كوردستانەكەم

نازانم ئەمەیان (كونج)، یا یاداشت – یا دەچێتە چ بەشێك لە نووسینەكانم.. خۆتان دەیزانن – ناوی لێ بنێن – بەڵام كە هات بە بیرما وا من دەست دەدەمە قەڵەم و ئێوە ناوی لێ بنێن.
كە لە باكۆ دەژیام – لە ئێستگەی عەرەبی كارم دەكرد، لە سەروو شاخەكە لای ئێستگەوە – بە (فونیكلۆر) كە لە تراموای دەچوو، دەهاتیتە خوارەوە – لە فولكەی خوارەوە – ماڵی مامۆستای زمانی (رووسی یەكەم) – ئەحمەد ڕەمەزانۆڤیچ مەحموودۆڤ بوو – ئەم مامۆستایەم موسڵمان بوو – خەڵكی داگستان بوو – لە داگستان سێ میللەت هەن – ئەڤار ‌و لەزگین ‌و كۆمیك – ئەم مامۆستایەم (ئەڤار) بوو – زۆر جار بۆ نانخواردن بانگی دەكردم بۆ ماڵی خۆیان – تەنیا كچێكی هەبوو – كە ئەوكاتە منداڵ بوو ناوی (زنفیرا) بوو. بەهۆی مەحموودۆڤەوە شاعیری گەورەی داگستان (ڕەسووڵ هەمزاتۆڤ)م ناسی- كە ئەوكاتە لە مۆسكۆ دەژیا- جارێك هاتم بۆ مۆسكۆ – مەحموودۆڤ نامەیەكی بۆ (ڕەسووڵ هەمزاتۆڤ) دامێ – تومەز ئەویش – هەر (ئەڤار)ە، ئەو دەمە ڕۆمانە بەناوبانگەكەی خۆی بە ناوی (داگستان)ەكەمەوە نووسیبوو، كە بەڕاستی ڕۆمانێكی جوان بوو كە لە جیهاندا نووسرا بێ.
هەمزاتۆڤ حەزی دەكرد ڕۆمانەكەی بكەم بە عەرەبی. لەلایەك باوەڕم بە خۆم ‌و رووسی یەكەم نەبوو كە بتوانم ڕۆمانێكی وا بكەم بە عەرەبی ‌و لەلایەكیتر، ئاواتی ئەوەم بوو كە بتوانم ڕۆمانێكی وەك ئەو – یا نیوەی ئەو بنووسم بە ناونیشانی (كوردستانەكەم)ەوە، دیارە قەڵەمی من ئەوەی هەمزاتۆڤ نی یە. بەڵام لاسایی كردنەوەی ئەو بە تێكەڵبوونی باسی سروشت ‌و فۆلكلۆرەوە شتێكی لێ دەردەچوو. بەڵام بە داخەوە نەكرا.
لەم ساڵانەی دواییدا برای خۆشەویستم مامۆستا دوكتۆر عەزیز گەردی ڕۆمانەكەی (هەمزاتۆڤ)ی كرد بە كوردی. نازانم لە عەرەبی یەوە وەریگێڕا بوو یان لە ئینگلیزی یەوە – چونكە دڵنیام رووسی ‌و (ئەڤار)ی نەدەزانی.
بەڵام كاكە حەمەی برام (نەمر محەمەدی مەلا كەریم) لە وەرگێڕانەكەی دوكتۆر عەزیز گەردی رازی نەبوو ‌و دەیووت بە زمانی بەحركە نووسیوێتی ‌و بە كوردی نەینووسیوە. خۆزگە كەسێك بەراوردێكی لە نێوان (زمانی یەكگرتووی كوردی) واتە (ستاندار) ‌و ئەو شێوە خۆماڵی یە (بەحركە)یەی كاك عەزیز گەردیدا دەكرد.
هەر لە یادی مەحموودۆڤدا دەبێ بنووسم. ساڵی وا بزانم 1975 بوو – ئالیمان ئەراسلی کە لە باڵیۆزخانەی سۆڤێت بوو – سێ نوێنەری یەكێتیی نووسەرانی دەعوەت كرد بۆ چوونە یەكێتیی سۆڤێت، پێكهاتەی نوێنەران حیكایەتی خۆی هەیە. بەڵام دوایی وەك (بەندە) سەرۆكی نوێنەران ‌و كامەرانی شاعیر ‌و حاجی سادق بەهادین گیرسایەوە. هەرسێكمان چووینە ماڵی مەحموودۆڤ. دیاریشم بۆ بردبوو. ئەو بەو چەند وشە عەرەبی یە فەسیحەی لای مەلا ئەڤاری یەكان فێری بوو بوو، زوو زوو دەیووت: حاجی سادق (). بەڵام كە هاتینە دەرەوە. زەرفێكی خستە گیرفانی منەوە ‌و یەكێكی خستە گیرفانی (كامەران)ی نەمرەوە. هیچی بۆ حاجی سادق دا نەنا. دیارە دیاریی ئەو پیرۆزە ‌و بە خۆشی یەوە هەڵدەگیرێ.
لەم ساڵانەی دواییدا هەواڵی (مەحموودۆڤ)م لە نەمر دوكتۆر رەحیمی قازی پرسی لە كاتی دوا هاتنیدا بۆ كوردستان. ووتی: دیارە نەماوە – چونكە زۆر دەمێكە نایبینم.

جارێكی تر دەنووسم:
نەمری بۆ ئەوانەی ناویان هات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كوردۆڤان

سەیری تەلەفزیۆن ئەكەم، لەم ڕۆژانەدا زۆر باسی ((سوودان)) هاتۆتە پێشەوە. ...