زۆر هەن لە دوبەیدا و، پلانمان هەیە زیاتری بكەین لە ئایندەدا. ئامانجان ئەوەیە كە یەكەم بین لەوەی پێی هەڵدەستین.
پوختەی بابەتەكە ئەمەیە: تەنها لەبەر ئەوەی دوبەی پچوك بوو، واتای ئەوە نەبوو، كە ئەبوایە پچوك بیرمان بكردایەتەوە.بەڵكو واتای ئەوە بوو،كە ئەبوو گەورە بیر بكەینەوە. هەمووكەس بە بچوكی دەستپێدەكات. هەموومان لە یەك تاكە خانەوە دەست دەكەین بە ژیان. هەموو بزنسێك بە كەسێك و بیرۆكەیەك دەست پێ دەكات. چەند خێرا برۆیت ئەوەندە دەگەیت، لە دەستی خۆتدایە. هەتا روئیا و بینینت گەورەتر بێت، دەسكەوتت گەورەتر دەبێت. ئایا ئەم رێگەیە كەوتن و سەرسمدانی تێدایە ؟ رەنگە، بەڵام ناتوانین رێگە بە ترس بدەین كە بە پچوكی بمانهێڵێتەوە. ئەبێت ئازابین بۆ ئەوەی «گەورە» بین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران دەكرێت

رۆژنامەیەكی قەتەری كە لە لەندەن دەردەچێت، ئاماژە بە بەردەوامبوونی لێكۆڵینەوەكان ...