سەرەکی » وتار » پشتیوان جه‌مال » بۆچی بەغدا چارەسەرە؟

كۆبه‌ندی هه‌فته‌

بۆچی بەغدا چارەسەرە؟

مێژووی حوكمی هەشتا ساڵەی سوننەكان و شانزە ساڵەی شیعەكان لە عیراقدا،هیچكات بێ كێشەو ململانێ نەبووە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، لەسەردەمی سوننەكاندا ئەگەر بەحوكمی دیكتاتۆریی و تۆقاندن بووە، ئەوا لەسەردەمی ئێستای شیعە بە فۆڕمێكی جیاوازتر هەڕەشە لەنان و قوتی هەرێم كراوە.
لەساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی گشتی عیراق بڕی، مالیكی پێدانی پشكی هەرێمی بەستەوە بەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات، كۆتایی 2014 حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، عەبادی بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتەكەی مالیكی‌ و جەختی لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكردەوە، واتە بودجەی هەرێمی نەدەنارد، لە ساڵی 2018، عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراقی وەرگرت، بودجەی 2019 لە سایەی عادل عەبدولمەهدیدا پەسەندكرا، بەپێی ئەو بودجەیە حكومەتی عیراق مانگانە بڕێك پارەی رادەستی هەرێم كردووە، ئەمەش تەنها پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بووە، نەك پشكی هەرێم لە بوجەی گشتیی عیراق، لەكاتێكدا بۆ ماوەی ساڵێك ماوە دراوە پارە بۆ هەرێم بنێردرێت، ئەگەر پابەندیش نەبوو بەناردنی بڕی دیاریكراو لەو نەوتە، ئەوا سەرەتایەكی باش بووە بۆ كورد بۆئەوەی لەگەڵ بەغدادا بتوانێت بگاتە رێككەوتن. بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوە لە سەروبەندی ئامادەكارییەكان بۆ بودجەی ساڵی 2020ی عیراق، كورد تائیستا نەیتوانیوە بگاتە رێكەوتنێكی پێویست، بۆیە جارێكی تر كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقی بووەتەوە جێگەی باسو خواسی سیاسیی ناوەندە جۆراوجۆرەكان و میدیاكان، تەنانەت زۆرینەی پەرلەمانتارانی پێكهاتەی شیعە دژی ئەوەن چیتر بەغدا بەبێ رادەستكردنی نەوت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، لەسەر ئاستی شەقامی عیراقیش باس لەو بابەتە دەكرێت و لە هەرێمی كوردستانیش جۆرێك لە نیگەرانیی لای هاووڵاتیان ‌و بەتایبەتیش مووچەخۆران دروستكردووە، هەرچەندە گەرمبوونەوەی ئەم پرسە وابەستەی كەڵەكەبوونی كێشەكانی رابردووی نێوان هەرێم و حكومەتی عیراقە.
بۆچی رێكەوتن چارەسەرە؟
ستراتیژ ئەوەیە هەرێم لەگەڵ عیراقدا پەیوەندیی هەبێت لەسەر بنەمای مافە دەستوورییەكان و لە رێگەی نوێنەرەكانییەوە كە لەسەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدراڵدا نوێنەری هەیە و خاوەن بڕیارە و بێ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بەغدا بەزۆرینە بڕیار نادات لە هیچ هەنگاوێكدا كە پەیوەست بێت بە هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ پەراوێزخستنی رۆڵی عیراق چارەسەر نییەو دۆخی هەرێم دەكەوێتەوە بەردەم مەترسییەوە، وەك پێشتر بینیمان ‌و تاقیكرایەوە. ئێستاش كە كەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2020 ی عیراق، ئەستەمە لایەنە عیراقییەكان بە هیچ شێوەیەك ئامادەبن ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2019 دا روویدا دووبارەی بكەنەوە و بەبێ رادەستكردنی نەوت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم پابەندیی خۆی نیشان بدات بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتی ئەو بڕە بە بەغدا لە بەرامبەریشدا حكومەتی ناوەند بودجەی هەرێم بنێرێت، چونكە ئەگەر وانەكات و بیری لای فرۆشتنی نەوت بێت بە سەربەخۆیی، بیرۆكەیەكی باش نابێت، لەبەرئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كەمترە لە 400 هەزار بەرمیل‌ و كوردستان دەكەوێتەوە قەیرانەوە، حكومەتی عیراقیش ئامادە نییە لە نەوتی كەركوك پشكی هەرێم بدات، ئەمە جگەلەوەی بەپێی راپۆرتەكانی بواری نەوت بێت، هەرێم قەرزێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەرە كە بڕكەی نزیكەی 18 ملیار دۆلارە و حكومەتی عیراقیش بەهۆی ئەوەی دان بە بەشێك لە گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمدا نانێت و ئامادەنییە ئەو خەرجی و پشكە زۆرەی كۆمپانیاكانی نەوت بدات، بۆیە گرنگە هەرێمی كوردستان ئەم پرسە بەهەند وەربگرێت و هەر لەئێستاوە لەڕووی سیاسیی ‌و داراییەوە پلان و بەرنامەی بۆ دابنێت ‌و دەست بە جووڵە سیاسییەكانی بكات، كە بێگومان یەكڕیزیی و هەڵوێستی هێز و لایەنە كوردستانییەكان بەردی بناغەی سەركەوتن دەبن، بۆ دروستكردنەوەی متمانە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، ئەگەر بەم شێوەیە نەكرێت، لەبەرژەوەندیی هیچ لایەنێك نابێت، لەنجامی رێكنەكەوتنیشدا سەرۆك وەزیرانی عیراق لەسەر پرسی بودجە و دارایی دەكەوێتە دۆخێكەوە لەنێوان هەرێم و بەغدادا كە دەبێت لایەك هەڵبژێرێت، بێگومان ئەویش بەغدا هەڵدەبژێرێت، چونكە ناتوانێت لە بڕیارەكانی پەرلەمان دەربچێت و لەهەمان كاتیشدا سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە حكومەتی عیراقدا، بۆیە جێگەی خۆیەتی نە هەرێم خۆی بخاتە دۆخێكی هاوشێوەی جارانەوە و نە سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بخرێتە بارێكی لەو شێوەیەوە، بۆ ئەوەش باشترین دەریچە بۆ هەردوولا، رێكەوتن و چارەسەركردنی كێشەكانە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەنج، وەک بارەگرانەکەی سەرشانی حکومەت

زۆرێک لە مرۆڤناسان و نوسەران پێناسەیان بۆگەنج کردووە، کۆکن لەسەر ...