سەرەکی » دۆسێ » لێكدانەوە بۆ دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن دەكرێت

نەیارەكەی ئێران لە پۆستەكەی دەركرا

لێكدانەوە بۆ دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن دەكرێت

رۆژنامەی «واشنتۆن پۆست»ی ئەمریكایی لێكدانەوە بۆ دوورخستنەوەی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەكات لە كۆشكی سپی و پێیوایە، «دەستكەوتەكانی جۆن بۆڵتن، تەنیا پشێوی و پاشاگەردانی بووە».
«واشنتۆن پۆست»، لە بابەتێكیدا، نوسیویەتی»راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، هەرچەندە دەبوو زووتر لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە، میراتێكی پڕ لە ئاژاوە و پشێوی لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت».
لە بەشێكی تری بابەتی رۆژنامە ئەمریكاییەكەدا هاتووە»بۆڵتن لایەنگری رێگەچارەی سەربازییە دژ دوژمنانی ئەمریكا و دژایەتی دانوستانیش بووە لەگەڵ كۆریای باكوور و ئێران».
لە 11ی ئەیلولی 2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكیدا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕیە كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیبووی» بە جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی راگەیاندووە، كۆشكی سپی چیتر پێویستی راژە و خزمەتی ئەو نەماوە».

بۆڵتن وەڵامدەداتەوە
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی دایەوە و رایگەیاندبوو، خۆی داوای دەست لەكاركێشانەوەی كردووە و دەرنەكراوە.
بەپێی هەواڵێكی (تایمز ئۆف ئیسرائیل)، جۆن بۆڵتنی راوێژكاری دەستلەكاركێشاوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە تویتێكدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردووەتەوە» بۆخۆی داوای دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆك ترەمپ كردووە، بەڵام پێی راگەیاندووە كە دواتر قسەو لەوبارەیەوە دەكەن».
ئەمەش لەكاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكیدا لە ئەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردبووەوە»بە جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی راگەیاندووە كە كۆشكی سپی چیتر پێویستی بە راژەی ئەو نەماوە».
بە گوتەی ترەمپ»لەگەڵ زۆربەی پێشنیارەكانی بۆڵتندا هاوڕا نەبووە و زۆرینەی ئیدارەكەی بەهەمان شێوەی لەگەڵیدا كۆكنەبوون لەبارەی پێشنیارەكانی بۆ كۆشكی سپی، بەوهۆیەشەوە داوای لێكردووە دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە»، لە كۆتایی تویتەكەیدا رایگەیاندووە «هەفتەی داهاتو كەسێكی تر بۆ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دیاریی دەكات».
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كە چەند خولەكێك لەدوای راگەیاندنەكەی ترەمپەوە تویتێكی بڵاوكردەوە، و تێیدا رایگەیاندبوو»دۆناڵد ترەمپ بەمەبەست ویستویەتی لە گرنگی و پێگەی ئەو كەمبكاتەوە»
لەسەركالابردن و دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە پۆستەكەی، لێكدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت، چونكە بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان كە لە میدیا جیهانییەكاندا بڵاوكرانەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئێران بۆ دانوستان و دیالۆگ لەگەڵ ئەمریكا، دوورخستنەوەی بۆڵتن بووە كە بە یەكێك لە سەرسەختترین نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی دادەنرا.

هەڵوێستی تاران
لەبارەی دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە پۆستەكەی كە بە نەیاری ئێران ناودەبرا، نوێنەری تاران لەنەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاندبوو، دورخستنەوەی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، وڵاتەكەی بەرەو دانوستان پەلكێش ناكات.
ئاژانسی (ئێرنا)ی ئێرانی لە زاری، مەجید تەخت رەوانچی نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوكردبووەوە»دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، تاران بەرەو كۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ ئەمریكاییەكاندا نابات».
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران»كەشوهەوای كۆبونەوە لەگەڵ ئەمریكاییەكان لەبارنییە، لەكاتێكدا سزاكانی سەر وڵاتەكەی بەردەوامن و ئێران ناتوانێت نەوتەكەی بفرۆشێت».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران، بەپێویستی زانیبوو، ئەمریكا كۆتایی بە گوشارەكان بهێنێت و سیایەتی توندڕەوانەی خۆی لەبەرانبەر ئێران بگۆڕێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...