سەرەکی » دۆسێ » رۆڵى وڵاتانى ئيقليمى و نێوده‌وڵه‌تى له‌ ململانێكه‌ى ليبيادا

رۆڵى وڵاتانى ئيقليمى و نێوده‌وڵه‌تى له‌ ململانێكه‌ى ليبيادا

شاناز هيرانى

ليبييه‌كان كاتێك ڕاپه‌ڕينيان به‌سه‌ر قه‌زافى و داروده‌سته‌كه‌ى كرد ، خه‌ونيان به‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تێكى سه‌رده‌ميانه‌ و ديموكراسيانه‌ ده‌بينى، به‌ڵام دواى تێپه‌ڕبوونى هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕاپه‌ڕينه‌ و له‌ناوبردنى قه‌زافى، كه‌چى هيچ ئاسۆيه‌كى ڕوون بۆ ئه‌و گه‌له‌ نابينرێت. جگه‌ له‌ داڕمانى ته‌واوى ئابوورى و ژێرخان و كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى په‌رش و بڵاوو، كۆچى هه‌زاران كه‌س و جێهێشتنى وڵات، چيتريان ده‌ست نه‌كه‌وت.
هه‌ر دواى روخاندنى قه‌زافى له‌ 2011دا، ليبيا كه‌وته‌‌ نێو ململانه‌ى توند و دژوار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له ‌نێوان چه‌ندين گروپى چه‌كدار و ده‌يان هۆز و خێڵ، كه‌ پێكهێنه‌رى سه‌ره‌كى كۆمه‌ڵگه‌ى ليبين. نه‌بونى لێپرسينه‌وه‌ و سزادان و بێ ياسايى ئه‌وه‌نده‌ى تر دۆخه‌كه‌ى شلۆق كردووه‌ له‌و وڵاته‌دا‌. حكومه‌ت تا ئێستا ناتوانێ كۆنتڕۆڵى بارى ئه‌منى و ئاسايش بكات له ‌زۆربه‌ى ناوچه‌كان.
له‌كاتى ئێستاشدا حكومه‌تى ويفاقى نيشتمانى، كه‌ دواى رێكه‌وتنێك دامه‌زراو له‌ژێر چاودێرى نه‌ته‌وه ‌يه‌كگرتوه‌كان له‌ 2015ه‌وه‌ دروست بوو، باره‌گاكه‌شى له‌ ته‌رابلوسى پايته‌خته‌، له‌شه‌ڕ و ململانه‌ دايه‌ له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌ پشتيوانى لێكراوه‌كه‌ى له‌لايه‌ن په‌رله‌مانى هه‌ڵبژێردراو و سوپا (موشير خه‌ليفه‌ حه‌فته‌ر).
موشیر خەلیفە حەفتەر
حه‌فته‌ر ده‌يه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى خۆى فراوان بكات، بۆيه‌ له‌ نيوه‌ى كانونى دوه‌مى رابردووه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكى ده‌ست پێكردووه‌ له‌ باشوورى بيابانى وڵات، كه‌ شوێنێكى په‌راوێزخراو و دووره‌ ده‌سته‌ و بۆته‌ پێگه‌ى تاوانباران و ئيسلامييه‌ توندڕه‌وه‌كان. حه‌فته‌ر پشتيوانى له‌لايه‌ن هۆزه‌ ناوخۆيى لۆكاليه‌كانه‌وه‌ لێده‌كرێت. بۆيه‌ تا ئێستا توانيويه‌تى ده‌ست به‌سه‌ر شارى (سبها) گه‌وره‌ترين شارى ناوچه‌كه‌ بگرێت. جگه‌ له‌ (شه‌راره‌) كه‌ گرنگترين كێڵگه‌ى نه‌وته‌ له‌ ليبيا.
مه‌به‌ست له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى حه‌فته‌ر (له‌سه‌ر زارى خۆيان) پاكتاوكردنى باشوورى ليبيايه‌ له‌ تيرۆريستان و تاوانباران و گروپى چادى هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ كه‌ له ‌ناوچه‌كه‌ چالاكى ده‌كه‌ن. به‌ڵام چاودێران پێيان وايه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ باگراوندێكى سه‌ربازى و نه‌وتى و دارايى له‌پشته‌وه‌يه‌. نه‌ته‌وه ‌يه‌كگرتوه‌كانيش ده‌يه‌وێ كۆنگره‌يه‌كى نيشتمانى له‌ وڵاته‌كه‌ ببه‌سترێت كه‌ ئامانج لێى رێكه‌وتنى لايه‌نه‌كانه‌ بۆ بونيادنانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ و يه‌كگرتنى سه‌رجه‌م گروپه‌كان و پێكهێنانى حكومه‌تێكى نيشتمانى. هه‌روه‌ها سنوردانان بۆ شه‌ڕه‌ ناوخۆييه‌كان.
بەهێزبوونی داعش و هاوشێوەکانی
له‌لايه‌كى تريشه‌وه‌ رێكخراوى داعش، ئه‌م پشێوى و دابه‌شبونه‌وه‌ى گروپه‌كانى قۆستۆته‌وه‌ و جێى پێى خۆى قايمتر كردووه‌، بۆيه‌ له‌ رابردوو توانى بۆ چه‌ند مانگێك ده‌ست به‌سه‌ر شارى (سرت) دابگرێت. سه‌ربارى لاوازكردنى پێگه‌يان، كه‌چى ئيسلامييه‌كان تا ئێستاش له‌وێ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌. هه‌ميشه‌ له‌جوڵه‌دان بۆ ئه‌وه‌ى پشێوى زياتر دروست بكه‌ن.

به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانى ئيقليمى و نێوده‌وڵه‌تى له‌ جه‌نگه‌ ناوخۆييه‌كه‌ى ليبيا
توركيا يه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ى ده‌ستى وه‌رداوه‌ته‌ ناو كاروبارى ناوخۆيى ليبيا، چونكه‌ ئه‌نقه‌ره‌ پشتيوانى له‌و حكومه‌ته‌ ده‌كات كه‌ دانى پێنراوه‌. كه‌ له‌ شه‌ڕێكى خوێناوى دايه‌ له‌گه‌ڵ سوپاى نيشتمانى ليبيى به‌ سه‌رۆكايه‌تى خه‌ليفه‌ حه‌فته‌ر. ئه‌و ده‌ستتێوردانه‌ى توركيا به‌ دڵى ژه‌نه‌ڕاڵ نييه‌ و هه‌ميشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركيا ده‌كات. يه‌كه‌كانى سوپاى حه‌فتر ڕايانگه‌ياند كه‌ كه‌شتى و فرۆكه‌ى توركيايى كراونه‌ته‌ ئامانج. چه‌ندين جاريش پێك هه‌ڵپژان له‌نێوانياندا ڕوويداوه‌. ته‌نانه‌ت كار گه‌يشتۆته‌ به‌ ديل گرتنى ژماره‌يه‌ك هاوڵاتى توركيايى و ده‌ست به‌سه‌رگرتنيان.
ليبيا چونكه‌ وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت و غاز و پێگه‌يه‌كى گرنگى هه‌يه‌ له‌ سه‌ر ده‌رياى ناوه‌ڕاست، بۆيه‌ هه‌ر ناسه‌قامگيريه‌كى ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر زوو ده‌بێته‌ مايه‌ى چاوتێربڕينى وڵاتانى تر، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ى توركيا به‌ته‌واوى جێبه‌جێ بووه‌.
بازرگانى يه‌كێكه‌ له‌گرنگترين هۆكاره‌كانى له‌پشته‌وه‌ى ده‌ستتێوه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌يه‌ له‌ ليبيا. له‌سه‌رده‌مى قه‌زافى ژماره‌يه‌كى زۆرى كۆمپانيا توركيه‌كان له‌ناو ليبيا كاريان كردووه‌، به‌ڵام پاش شه‌ڕى ناوخۆ ليبيا گرنگيه‌ ئابووريه‌كى له‌ده‌ستداو و وه‌به‌رهێنان له‌و وڵاته‌ پاشه‌كشه‌ى كرد. بۆيه‌ توركيا له‌كاتى ئێستادا زياتر به‌دواى هه‌ڵكۆڵينه‌ به‌دواى‌ نه‌وت و غاز له‌ ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ده‌رياى ناوه‌ڕاست. ئه‌م كاره‌ى توركياش له‌ناواخنيدا ويستێكى گه‌وره‌ و ململانه‌يه‌كى زۆرى دروست كردووه‌، چونكه‌ يه‌كێتى ئه‌وروپا ئه‌و چالاكيانه‌ى به‌ نا ياسايى هه‌ژمار كرد. بۆيه‌ هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ ناوچه‌كه‌ كه‌وته‌ ناو ململانه‌يه‌كى سياسى نێوده‌وڵه‌تى.
به‌ڵام زۆر كه‌سيش پێى وايه‌ پاڵنه‌ره‌ ئايديۆلۆژيايه‌كان خاڵى گرنگى ئه‌و ده‌ست تێوه‌ردانه‌ى توركيايه‌. دياره‌ توركيا پشتيوانى له‌و گروپانه‌ كردووه‌ كه‌ نزيكن له‌ ئيخوان.
رۆڵی زلهێزەکان
جگه‌ له‌ توركيا چه‌ندين وڵاتانى تر و ناوچه‌كه‌ش به‌تايبه‌تى مه‌رامى خۆيان هه‌يه و به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى خۆيان ده‌جوڵێنه‌وه‌، هه‌ريه‌كه‌يان ده‌يه‌وێت پشكى خۆى دابين بكات. وڵاتانى وه‌ك چين و ڕووسياو فه‌ره‌نسا، بونه‌ته‌ فاكته‌رێك بۆ درێژه‌پێدانى ئه‌و جه‌نگه‌ ناوخۆييه‌. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك له‌و ياريكه‌رانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، پێويسته‌ رێگه‌ بگيرێت له‌ لێشاوى ئه‌و كۆچه‌ ناشه‌رعيه‌ى ڕووى له‌ ئه‌وروپا كردووه‌ به‌هۆى ئه‌و جه‌نگه‌ ناوخۆييه‌ى ليبيا، به‌ڵام هه‌ر يه‌كه‌كيشيان ويستى ده‌ستبه‌ركردنى گرێبه‌ستى پڕ ده‌ستككه‌وتى هه‌يه‌ له‌بوارى ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و بونياتنانه‌وه‌ى وڵاته‌كه سه‌رله‌نوێ‌، كه‌ به‌ته‌واوى وێران بووه‌ به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامانه‌.
رۆڵی نەوت و گاز
پرسى بنيانانه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ نه‌وتيه‌كانيش يه‌كێكه‌ له‌ بواره‌ پڕ كێبڕكێكه‌ى وڵاتان له‌سه‌رى پێشبڕكێ ده‌كه‌ن. چونكه‌ به‌هاتنى ساڵى 2023 به‌رهه‌مى نه‌وتى ليبايى زۆر له‌وه‌ زياتر ده‌بێت. بۆيه‌ پرۆسه‌ى بنياتانانه‌وه‌ى پيشه‌سازى و پرۆژه‌كانى ژێرخان ده‌بێته‌ هۆى كێبڕكێ كردن له‌سه‌ر ڕاده‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ ليبيا. بۆ نمونه‌ پێشبڕكێى وڵاتانى بيانى له‌سه‌ر ده‌ستبه‌ركردنى پشكێك له‌هه‌ردوو كێڵگه‌ى شه‌راره‌ و فيل له‌ باشوورى وڵات. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌نده‌رى بنغازى و راى لانوف.
ئاستى هێز و ده‌سه‌ڵات له‌ ليبيا كاريگه‌ر ده‌بێت به‌وه‌ى كێ ده‌توانێ ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ بباته‌وه‌. بۆيه‌ ئيماراتى عه‌ره‌بى و سعوديه‌ وميسرو فه‌ڕه‌نسا پشتيوانى له‌ سوپاى نيشتمانى ليبى ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و وڵاتانه‌ به‌نده‌ به‌ سه‌ركه‌وتنى حه‌فته‌ر و سوپاكه‌ى و كۆنتڕۆڵكردنى ته‌رابلوس. له‌به‌رامبه‌ريشدا ئيتاڵيا و توركيا و قه‌ته‌ر پشتيوانى له‌ حكومه‌تى ويفاقى نيشتمانى ده‌كه‌ن. يارمه‌تيشى ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ره‌نگارى حه‌فته‌ر ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا هه‌ڵوێستى ڕووسيا و چين زۆر ڕوون نييه‌ و تا ئێستا گريمانه‌ له‌سه‌ر هيچ لايه‌ك ناكه‌ن. بۆيه‌ گه‌ر هاتوو حكومه‌تى ويفاقى نيشتمانى توانى ته‌رابلوسى پايته‌خت كۆنتڕۆڵ بكات، حه‌فته‌ريش رۆژهه‌ڵات و باشووره‌كه‌ى كۆنترۆڵ بكات، ئه‌وه‌ ڕووسيا و چين له‌هه‌موان زياتر سودمه‌ندتر ده‌بن، چونكه‌ تا ئێستا هه‌ڵويستێكى ڕوونيان به‌رامبه‌ر هيچيان ئاشكرا نه‌كردووه‌.
روسیا
هه‌رچه‌نده‌ ره‌خنه‌ له‌ ڕووسيا گيراوه‌، چونكه‌ ڕێگر بوو له‌به‌رده‌م بڕيارێكى ئه‌نجومه‌نى ئاسايش كه‌ ئيدانه‌ى هێرشى حه‌فته‌رى كرد بۆ سه‌ر ته‌رابلوس و بڵاوكردنه‌وه‌ى هێزێكى تايبه‌تى له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى حه‌فته‌ر. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتيشدا پارێزگارى له‌ په‌يوه‌نديه‌كانى ده‌كات له‌گه‌ڵ حكومه‌ت.
چین
چينيش تا ئێستا پابه‌ندبوه‌ به‌ سياسه‌تى بێلايه‌نى. بۆيه‌ پاراستنى ئه‌و پارسه‌نگه‌ يارمه‌تى ده‌دات گرێبه‌ست له‌بوارى نه‌وت و غازه‌وه‌ بۆ خۆى فه‌راهه‌م بكات. له‌رابردووش چين هه‌نگاوى ڕاسته‌قينه‌ نابوو به‌هێزكردنه‌وه‌ى پێگه‌ى خۆى له‌ بوارى نه‌وت و دامه‌زراوه‌كانى ليبيا.
داهاتووی ئەم جەنگە
هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ى جار به‌هۆى ته‌وژمى شه‌ڕى ناوخۆيى پرسى بنيتانانه‌وه‌ى ليبيا فه‌رامۆش كراوه‌ و نه‌بوه‌ته‌ مانشێتى سه‌ره‌كى هه‌واڵه‌كان، به‌ڵام هۆكارى سه‌ره‌كييه‌ بۆ به‌رده‌وامى ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ ليبيا. ڕه‌نگه‌ دواجار شه‌ڕ له‌ نێوان حكومه‌تى ويفاقى نيشتمانى حه‌فته‌ر بوه‌ستێت، به‌ڵام كێبڕكێى جيۆئابوورى كاريگه‌رى ته‌واوى ده‌بێت له‌سه‌ر بنيتانانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت و داهاتوه‌كه‌ى.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران دەكرێت

رۆژنامەیەكی قەتەری كە لە لەندەن دەردەچێت، ئاماژە بە بەردەوامبوونی لێكۆڵینەوەكان ...