ئه‌م كونجه‌ش

شەیتان

دیسان نازانم – (كونجە) یا یاداشت – بەڵام هەر دەینووسم – خۆ كەس هەڵناداتێ و كەس ڕوونكردنەوە نانووسێ.
مەلا محەمەدی شەمێرانی – مەلایەكی زانا و قسەخۆش بوو. لە مزگەوتێكی (خانەقین) مەلا بوو. چوو بۆ حەج. لە كاتی (حجرات)دا واتە لەو كاتەدا كە دەبێ بەردباران یا رەجمی (شەیتان) بكا و حەوت بەردەكە بهاوێژیت. بەدەم بەردهاویشتنەوە دەڵێ: شەیتان لێم ببوورە- لە (مەناسیك)ی حەج دا ئەم بەرد بەتۆدا دانی تێدایە – بەڵام بەخوا هەرچی لە دەورت وەستاوە لەتۆ زیاتر شایانی بەرد پێدادانن.
ئەمانە قسەی خۆشن كە رەحمەتی مەلا محەمەد حەزی لێ ئەكردن، ئیتر نازانم چەند باوەڕی خۆی وابووە.
***
هەر نەنووسم باشە:
كە هەندێ شت دەنووسم و دووایی شتێك دەخوێنمەوە، لە نووسین پەشیمان دەبمەوە و دەڵێی قەڵەمەكەم بشكێنم، بەڵام پێشم ناشكێ.
دیارە هەر لەم رۆژنامەیەدا كە بۆی دەنووسم، شتی وا دەخوێنمەوە كە ئەو قەڵەم شكاندنەم لێ دەكەن، بەڕاست و وا تێ دەگەم ئەوانەی (كونجە)كەی من بڵاودەكەنەوە – نایخوێننەوە و هەر وا بەرەو چاپخانەی دەنێرن.
هۆی ئەم وەرس بوونە، یا تووڕەییەم چی یە؟ هەر لێرەدا ووتارێکم خوێندەوە لاپەڕەیەكی گرتبۆوە. ئەویش لەبارەی (كاكەییەكانەوە) بوو. چ من، چ ، ئەوانەی پێش (ئەو لاپەڕەیە) لەبارەی كاكەییەكانیانەوە نووسیوە – ئەوەیان نووسیووە، كە لەم دیوی كوردستان – كاكەییان پێ دەڵێین لەو دیویش (یارسان) و (ئەهلی حەق)یان پێ دەڵێن. كتێبی (سەرەنجام)م لەبەردەستدا نی یە – تا لەوێوە چەند دێڕێك بهێنمەوە.
هەر لەوەدا كە من یا هەندێ كەسیتر نووسییانە، ئەوەش نووسراوە- كە لەبەر ئەوەی كاكەییەكان لایان وایە، لە (دو ناو دۆن)دا – واتە لە (تەناسوخی رۆحدا) جارێك گیانی خوا چۆتە گیانی (عەلی)یەوە – ئیتر- هەندێك (عەلەوی)شیان پێ دەڵێن – بەڵام ئەم ناوە یەك دێڕ دەگرێتەوە لە چاو ئەو چەند لاپەڕەیەی باسی (كاكەیی) و (یارسان) و (ئەهلی حەق) دەكات. كەچی ئەو لاپەڕەیەی لە رۆژنامەكەدا بڵاوكرابۆوە و باسی كاكەییەكان دەكات – هەر لە ناونیشانەوە تا دووایی بە (عەلەوی)یەكان ناویبردوون – وەك ئەو ناوانەیتر نەبن – ناویان هەر وا بێت. ئەمە لای من ناڕەوایە و ناڵێم بێ ئاگایی یە – تاقەتی شەڕەنووسینیشم نەماوە و هەر ئەوەندە دەڵێم: شتێك كە بۆ ڕۆژنامە دەنێری، با نووسینی (مەسئوول)ێكیش بێ – یا نووسینی سەركردەی یەكێك بێت لە حیزبە تێكۆشەرە كاربەدەستەكان دەبێ پێش بڵاوكردنەوەی بخوێنرێتەوە.
ئامادەم بۆ ووت و وێژێكی هێمنانە و زانستیانە، بەڵام وەك ووتم: تاقەتی شەڕەنووسینیشم نەماوە، ڕەنگە ئەم موناقەشەیە لە (هاوار)ی پیرۆز كۆتایی بێت. خۆ بەداخەوە (ئەحمەدی حەماغای خووبیلە – ئەحمەد سمێڵ ، و برای تێكۆشەرم (محەمەد ئەمین حەسەن عارف) نەماون، تا ئەوان وەڵامێك بدەنەوە – یا دەست تێوەردانیان دیار بێت.

سەربەرزی بۆ كاكەییەكان و
(هاوار)یش پیرۆزە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كوردستانەكەم

نازانم ئەمەیان (كونج)، یا یاداشت – یا دەچێتە چ بەشێك ...