سەرەکی » راپۆرت » ده‌ستی چه‌په‌ڵی تیرۆر مزگه‌وتی کردووە بە چەقی کردەوەکانی‌

ده‌ستی چه‌په‌ڵی تیرۆر مزگه‌وتی کردووە بە چەقی کردەوەکانی‌

له‌درێژه‌ی ئه‌و توندوتیژیه‌ی که‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ میسری گرتۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌پاش لابردنی ئیخوان موسلمین له‌ساڵی 2013 ه‌وه‌، رۆژی هه‌ینی له‌کاتی نوێژکردنی رۆژی هه‌ینیدا، کۆمه‌ڵێک چه‌ته‌ی توندڕه‌وی ئیسلامی که‌سه‌ر به‌چه‌ته‌کانی داعشن، په‌لاماری ‌مزگه‌وتێکی شارۆچه‌که‌ی بئر العبدی نزیک له‌ شاری عه‌ریشی باکووری سینا داو له‌ئه‌نجامدا سه‌دان کوژرا و برینداری لێکه‌وه‌ته‌. عه‌بدولفه‌تاح سیاسی سه‌رۆکی میسریش، به‌ڵێنی وه‌ڵامێکی توندی تیرۆریستان ده‌دات و جیهانیش هاوغه‌می خۆی بۆ میسر ده‌ربڕی.

گه‌وره‌ترین قوربانی
به‌پێی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ناوخۆی میسری بێت، ژماره‌ی کوژراوه‌کان گه‌یشتۆته‌ 235 که‌س و نزیکه‌ی 109 که‌سیش برینداربوون، برینی هه‌ندیکیشیان زۆر سه‌خته‌، هه‌ربۆیه‌ پێده‌چێت له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا ژماره‌ی کوژراوه‌کان به‌رزبێته‌وه‌.

ژماره‌ی تیرۆریستان 40 که‌س بووه‌
هۆکاری کوژرانی ئه‌م سه‌دان که‌سه‌ زۆره‌و چه‌ند که‌سێک که‌له‌نزیک رووداوه‌که‌ بوون به‌ ئاژانسی رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه‌، سه‌ره‌تا که‌سێک خۆی ته‌قاندۆته‌وه‌، دواتریش کاتێک خه‌ڵکی ناو مزگه‌وته‌که‌ رایانکردۆته‌ ده‌ره‌وه‌، نزیکه‌ی 40 تیرۆریست ده‌سترێژیان کردۆته‌ سه‌ر خه‌ڵک، دواتریش له‌شوێنێکی تردا، په‌لاماری ئه‌و ئه‌مبولانسه‌یان داوه‌، که‌ برینداره‌کانیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ گواستۆته‌وه‌.

بۆچی ئه‌م مزگه‌وته‌ کرایه‌ ئامانج؟
به‌پێی میدیاکانی میسر بێت، ئه‌و مزگه‌و‌ته‌ زیاتر خه‌ڵکانی سۆڤی سه‌ردانی ده‌که‌ن، سۆڤییه‌کانیش وه‌کو ره‌وتێکی کۆنی ئایینی له‌مێژووی ئیسلامدا بوونیان هه‌بووه‌‌، به‌ڵام ئه‌م ره‌وته‌ ئاینییه‌ له‌لایه‌ن به‌شێکی زۆری ئیسلامییه‌ توندڕه‌و سه‌له‌فییه‌کانه‌وه‌ ره‌تده‌کرێنه‌وه‌و‌ دژایه‌تییان ده‌کرێت و به‌ کافرو مورته‌د وه‌سفیان ده‌که‌ن.

سیسی وه‌ڵامێکی توندمان ده‌بێت
له‌پاش رووداوه‌که‌ له‌په‌یا‌مێكی ته‌له‌فزیۆنیدا عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆکی میسر رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی که‌ روویدا هه‌وڵدانێکه‌ بۆئه‌وه‌ی رێگریمان لێبکه‌ن له‌جه‌نگمان له‌دژی گرووپه‌ تیرۆریسته‌کان. وتیشی: سووپا و پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌وپه‌ڕی هێزو توانیانه‌وه‌، وه‌ڵامی ئه‌م هێرشه‌ وه‌حشییه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌و تۆڵه‌ شه‌هیداکانیان لێده‌سێنینه‌وه‌. دواتریش سێ رۆژی ماته‌مه‌مینی له‌ته‌واوی میسر راگه‌یاند.

جیهاندا ئیدانه‌ی کرد
هه‌رله‌پاش رووداوه‌که‌ ته‌واوی جیهان ئیدانه‌ی‌ ئه‌م کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی کرد. دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌ واڵه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر ئه‌م کاره‌ی به‌ وه‌حشیی و ترسنۆکانه‌ وه‌سفکرد.
پێویسته‌ جیهان رووبه‌رویان بێته‌وه‌
دواتر تره‌مپ رایگه‌یاند: جیهان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ تیرۆریستان خۆش نابێت. وتیشی: پێویسته‌ له‌رووی سه‌ربازییه‌وه‌ شکستیان پێبهێنین و پێکه‌وه‌ش کاربکه‌ین تاوه‌کو ئایدۆلۆژییه‌ توندڕه‌وه‌که‌یان به‌درۆبخینه‌وه‌.

پاریس غه‌مباره‌
ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا له‌ سه‌ر واڵه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ی کرد و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاڕاسته‌ی گه‌لی میسری کرد. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئان هیدالگۆ ژنه‌ سه‌رۆکی شاره‌وانی پاریس به‌ میدیاکانی راگه‌یاند: وه‌کو هاوغه‌مییه‌ک له‌گه‌ڵ گه‌لی میسر و ئیدانه‌کردنی ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌، گڵۆپه‌کانی بورجی ئیڤڵ بۆ ساتێک ده‌کوژێنینه‌وه‌.
هه‌روه‌ها به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیاو روسیاو ئێران و یه‌کێتی ئه‌وروپا و ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان ، ئیدانه‌ی ئه‌م کاره‌ تیرۆیستییه‌یان کرد.
سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌کان

 479 جار بینراوە