سەرەکی » دۆسێ » خاچی سوور: عیراق زۆرترین بێسەروشوێنكراوی تێدایە

ژمارەكە سەرسوڕهێنەرە

خاچی سوور: عیراق زۆرترین بێسەروشوێنكراوی تێدایە

نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و لیژنەی نێونەتەوەیی خاچی سور پرسی بێسەروشوێن و خێزانەكانیان لە عیراقدا تاوتوێ‌ دەكەن، خاچی سور پێیوایە، عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی بێسەروشوێنەكان لەخۆدەگرێت، بە جۆرێك كە هەر خێزانێكی عیراقی، كەسێكی بێسەروشوێنی بەردەكەوێت.
بە بۆنەی رۆژی جیهانی ونبوان و بێسەروشوێنكەكان، نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور لە 30ی ئابی 2019، مەراسیمێكیان لە شانۆی مەنسور لە بەغدا سازكرد بۆ رێزلێنان لە كەسانی بێسەروشوێن و خێزانەكانیان لە عیراق.
بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لە دوای مەراسیمەكە بڵاوكرایەوە، لە مەراسیمەكەدا ئاماژە بە بێسەروشوێنبوونی سەدان هەزار كەس كرد لەماوەی چل ساڵی رابردوو لە عیراق كە بەهۆی ناكۆكی و ململانێ‌ یەك لە دوای یەكەكان و ئەو تەوژمە توندوتیژییانەوە بوو كە لەو ماوەیەدا باڵیان بەسەر وڵاتدا كێشا و بونە مایەی دروستبوونی نەهامەتی و خەم و ئازار لەنێو خێزانەكاندا.
حمید غازی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو «عیراقیەكان ماوەیەكی زۆرە لەبەدەست ناكۆكییە چەكدارییە یەك لەدوا یەكەكانەوە دەناڵێنن، هەر لە رەفتارە داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی پێشووەوە بگرە تا دەگاتە ئەو تەوژمە توندوتیژییەی لە دوای ساڵی2003وە لە وڵاتدا دروستبوو، بەو تاوانە و كارە تیرۆریستیانەشەوە كە لەلایەن رێكخراوی داعشەوە لە عیراقدا ئەنجامدران».
بە گوتەی غازی «لەو ماوەیەدا كەسانێكی زۆر لەناوچوون و ژمارەیەكی بێشماریش بێسەروشوێن بوون و خێزانەكانیان هیچ وەڵامێكیان پێنەگەیشتووە لەبارەی چارەنوسیان، حكومەتی عیراق كەمتەرخەم نییە و هەوڵەكانی بۆ گەڕان و دیاریكردنی چارەنوس و شوێن و جێگەی ئەو كەسانەی بێسەروشوێنن خستووەگەڕ، و كار بۆ گەڕاندنەوەی هیوا‌ بۆ بۆ نێو خێزانەكانیان دەكات».
نوسینگەی سەرۆك وەزیران و لیژنەی خاچی سور لە بەیەیانناكەیاندا پێیانوایە» عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی كەسانی بێسەروشوێنی تێدایە، بە جۆرێك كە هەر خێزانێكی عیراقی، كەسێكی بێسەروشوێنی بەردەكەوێت، یان هەموو كەسێكی عیراقی خێزانێك دەناسێت كە كەسێكی بێسەرو‌شوێنی هەیە».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»رەوشەكە كاریگەری خراپی لەسەر خێزانەكان دروستكردووە، چونكە زۆرێك لەو خێزانانە بۆ دەیان ساڵ دەچێت لە دڵەڕاوكێدا دەژین، بە بێ‌ ئەوەی وەڵامێكی تەواوییان لەبارەی بێسەروشوێنەكانەوە دەستبكەوێت، ئەم خێزانانە بەدەست نەداریی و كەموكوڕیی داراییەوە دەناڵێن، وێڕای دروستكردنی كاریگەریی دەرونی خراپ بۆ ئەندامانی خێزانەكانیان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا كاتارینا ریتز، سەرۆكی نێردەی لیژنەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عیرااق رایگەیاندبوو «ئەو كەسانەی بێسەروشوێن بوون هەریەكە چیرۆكی جیاواز لە پشت ونبونییەوە هەیە، بەڵام بەرەئەنجام و كاریگەریی ونبونیان لەسەر خێزانەكان هاوشێوەیە».
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی خاچی سور»بەشێوەیەكی بەردەوام ‌كاریگەریی دەرونی نەرێنی لەسەر ئەو كەسانە دەردەكەوێت كە باوك یان دایك، یان منداڵێكیان بێسەروشێنە، ئەوانە بەردەوام لە هەوڵ و تەقەلای و سۆراخ پرسیندان بۆ دەستخستنی زانیاریی و دەستەبەركردنی سەرەداوێك كە ببێتە دۆزینەوەی چارەنوسی كەسوكارییان».
لە بەیاننامەكەدا هاتووە»هەموو خێزانەكان مافی خۆیانە چارەنوس و جێگە وشوێنی كەسوكارەكانیان بزانن و بگەنە بەرەنجامێكی وەها كە بزانن كەسە نزیكە بێسەروشوێنەكانیان لە ژیاندا ماون یان گیانیان لەدەستداوە، لە حاڵەتی لەناوچوون و نەمانیشیان لە ژیاندا، پێویستە بەوپەڕی شكۆ و بەپێی داب و نەریتی پەیڕەوكراو، پرسەیان بۆ دابنرێت و رێزییان لێبگیرێت».
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی دەڵێت»لە 21ی ئاب و بۆ ماوەی 10 رۆژ هەڵمەتێك لە سەرانسەری عیراقدا بۆ هۆشیاركردنەوەی گشتی سەبارەت بە كەسانی بێسەروشوێن لە لایەن لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سورەوە ئەنجامدرا»، ئاماژە بەو هەوڵە دانەبڕاوانەش كرا كە لیژنەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراقی دەیانخاتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی ئەو كەسانەی بۆ ماوەیەكی زۆرە بێسەروشوێنن.
لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی بەبۆنەی 30ی ئاب كە ڕۆژی جیهانی ونبووانە، كەمپینێكی راگەیاند بۆ چۆنیەتی شێوازی گەڕان بەدوای ونبووەكان، بەرپرسێكی ڕێكخراوەكەش رایگەیاندبوو، بەسەدان هەزار وونبوو لەجیهان هەن، تیمەكانی خاچی سوری نێودەوڵەتیش سۆراغی دۆخی ونبووەكان لە سەرانسەری عیراقدا دەكات.
ئەڤین یاسین وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی لە عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو» ئەوان لە 65 وڵاتدا كاردەكەن و بەسەدان هەزار وونبوو هەن كە كاری لەسەر دەكەن، ڕۆژانەش هاووڵاتیان سەردانیان دەكەن و ناوی كەسە وونبووەكانیان تۆمار دەكەن».
بە گوتەی ئەڤین یاسین»لە سەرەتای ئەمساڵەوە 500 دۆسێیان بۆ ونبووەكان كردووەتەوە، ئەوەی دۆزراونەتەوە، 50 دۆسێ‌ بوون كە لەدوای دۆزینەوەیان كەیسەكان داخران».
بەرپرسەكەی خاچی سور دەڵێت»ساڵی رابردوو هەزار و 50 دۆسێ‌ بۆ ونبووەكانی عیراق كرانەوە، پرۆسەی گەڕانیش بەدوای ئەو ونبوانەی لای ئەوان تۆماركراون، بەرددەوامە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مالیكی داوای پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار دەكات

نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری ...