سەرەکی » زانست » نه‌بوونی هه‌وا گۆڕكێ له‌ پۆله‌كانی خوێندندا..

نه‌بوونی هه‌وا گۆڕكێ له‌ پۆله‌كانی خوێندندا..

نه‌بوونی هه‌وا گۆڕكێ له‌ پۆله‌كانی خوێندندا به‌زیانه‌ بۆ ته‌ندروستی و ئاستی فێربوون

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

پۆلی خوێندن ژماره‌یه‌كی زۆر خوێندكاری تیایه‌ ، كه‌ پێویستیان به‌ بڕێكی گونجاوی هه‌وای پاكی پڕله‌ ئۆكسجینه‌ ، ، هه‌ر مرۆڤێك له‌كاتی هێمنیدا ، له‌ ‌ده‌قیقه‌یه‌كدا نزیكه‌ی 12 لیتر هه‌وا ده‌چێته‌ ناو سیه‌كانیه‌وه‌ ، پاش كه‌مكردنی ئۆكسجینه‌كه‌ی و زیاد بوونی دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن تیایدا ، ده‌یكاته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌و هه‌وایه‌ی گه‌رم بووه‌ تا 37پله‌ی سه‌دی . وه‌ نادروسته‌ كه‌ هه‌مان هه‌وا جارێكی تر هه‌ڵمژینه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌وای ژوره‌كه‌ گه‌رم ببێت ، وه‌ ڕێژه‌ی دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن زیاد بكات و ئۆكسجین كه‌م بكات . واته‌ ئه‌و چوار كاتژمێره‌ی كه‌ خوێندكاران له‌ماوه‌ی ده‌وامدا له‌ پۆلدا ده‌بن هه‌ر خوێندكاره‌ بڕی 2880 لیتر هه‌وای نادروست ده‌كاته‌ ناو پۆله‌كه‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی خوێند كاره‌كان له‌ پۆلێكدا 30 خوێند كار بێت ئه‌وا بڕی 86400 لیتر هه‌وای ئه‌و ژوره‌ نادروسته‌ .
چونه‌ ژوره‌وه‌ی خوێند كاره‌كان بۆ ناو پۆله‌كه‌یان ، واده‌كات كه‌ بڕی هه‌وای ژوره‌كه‌ كه‌م بێته‌وه‌ ، چونكه‌ به‌ قه‌باره‌ی خۆیان ، هه‌واده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ .
له‌ قوتابخانه‌و خوێندنگاكانی ئێستادا ، زۆربه‌ی په‌نجه‌ره‌كان ، له‌ یه‌كلای پۆله‌كانی خوێندندان وه‌ ئه‌و په‌نجه‌رانه‌ی ده‌كرێنه‌وه‌ زیاتر له‌ مه‌ترێك له‌ خوار بنمیچی ژوره‌كه‌وه‌ن ، زۆرێكیش له‌م په‌نجه‌رانه‌ به‌هۆی شكانی ده‌سكه‌كانیانه‌وه‌ ، توند ده‌كرێن تا نه‌كرێنه‌وه‌ . ده‌رگای پۆله‌كانیش كه‌ له‌ لای به‌رام به‌ره‌ ، له‌ ناو ساڵۆنی داخراوی خوێندنگاكاندان ، كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ یان په‌نجه‌ره‌ی نییه‌ ، یان زۆربه‌ی په‌نجه‌ره‌ی داخراوه‌ . بۆیه‌ هه‌وایه‌كی ئه‌و تۆش ، له‌ ده‌رگاكانه‌وه‌ ناچیته‌ ناو پۆله‌كان ، بۆیه‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو خوێندنگایه‌كه‌وه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ست به‌ قورسی هه‌ناسه‌و ، ماندوو بون ده‌كه‌یت .
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ، هه‌ندێ له‌ خوێندنگاكان هه‌وڵیان داوه‌ تاسپلیت ، له‌ چه‌ند پۆلێكدا دابنێن ، بێئه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ سپلیت ته‌نها هه‌واكه‌ فێنك ده‌كاته‌وه‌ ده‌نا هه‌مان هه‌وای پیسی ناو پۆله‌كه‌ ده‌وران پێده‌كات ، وه‌له‌كاتی كاركردنی سپلیته‌كه‌شا ، ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كان داده‌خه‌ن . جا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی خوێندگاكان دوو نهۆمین وه‌ هه‌وای گه‌رم به‌ره‌و ژور ده‌چێت ، ئه‌وا نهۆمی سه‌ره‌وه‌ كه‌مترین هه‌وای پاكی تیایه‌و زۆر نه‌شیاوه‌
بێگومان كه‌م بونه‌وه‌ی ئۆكسجین و زیادبونی دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن له‌ هه‌وای پۆله‌كانی خوێندندا ، واده‌كات كه‌ خوێن له‌ دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن پاك نه‌بێته‌وه‌ ، خوێند كاران هه‌ست به‌ بێتاقه‌تی و ماندوو بون بكه‌ن .
خۆ له‌ زستاندا ، كه‌ زۆپا بۆ گه‌رم كردن ، له‌ پۆله‌كاندا به‌كاردێت ئه‌وا به‌ ته‌واوی ڕێژه‌ی ئۆكسجین داده‌به‌زێت و هه‌وای پۆلی خوێندن پیس ده‌بێت .
به‌داخه‌وه‌ ،چه‌ند جارێك ، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌م كردووه‌ ، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڵام هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كم نه‌دیوه‌ ، بێگومان ئه‌ندازیارانی بنیاتنانی خوێندنگاكان . هه‌رگیز ئه‌م بابه‌ته‌یان به‌ هه‌ند نه‌گرتووه‌ ، ده‌نا له‌ بینایه‌كدا كه‌ سێ سه‌د تا شه‌ش سه‌د مرۆڤ كۆبێته‌وه‌ ، پێویستی به‌ سیستمێكی گونجاوی هه‌وا گۆڕكێ ده‌بێت .
بێگومان ئه‌ركی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێم و به‌ڕێوه‌ به‌ریه‌تیه‌كانیه‌تی ، كه‌لیژنه‌ی تایبه‌ت دروست بكه‌ن بۆ پێوانی ڕێژه‌ی ئۆكسجین ، بچنه‌ خوێندنگاو قوتابخانه‌كان له‌ كاتی پێش ته‌واو بونی ده‌وامی خوێندنگاكاندا ، تا ڕێژه‌ی ئۆكسجینی هه‌وای پۆله‌كان بزانن وه‌ په‌روه‌رده‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ له‌ و ڕوه‌وه‌ .
جێگه‌ی سه‌رنجه‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كان و ئاهه‌نگه‌كان كه‌ ژماره‌یه‌كی هاوشێوه‌ی خه‌ڵكیان تیا كۆده‌بێته‌وه‌ ، له‌ چه‌ند ڕۆژێكی دیاری كراودا بۆ یه‌ك دوو كاتژمێر ، گونجاوترین سیتمی هه‌وا گۆڕكێی بۆ دابین ده‌كرێت كه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و هۆڵانه‌ به‌هۆی به‌رزی بنمیچه‌كانیانه‌وه‌ ، بڕیكی زۆر هه‌وای تێدا ده‌بێت .
له‌وانه‌یه‌ بوترێ ، ئه‌م كاره‌ ناكرێت له‌و هه‌موو بینایه‌ی خوێندندا ، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازیاری جیاواز دروست كراون . بۆیه‌ به‌ چاكی ده‌زانم بۆ هه‌موو دڵسۆزانی مناڵ و خوێندن ، پێشنیار بكه‌م كه‌ ده‌كرێت به‌ خه‌رجیه‌كی كه‌م ، ئه‌م گرفته‌ چاره‌ سه‌ر بكرێ . به‌وه‌ی له‌ بنمیچی هه‌ر پۆلێكدا ، ده‌رچه‌یه‌ك بۆ هه‌وا دروست بكرێت ، به‌ ڕوبه‌ری 1م × 0.5م یاكه‌متریش له‌ گۆشه‌ی ئه‌و به‌ری په‌نجه‌ره‌كاندا ، وه‌ له‌ ناو پۆلی سه‌رو خۆیدا به‌ سمنت بۆرد ، یان چپسن بۆرد بۆ سه‌ربانی خوێندنگاكه‌ ڕه‌ت بكرێن ، دواتر له‌ سه‌ربان ده‌رچه‌ی گونجاوی بۆ دروست ده‌كرێت ، بێگومان ئه‌مه‌ واده‌كات كه‌هه‌وای گه‌رمی ژوره‌كان بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پیسه‌ی كه‌ تیایه‌تی .
هیوادارم وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رانی په‌روه‌رده‌ و به‌ڕیوه‌ به‌رانی خوێندنگاكان ، چیتر ئه‌م لایه‌نه‌ فه‌رامۆش نه‌كه‌ن كه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ته‌ندروستی و ئاستی فێربونی خوێندكاران .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان (به‌شی دووەم) كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز / 16/ ...