سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ كوردستان درێژكرده‌وه‌

په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ كوردستان درێژكرده‌وه‌

رۆژی 26/9/2019 په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا Bundestag))، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی هه‌ردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كریستیان و پارتی سۆسیال دیموكرات، ئه‌ركی كه‌تیبه‌كانی سوپای ئه‌ڵمانیا و هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عیراقیان بۆ ماوه‌ی ساڵێكی تر درێژكرده‌وه‌. ئه‌م پڕۆژه‌ بڕیاره‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا پێشنیاركراو له‌ دانیشتنێكدا له‌لایه‌ن»ئه‌نگرید كره‌مپ كارینباوه‌ر»ی وه‌زیری به‌رگری ئاماده‌كراو به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو به‌بڕیار. خاتوو كارینباوه‌ر له‌ وته‌یه‌كیدا بۆ میدیاكان وتی: بۆ پاراستنی ئه‌من و ئاسایش و نه‌هێشتنی تیرۆر و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش، جگه‌ له‌ هاوكاریكردنی هێزه‌ عیراقییه‌كان نه‌بێت، هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی ترمان له‌به‌رده‌مدا نییه‌.
هه‌روه‌ها «میشێل رۆت» وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر لیستی سۆسیال دیموكراته‌كان وتی: وه‌ك وڵاتێكی پارێزه‌ری ئاشتی و دیموكراسی، ده‌بێت هاوكاریی وڵاتان بكه‌ین له‌ به‌رقه‌راركردنی ئارامی و عیراقیش پێویستی به‌و ئه‌ركه‌ هه‌یه‌ و ئێمه‌ش ده‌یگرینه‌ ئه‌ستۆ.
هه‌ر له‌هه‌مان دانیشتن و له‌دوای گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژ، په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مانه‌وه‌ی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌ڵمانیا «تۆرنادۆ» ئه‌وانه‌ی كاری كۆجێستی و به‌نزین بۆ هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان دابین ده‌كه‌ن، بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ.
شایانی باسه‌، ئه‌ڵمانیا 160 راوێژكار و سه‌ربازی له‌ عیراقه‌، بۆ راهێنان و مه‌شقكردن به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان. له‌و ژماره‌یه‌ 100 سه‌ربازیان له‌ هه‌رێمی كوردستانن و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، راهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن. له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردووشدا سه‌دان كه‌س له‌ فه‌رمانده‌ و پله‌داره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ خولی جۆراوجۆردا مه‌شقیان پێكراوه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیای ئه‌ڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەڵمانیا هەوڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سعودیە دەدات

ماوەی ساڵێكە بەهۆی دۆسێی كوژرانی (جەمال خاشقی) رۆژنامەنووسی دیاری سعودی ...