سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » عومه‌ر ئۆسێ‌: هه‌رێم په‌یوندی له‌گه‌ڵ سوریا هه‌یـه‌ و داوای كـردووه‌ كونسڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌

عومه‌ر ئۆسێ‌: هه‌رێم په‌یوندی له‌گه‌ڵ سوریا هه‌یـه‌ و داوای كـردووه‌ كونسڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌

له‌چوارچێوه‌ی‌ (دیداری شام)دا زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی سازكراوه‌، عومه‌ر ئۆسێ‌ ئه‌ندامی (بێلایه‌ن) له‌په‌رله‌مانی سوریا له‌سه‌ر بازنه‌ی‌ دیمه‌شق، دووه‌م خوله‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌، به‌قسه‌ی‌ خۆی نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كات له‌ 2012 وه‌. ئۆسێ‌ خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی‌ درباسیه‌یه‌ كه‌ له‌رۆژئاوای قامیشلۆیه‌، 40 ساڵێكه‌ له‌شام نیشته‌جێیه‌.

دیداری: سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

به‌شی دووەم

من داوا له‌ برایانم كورد ده‌كه‌م، ناڵێم شه‌ڕی ئه‌مریكا بكه‌ن یان دژایه‌تی بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مریكا هێزێكی گه‌وره‌و ئه‌مری واقیعه‌، به‌ڵام نابێ‌ گره‌و له‌سه‌ر پرۆژه‌ی‌ واشنتۆن بكه‌ن چونكه‌ نییه‌تی.

*كورد ده‌ڵێن سوریا هیچ پرۆژه‌یه‌كی واقعی نییه‌ تا پشتی پێ ببه‌ستین؟ كورد له‌نێوان سوریاو ئه‌مریكا بوون، رژێمی سوریا هیچ ده‌ستپێشخه‌ری‌ نه‌بوو بۆیه‌ كورد چونه‌ پاڵ ئه‌مریكا؟
– ئه‌و قسه‌یه‌ به‌شێكی راسته‌، پێویسته‌ وه‌ك كورد دان به‌هه‌ڵه‌كانماندا بنێن، ماف له‌ڕێی‌ گفتوگۆ دێته‌دی، به‌ڵام ماف له‌ڕێی‌ گفتوگۆ و دایه‌لۆگه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت. ئاماده‌نه‌بوونی كورد له‌كاتێكدا كه‌ زه‌مینه‌ی‌ گفتوگۆ هه‌بوو ده‌ریده‌خات كه‌ بڕیاری ئاماده‌نه‌بونه‌كه‌ هی خۆی نه‌بووه‌. له‌سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانه‌كاندا ده‌وڵه‌تی سوریا له‌دۆخێكی لاوازدابوو، سه‌رۆك به‌شار فرۆكه‌یه‌كی نارده‌ قامیشلۆ تاوه‌كو وه‌فدێكی حزبه‌ كوردستانییه‌كان بێنه‌ دیمه‌شق، ته‌نانه‌ت حزب هه‌بوو له‌ 5 كه‌س پێكهاتبو داوه‌تكرابوو، به‌ڵام هه‌موو ره‌تیانكرده‌وه‌، به‌وانه‌ش كه‌ پێموانوابوو میانڕه‌ون وه‌ك حه‌مید ده‌روێش كه‌ وه‌ك شێخی سیاسه‌توانان ناسراوه‌و هاوڕێی‌ خۆمه‌. ئێستا پاشگه‌زبۆته‌وه‌ له‌و تێگه‌یشتنه‌ی‌ ئه‌وكات. ئێستا سه‌ردانی دیمه‌شق ده‌كات و داموده‌زگا ئه‌منیه‌كان ده‌بینێت، به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك لێره‌ بوو، ئه‌وانی دیكه‌ش دێنه‌ دیمه‌شق داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌بینن، به‌ڵام سه‌رۆك نابینن.
ئێمه‌ گرفتمان هه‌یه‌ له‌تێگه‌یشتن و فكری سیاسی. ده‌بینین له‌پرسی عه‌فریندا روون بوو كه‌ توركیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر شاره‌كه‌و داگیری ده‌كات. حكومه‌تی سوریا له‌ڕێی دۆسته‌كانی داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌سه‌ده‌ كرد شاره‌كه‌ راده‌ستی ده‌وڵه‌تی سوریا بكه‌ن و ئاڵای سوریا له‌سه‌ر سنور هه‌ڵكرێت. خۆ ئه‌گه‌ر داوای حوكمی زاتی یان فیدرالیش بكرێت ئه‌وا هه‌ر پێویسته‌ ئاڵای سوریا هه‌ڵبكرێت چونكه‌ ئه‌مه‌ پرسێكی نیشتیمانییه‌. ئێستا بڕۆ قامیشلۆ ده‌بینی 50 حزب هه‌یه‌ كه‌چی ئاڵای سوریا نابینی، له‌كاتێكدا من سه‌ردانی هه‌ولێرو سلێمانیم كرد ئاڵای عیراق هه‌ڵكرابوو كه‌ هه‌رێمێكی فیدراله‌.
بۆیه‌ كاتێك روسه‌كان ئاماۆژگاریی هه‌ڤاڵانیان كرد له‌عه‌فرین تا سوپای سوریا بچێته‌ شاره‌كه‌و ئاڵای سوریا له‌وێ‌ هه‌ڵكرێت، ئه‌وكات ئه‌و فیتنه‌یه‌ كۆتایی ده‌هات سوپای توركیاش نه‌یده‌توانی په‌لاماری شاره‌كه‌ بدات و داگیری بكات. ئێستا عه‌فرین داگیركراوه‌.
من پێموایه‌ رۆژهه‌ڵاتی فوراتیش له‌ژێر هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌یه‌، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی‌ هه‌بوو كۆتایی نه‌هاتووه‌. ئه‌وانه‌ی‌ له‌وێن پاڵه‌وانن سه‌رمان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ له‌شه‌ڕه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوریا نه‌كه‌ن ئه‌وا توركیا دێته‌ ناوچه‌كه‌و ناوچه‌كه‌ به‌درێژایی سنور داگیرده‌كات.

به‌پێی‌ ئه‌زموونی رابردوو توركیا چوبێته‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی ده‌رودراوسێ‌ پاشه‌كشێی‌ لێنه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ زیهنیه‌تی عوسمانییه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ جزیره‌و عه‌فرین و حه‌له‌ب و موسڵ و كه‌ركوكیش به‌شێكن له‌په‌یمانی میللی و خاكی توركیا.
*باشه‌ رژێمی سوریا پرسی پێدانی ناسنامه‌ی‌ كوردی چاره‌نه‌كرد، بۆیه‌ كورد خۆیان جیاكرده‌وه‌، دوای روداوه‌كانی 2011 رژێمی سوریا گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كورد نه‌كرد تا بارودۆخه‌كه‌ وایلێهات كورد بگاته‌ دێره‌زۆر. باشه‌ بۆ رژێمی سوریاو ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ كوردی لێیه‌ دۆزی كورد له‌داواو خواستێكی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ كه‌ پێدانی مافی كلتوریی و رۆشنبیرییه‌ چاره‌ناكه‌ن تا ئاڵۆز ده‌بێت؟
– به‌ر له‌هه‌ر شتێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ بابه‌تیانه‌ قسه‌ بكه‌ین پێدانی ره‌گه‌زنامه‌ی سوریا له‌ 2011 وه‌ بڕیاری پێ ده‌رچووه‌و تائێستا نزیكه‌ی‌ 105 هه‌زار كه‌س ره‌گه‌زنامه‌یان وه‌رگرتووه‌. هه‌ركه‌سێك ره‌گه‌زنامه‌ی‌ نییه‌ ده‌توانی سه‌ردانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكات و له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك وه‌ریده‌گرێت.
من نامه‌وێ‌ به‌ناوی حكومه‌تی سوریاوه‌ قسه‌ بكه‌م، هه‌ڵوێستم لاوازه‌ ئه‌گه‌ر به‌رگری له‌ حكومه‌تی سوریا بكه‌م، من ده‌نگی خۆم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ئه‌و كه‌سانه‌. ده‌وڵه‌تی سوریا له‌ماوه‌ی‌ 50 ساڵی رابردوو رێوشوێنی شۆڤینی به‌رامبه‌ر كورد گرتۆته‌به‌ر، بۆنمونه‌ پێنه‌دانی ره‌گه‌زنامه‌، داننه‌نان به‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردو به‌كلتوری نه‌ته‌وه‌یی كورد. به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌م بینی، وتم ئه‌گه‌ر ئێوه‌ كه‌مێك سازش بكه‌ن ئه‌وا رێككه‌وتن زه‌حمه‌ت نابێت، چونكه‌ ئه‌و هێزه‌ (هه‌سه‌ده‌) زیاتر له‌ 32 هه‌زار شه‌هیدیان له‌ناوچه‌كانی غه‌یری كوردی واته‌ ره‌ققه‌و ته‌بقه‌و دێره‌زۆر داوه‌، بۆیه‌ ده‌بێ‌ كه‌مێك سازش بكه‌ن تا بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند. من له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاراسته‌یه‌م كه‌ هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ت تائێستا به‌رامبه‌ر كورد نه‌رێنییه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ كرانه‌وه‌ هه‌بووه‌. بۆنمونه‌ ئێمه‌ له‌دیمه‌شق له‌هۆتێل شوێنه‌ گشتییه‌كان یادی جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌ندێك هه‌یه‌ ئاڵای كوردستانیش به‌رزده‌كاته‌وه‌! نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان لێره‌ هه‌یه‌. له‌و ئاهه‌نگانه‌ نوێنه‌ری‌ باڵیۆزخانه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌ نه‌ورۆزی رابردوو سه‌رۆكی وه‌فدی سوریا بۆ دانیشتنه‌كانی جنێڤ ئاگره‌كه‌ی‌ نه‌ورۆزی له‌هۆتێل شیراتۆن هه‌ڵكرد. من هه‌ركاتێك بمه‌وێت له‌میدیای‌ سوریا ده‌ره‌كه‌وم و به‌كوردی قسه‌ ده‌كه‌م، بێژه‌ره‌كه‌ ناچار ده‌كه‌م به‌كوردی قسه‌بكات! من به‌زمانی كوردی سوێندی یاساییم له‌په‌رله‌مان خوارد، كه‌ ئه‌مه‌ ره‌نگه‌ ئێوه‌ نه‌یزانن! بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێن كه‌مێك كرانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ئاست چاوه‌ڕوانیدا نییه‌.
ئێمه‌ داوا له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین زه‌مینه‌ی‌ باش بۆ كورد بڕه‌خسێنێت و دان به‌ته‌واوی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورددا بنێت. ئه‌وه‌ پرسێكی نیشتیمانیی سوریایه‌، جارێ ئه‌گه‌ر قه‌یرانی سیاسی هه‌بێت یان نه‌بێت. پێموایه‌ ده‌وڵه‌ت زۆر دواكه‌وتووه‌ له‌ چاسه‌ركردنی پرسی كورد. من هه‌میشه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌فدی كورد له‌كاتی خۆیدا هاتبانه‌ دیمه‌شق، واته‌ له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سوریا، ئه‌وا بارودۆخ زۆر جیاوازتر ده‌بوو. هه‌روه‌ك داننان به‌مافی گه‌لی كورد و ده‌ستوریش ده‌گۆڕدرا. پێموایه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژیی بوو كه‌ سه‌ركرده‌كانی كورد یان ده‌سته‌بژێری كورد كردیان، به‌ڵام ئێستا رژێمی سوریا به‌هێزه‌و هه‌ستده‌كات سه‌ركه‌وتووه‌.
گرفتێكی دیكه‌ی‌ به‌رده‌م كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كگرتوو نین، یه‌ك ئه‌جێندایان نییه‌. گروپی ئه‌نه‌كه‌سه‌ داوای‌ فیدرالیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن، به‌ڵام گروپه‌كه‌ی‌ دیكه‌ مه‌به‌ستم په‌یه‌ده‌ داوای فیدرالیه‌تی جوگرافیی ده‌كه‌ن. گروپێكی دیكه‌ داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی و جۆرێك له‌ئیداره‌ی‌ خۆسه‌ری‌ ده‌كه‌ن. ئێمه‌ خۆمان له‌و گروپه‌دا ده‌بینینه‌وه‌. پێموایه‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد ئه‌جێندایه‌كی هاوبه‌شمان نییه‌، ئه‌گه‌ر یه‌ك ده‌نگ نه‌بین و ناوماڵی خۆمان رێكنه‌خه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا به‌هێز نابین.

*هه‌ندێك ده‌ڵێن كوردانی سوریا نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان ناكه‌ن، ئه‌وه‌ په‌یه‌ده‌یه‌ نزیكه‌ له‌ په‌كه‌كه‌، هاوكات ئه‌نه‌كه‌سه‌ نزیكه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیا، كه‌وایه‌ كێ‌ نوێنه‌رایه‌تی كوردانی سوریا ده‌كات؟
– به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌بارودۆخێكی خراپداین، مافی ئێمه‌ له‌هه‌ولێر نییه‌، پێمانخۆشه‌ كورد له‌عیراق مافی زیاتریان هه‌بێت، هه‌روه‌ك حه‌زده‌كه‌ین كورد له‌ئێران به‌مافی خۆیان بگه‌ن، له‌باكوریش به‌هه‌مانشێوه‌. ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، گرنگیدانه‌ به‌نێوماڵی سوریاو كورد. ده‌بینی من ده‌چمه‌ لای لێپرسراوی سوریا باسی مام جه‌لالم بۆ ده‌كات وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی بێ وێنه‌ی‌ كورد، یان باسی مه‌لاسته‌فام بۆ ده‌كات! به‌راستی ئێمه‌ له‌په‌نای دروشمه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ خۆمان مه‌لاس داوه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین به‌رنامه‌ی ئاماده‌كراو بێنین! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ بۆ سوریا ده‌ستنادات و نابێت. ده‌بێ‌ ئێمه‌ واقعی بڕوانین، بزانین ئێمه‌ خه‌ڵكی سوریاین، دواتر ئێمه‌ كوردین و ده‌بێ‌ به‌پێی‌ ئه‌م واقعه‌ مافه‌كانمان به‌ده‌ست بێنین. ئێمه‌ ماوه‌ی‌ 50 ساڵه‌ له‌م دۆخه‌ خراپه‌داین.

*باشه‌ با بگه‌ڕێنه‌وه‌ دیمه‌شق. كوردانی ئێره‌ هه‌ست به‌جیاكاریی زۆر ده‌كه‌ن؟
– كوردانی دیمه‌شق به‌شی زۆریان له‌چوارچێوه‌ی‌ دیمه‌شقی پایته‌خت تواونه‌ته‌وه‌، زمان و جل و به‌رگیان گۆڕاوه‌، به‌تایبه‌ت گه‌نجان. ئه‌و گوشاره‌ی‌ له‌سه‌ریانه‌ كه‌متره‌ له‌چاو كوردانی ناوچه‌كانی دیكه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌ جزیره‌و عه‌فرینیشه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ شام، ئاوێته‌ی‌ ژیانی شام بوون. له‌هه‌مانكاتدا بێگومان به‌دڵنیاییه‌وه‌ گرفت و ئاسته‌نگ هه‌یه‌ له‌دژیان. بۆنمونه‌ سه‌نته‌ری‌ رۆشنبیریمان نییه‌، یان كۆمه‌ڵه‌یه‌كی رۆشنبیریمان نییه‌. من هه‌وڵده‌ده‌م به‌مزوانه‌ مۆڵه‌تی چه‌ند كۆمه‌ڵه‌یه‌ك وه‌رگرم، ته‌نانه‌ت هه‌وڵده‌ده‌م مۆڵه‌تی كاركردنی كه‌ناڵێكی ئاسمانیی یان رادیۆیه‌كی سه‌رتاسه‌ری‌ وه‌رگرم.
من له‌سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانی سوریاو دواتریش سه‌رۆكم بینیوه‌، ئه‌و زۆر كراوه‌ بووه‌و رێنمایی خۆیدا بۆ كردنه‌وه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ رۆشنبیریی و كلتوریی، به‌ڵام پێموایه‌ به‌شێك له‌كێشه‌كه‌ با نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌بژێری سیاسی كه‌موكوڕی و كه‌مته‌رخه‌میمان هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر قامیشلی ناوتنا قامیشلی، یان قامیشلۆ هه‌ردووكی له‌بنه‌ڕه‌تدا توركییه‌! كه‌چی هه‌ندێك ده‌یكه‌ن به‌كێشه‌. ئێمه‌ ده‌ستمان به‌هه‌ندێ دروشمه‌وه‌ گرتووه‌ كه‌ ره‌نگه‌ هیچ سودێكی نه‌بێت یان یه‌كتر خیانه‌تبار ده‌كه‌ین. بۆنمونه‌ من به‌رۆژی رووناك ده‌چمه‌ لای سه‌رۆك وه‌زیران، یان لێپرسراوێك یان دێمه‌ سه‌ر شاشه‌و به‌زمانی كوردی ده‌دوێم و پێشكه‌شكاره‌كه‌ش ناچار ده‌كه‌م به‌كوردی پرسیارم لێبكات، من پێموایه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌ بۆ ئێمه‌، به‌ڵام هه‌ندێك پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ نۆكه‌رییه‌ بۆ رژێم..تد له‌كاتێكدا پێویسته‌ قسه‌ بكه‌ین لانیكه‌م بۆ دواندنی شه‌قامی عه‌ره‌بیی و گه‌یاندنی په‌یامی خۆمان.
دامه‌زراوه‌ی‌ بارزانیی یان تاڵه‌بانیی یان ئۆجالان گرنگن. جێی‌ بایه‌خن به‌ڵام من چیبكه‌م بۆ گه‌لی كورد له‌سوریا. گرفتی په‌یام و گوتاریی ئیعلامییمان. من له‌ناو په‌كه‌كه‌ خه‌باتم هه‌بووه‌، برایه‌كم له‌ 1995 له‌شاخه‌كانی دیاربه‌كر شه‌هید بوو، خوشكێكم گه‌ریلای په‌كه‌كه‌بوو له‌سوێد له‌ژێر چاره‌سه‌ردایه‌.

*په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی سوریا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چۆنه‌؟ هه‌یه‌؟
– په‌یوه‌ندی هه‌یه‌، هیوادارین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ زیاتر پێشكه‌وێت. نایشارمه‌وه‌ من رۆڵی گرنگم له‌و نێوانه‌دا بینیوه‌، به‌ڵام گرفت هه‌یه‌. هه‌رێم داوا ده‌كات سوریا كونسڵخانه‌ له‌ هه‌ولێر بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێت. هاوكات گروپه‌ كوردستانییه‌كان نوسینگه‌یان له‌ دیمه‌شق هه‌یه‌، بۆنمونه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی هه‌یه‌تی، پارتی دیموكراتی كوردستان نوسینگه‌ی‌ هه‌یه‌ ئێستا داخراوه‌. حزبێكی دیكه‌ش هه‌یانه‌. هیوادارم ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گه‌شه‌ بكات له‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی سوریا و هه‌رێمی كوردستان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*