سەرەکی » دۆسێ » ره‌وته‌كان » ئێران: هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكەینە ئامانج

وەزارەتی بەرگری وەڵام دەداتەوە

ئێران: هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكەینە ئامانج

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، ئێران خوازیاری شەڕ نییە و ئەوەی دەیكات لە چوارچێوەی بەرگریكردن لە خۆی، بەڵام گەر ئەمریكا هێرشی بكاتەسەر، ئەوا هێزەكانی وڵاتەكە لە عیراق و وڵاتانی تر دەكرێنە ئامانج، ئەم لێدوانەی باڵێوزی ئێران لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە بە توندی ئیدانەكرا و بەكارهێنانی خاكی عیراق لەلایەن وڵاتێكی ترەوە لە ململانێ‌ ئیقلیمییەكان بە هێڵی سوور ناوزەندكرا.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عیراق لە 27ی ئەیلولی 2019 و لە لێدوانێكیدا بۆ یەكێك لە كەناڵە تەلەفیزیۆنە عیراقییەكان رایگەیاندبوو» كۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری شەڕ نییە لەگەڵ ئەمریكا و هیچ وڵاتێكی تر، چونكە شەڕ لە بەرژەوەندی ئێران و ئەمریكادا نییە».
بە گوتەی مەسجی»ئەمریكاییەكان هەمیشە دەڵێن خەرجی شەڕمان لەبەردەستمانە ، بەڵام ئێمە هیچكات رێگای شەڕكردن ناگرینەبەر».
باڵیوزی ئێران دەڵێت»هەڵوێستی ئەوان هەڵوێستی بەرگریكردنە لە وڵاتەكەیان، بەڵام ئەگەر هەر لایەنێك هێرش بكاتەسەریان، وەڵامی دەدەنەوە و بە هەموو شێوەیەك رێڕەوی بەرگری لە خۆیان دەگرنەبەر».
ئیرەج مەسجدی پێیوایە»گەر ئەمریكا هێرشی سەربازی بكاتەسەر ئێران، تاران بەوپەڕی هێزەوە وەڵامی دەداتەوە و سەرجەم هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و وڵاتێكی تر دەكاتە ئامانج، ئەمریكاییەكانیش بەباشی دركییان بەوەكردووە كە گەمەكردن لەگەڵ ئێراندا هەروا ئاسان نییە».

وەڵامی وەزارەتی بەرگری
لە بارەی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا لەنێو خاكی عیراق، وەزارەتی بەرگری عیراق وەڵامی باڵیۆزی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند» بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردن هێڵی سوورە».
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 28ی ئەیلولی 2019 لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە بڵاوكرایەوە»عیراق نابێتە پێگە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر ئێران، ڕێگەش نادات خاكی عیراق بكرێتە جێی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بەكارهێنانی خاكەكەشی لەلایەن هەر وڵاتێكەوە بە هێڵی سوور دەزانێت».
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری عیراقدا هاتووە» ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عیراق لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمریكا هەر هێرشێك بكاتە سەر ئێران، ئەوانیش هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دەكەنە ئامانج، وەزارەتی بەرگری عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانەی مەسجدی دەكات، چونكە هەرگیز رێگە نادەن عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلایی كردنەوەی جەنگی وڵاتانی جیهان».
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عیراق لە بەیاننامەیەكی تایبەتی وەزارەتەكەیدا سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو لێدوانە رایگەیاندبوو» هەرگیز رێگە نادەن عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی جەنگی وڵاتانی جیهان».
بە گوتەی خەفاجی»وەك چۆن دژایەتی هەڵگیرسانی شەڕن لە دژی ئێران لەنێو خاكی عێراقەوە، بەهەمان شێوە رێگەنادەن هێرشبكرێتە سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لەناو خاكی عیراق».
جگە لە وەزارەتی بەرگری عیراق، لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عیراقیش، ئیدانەی ئەو لێدوانەی ئیرەج مەسجدی كرد و دژایەتی خۆی بۆ هەر لێدوان و هەنگاوێكی لەو شێوە دەربڕی.
بەرلەوەش، وەزیری بەرگری عیراق ڕایگەیاندبوو، وڵاتەكەی نابێتە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە وڵاتانی دراوسێ.
نەجاح شمەری وەزیری بەرگری عیراق لە 24ی ئەیلولی 2019 بە كەناڵی عیراقییەی راگەیاندبوو، سیاسەتی حكومەتی عیراق، موڵەت نادات وڵاتەكەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و دەستدرێژی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ و بەم بەڵێنەشەوە پابەنددەبن.
بە گوتەی شەمممەری «پڕچەككردنی سوپای عیراق بەپێی گرێبەست لەگەڵ وڵاتانی گەورە بەڕێوەدەچێت، ئێمە لە بواری ئاسمانیدا لاوازیین و دەبێت پەرە بە سیستمی بەرگری ئاسمانی بدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەك كە روو لە وڵات دەكات».
وەزیری بەرگری عیراق دەڵێت»هێزە چەكدارەكان لەژێر چاودێری فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقن و هەر دەستدرێژییەكیش بكرێتە سەر ئەوان، بە دەستدرێژی بۆسەرگەلی عیراق بە گشتی دادەنرێت.

«عیراق ناچێتە نێو هیچ هاوپەیمانییەكەوە»
هەر لە چوارچێوەی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران لە ناوچەكەدا، عیراق بەهۆی پێگە جوگرافییەكەی كەوتووەتە نێوەندی باهۆزەكە و لەلایەن هەردوولاوە هەوڵ بۆ پەلكێشكردنی دەكرێت، بەڵام عیراق رەتیدەكاتەوە لایەنگری هیچ لایەك بكات و بەرگری لە بێلایەنبوونی خۆی لەو كێشمەكێشەدا دەكات كە لە ناوچەكەدا دروستبووە.
لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاندبوو»عیراق ئامادەنییە بۆ چوونە نێو ئەو هاوپەیمانی ئێرانی لە كەنداو».
محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عیراق لە 26ی ئەیلولی 2019، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پێشنیاری ئێران بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەك لەنێوان وڵاتانی كەنداو، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە رایگەیاندبوو»عیراق ئامادەنییە بۆ چوونە نێو هاوپەیمانی ئێرانی لە كەنداو».
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عیراق»گرنگە سەرەتا بارودۆخی ناوچەكە ئاسایی بكرێتەوە و دواتر چاوەڕوانی دانوستانەكان بین بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو بارودۆخەی ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت».
ئەم لێدوانەی حەكیم لەكاتێكدایە كە پێشتر بەرپرسێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەی كەنداو، ئاماژەی بە هەوڵەكانی وڵاتەكەی كردبوو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەك و رایگەیاندبوو»عیراقیش لەنێو ئەو هاوپەیمانییەدا دەبێت كە تاران كار بۆ دروستكردنی دەكات».

پێكهێنانی هاوپەیمانی ئێرانی
لێدوانەكەی محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عیراق لەكاتێكدا بوو كە پێشتر حكومەتی ئێرانی لە 23ی ئەیلولی 2019، دەستپێشخەرییەكی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بۆ زامنكردنی ئاسایشی ناوچەی كەنداو پێشكەشكرد كە هەریەك لە ئێران و سعودیە و عیراق و بەحرێن و ئیمارات و قەتەر و عوممان و كوێت لەخۆبگرێت و لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بێت.
محەمەد جەواد زریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەوانان بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك رایگەیاندبوو»پێویستە ئەو هاوپەیمانییە لەڕووی مەبدەئییەوە ئێران و عیراق و سعودیە و بەحرێن و ئیمارات و قەتەر و عوممان و كوێت و رەنگە یەمەنیش لەخۆبگرێت».
بە گوتەی زەریف»دژ بە هاتنەناوەوەی یەمەن نیین بۆ هاوپەیمانییەكە، بەڵام لەئێستادا روون نییە چی روودەدات. دەبێت ئەو وڵاتانە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كاربكەن».
پێشتر حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاندبوو، لە میانی بەشداریی لە كارەكانی خولی 74ی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە 24ی ئەیلولی 2019 دەستیپێكرد، دەستپێشخەرییەك بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانییەك بۆ زامنكردنی ئاسایشی كەنداو و نۆكەندی هورمز، لەسەر بنەمای هەماهەنگی لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...