سەرەکی » دۆسێ » باڵێكی تر لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراقی جیادەبێتەوە

ئەمجارەیان باقر زوبەیدییە

باڵێكی تر لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراقی جیادەبێتەوە

دوای جیابوونەوەی عەممار حەكیم لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عیراق، باقر جەبر زوبەیدی لە ئەنجوومەنەكە جیادەبێتەوە و بەنیازە حزبێكی نوێ‌ دابمەزرێنێت.
بەپێی سەرچاوەیەك، كە بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندووە، “زوبەیدی، كە یەكێكە لە سەركردە دەركەوتووەكانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عیراق، جیابوونەوەی لە ئەنجوومەنەكە و دامەزراندنی حزبێكی نوێ‌ لەژێر ناوی (بەیان) وەك ناوی سەرەتایی نارەسمی رادەگەیەنێت”.
بە وتەی سەرچاوەكە، “حزبەكە زیاتر لە 100 كەسێتی سیاسی و ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەخۆدەگرێت و كار لەسەر راكێشانی ئەو كەسێتیانەش دەكات بۆ نێو حزبەكە، كە لێوەشاوەن و هیچ گومانێكی گەندەڵییان لەسەر نییە”.
سەرچاوەكە ئاماژەی بە كۆبوونەوەی سەرەتایی ئەندامانی دامەزرێنەری ئەو حزبە نوێیەش كردبوو، بە ئامانجی راگەیاندنی تەواوەتی و هەنگاونان بەرەو پتەوكردنی پایە و كۆڵەكەی سەرەكی حزبەكە، تا دەستبەجێ‌ لەنێو پڕۆسەی سیاسیدا دەست بە چالاكییەكانی بكات”.
بەڵام سەرچاوەكە ئاماژەی بەو هۆكارانە نەكردووە،كە وایان لە باقر جەبر زوبەیدی كردووە واز لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عیراقی بهێنێت و حزبی نوێ‌ دابمەزرێنێت.
لەدوای جیابوونەوەی عەممار حەكیم لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و دامەزراندنی رەوتی حیكمەی نیشتمانی عیراقی، ئەنجومەنەكە وەك هێزێكی لاواز لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا بە سەركردایەتی هومام حەمودی مایەوە، لەئێستاشدا تا دێت ئەنجومەنەكە بەهۆی جیابوونەوەكانەوە بەرەو لاوازی و پوكانەوەی زیاتر دەچێت و پێناچێت لەبەرانبەر ئەو رووداوانەدا لە قۆناغەكانی داهاتوودا خۆی رابگرێت.
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق (ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عیراق لە پێشوودا)، یەكێك بوو لە حزبە سیاسییە بەهێزەكان و لە تاراوگە لە 17ی تشرینی دووەمی 1982 لەلایەن محەمەد باقر حەكیمەوە دامەزاندنەكەی راگەیەندرا و شان بەشانی سوپای ئێران لەڕێی باڵە سەربازییەكەی كە (فەیلەقی بەدر) بوو، لە دژی عیراق لە جەنگدا بەشداریی كرد.
دوای كوژرانی محەمەد باقر حەكیم لە تەقینەوەیەكدا لە دوای روخانی رژێمی بەعس، عەبدولعەزیز حەكیمی برای لە سەركردایەتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق جێگەی گرتەوە، لە دوای كۆچی دوایی عەبدولعەزیزیش، عەمماری كوڕی بووە سەركردەی ئەنجومەنەكە، بەڵام دواتر لە هاوینی ساڵی 2017، هومام حەمودی سەركردە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق، لە جێگەی عەممار حەكیم بە سەركردەی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردرا.
عەممار حەكیم بەجیا لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، رەوتێكی سیاسی بەناوی «رەوتی حیكمەی نیشتمانی» دامەزراند كە لە ساڵی 2017وە بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەژێر سەركردایەتی خۆیدا دەبێت.
ئەم جیابوونەوەیەش دوای چەند هەفتەیەك بوو لە ناكۆكی فراوان لەنێو ریزەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەنێوان دوو رەوتە سەرەكییەكەی كە یەكەمییان لەلایەن حەكیمەوە سەركردایەتی دەكراو لە سەركردە لاوەكان پێكهاتبوو، ئەوی تریشیان سەركردە دامەزرێنەرەكانی ئەنجومەكە سەركردایەتییان دەكرد.

 329 جار بینراوە