سەرەکی » دۆسێ » ره‌وته‌كان » گەندەڵی كەرتی تەندروستی عیراق وێران دەكات

وەزیرەكەی دەستی لەكاركێشایەوە

گەندەڵی كەرتی تەندروستی عیراق وێران دەكات

دوای ئەوەی عیراق لە بواری چاودێری تەندروستی و گەشەكردن و پەرەسەندنی پزیشكی لە ریزی پێشوەی وڵاتانی ناوچەكە و بگرە جیهانیشدا بوو، لەئێستادا بەهۆی گەندەڵییەوە ئەو كەرتەش لە پوكانەوەدایە و رۆژ لە دوای رۆژ لەبری پێشكەوتن بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە.
لەو بارەیەوە ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق رایدەگەیەنێت، قەبارەی گەندەڵی لە كەرتی تەندروستیدا مەترسیدارە، هۆكاریی دەسەتلەكاركێشانەوەی وەزیری تەندروستیش بۆ “مافیاكانی حزبەكان” دەگێڕێتەوە.
ئەحمەد جبوری، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە تویتێكیدا كە لەسەر تۆڕی كۆمەلایەتی (تویتەر) بڵاویكردبووەوە رایگەیاندووە”گەندەڵی لە كەرتی تەندروستی گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار بەهۆی كۆنترۆڵكردنی گرێبەستەكانی وەزارەتی تەندروستی لەلایەنە مافیاكانی حزبەكانەوە”.
بە گوتەی جبوری:”قەبارەی گەندەڵی لە كەرتی تەندروستیدا مەترسیدارە، دەستلەكاركێشانەوەی عەلوان (وەزیری تەندروستی)یش هۆكارەكەی بۆ مافیاكانی حزبەكان دەگەڕێتەوە كە دەستییان بەسەر گرێبەستەكانی وەزارەتی تەندروستیدا گرتووە، لەمەشدا مافیاكانی دەرمان لە بازاڕی ڕەشدا پشتیوانیانن”.
ئەو پەرلەمانتارە عیراقییە دەڵێت”بۆیە كەرتی تەندروستی تایبەت لەسەر حیسابی هەژاران دەبووژێتەوە و كەرتی تەندروستی حكومیش كۆتایی دێت”، ئاماژەی ونبوونی ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان كردووە و تویتەكەشی بە”سڵاو لە حكومەت” كۆتایی پێهێناوە.
عەلائەدین عەلوان، وەزیری تەندروستی عیراق، لە 12ی ئەیلولی 2019، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كردبوو، هۆكاریی دەستلەكاركێشانەوەكەشی بۆ ئەو گوشارە سیاسیانە گەڕاندبووەوە كە بە گوتەی خۆی كراونەتەسەری.
بەپێی بەیاننامەیەكیش كە لەو دەمەدا لەلایەن ئاژانسی دەنگوباسی عیراقییەوە بڵاوكرایەوە، وەزیری تەندروستی عیراق ئاماژەی بەو گێچەڵپێكردن و هەڵمەتە رۆژنامەوانییە بەلاڕێدابەرەكان كردبوو كە ئامانج لێیان» بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵیانە بووە كە لە وەزارەتی تەندروستیدا هەیە».
عەلائەدین عەلوان رایگەیاندبوو»گەیشتووەتە بڕوای تەواوەتی و ناتوانێت لەسایەی ئەم دۆخەی ئێستادا بەردەوام بێت لەكاركردن».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی تەوندروستی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»وەزیر سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ سەرۆكی حكومەت لەبەرانبەر بەخشی متمانە و رێنمایی و پشتیوانی بەردەوام بۆ كەرتی تەندروستی و ژینگە و بایەكی تایبەتی بە كەسی وەزیر لەكاتی ئەنجامدانی كارەكانی لەماوەی چەند مانگی رابردوو. هەر وەها سوپاسی هەموو وەزیرەكانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامانی ئەنجوەمەنی نوێنەران و وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی كرد كە هاوكاریی بوون لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی».
دەستلەكارێشانەوەكەی عەلەئەدین عەلوان وەزیری تەندروستی عیراق، لەكاتێكدایە كە پەرلەمانی عیراق، خۆی بۆ بانگهێشتكردنی ژمارەیەك لە وەزیرەكانی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی ئامادە دەكات، بەهۆی دۆسێكانی گەندەڵی لە هەندێك لە وەزارەتەكان، وێڕای لێپێچینەوە لە خراپی خزمەتگوزاریی لە زۆربەی پارێزگە و ناوچەكانی عیراق، دوای نزیكەی ساڵێك بەسەر پێكهێنانی حكومەتدا.
لە دوای ساڵی 2003 و پێكهێنانی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكان لە عیراق، دروشمی بنبڕكردنی گەندەڵی یەكێك بووە لە بەڵێنە بریقەدارەكانی بەرپرسانی باڵا، بەڵام تائێستاش گەندەڵی یەكێكە لەو پەتا كوشندانەی كە زۆربەی دامەزراوە و جومگە گرنگەكانی دەوڵەتی عیراقی گرتووەتەوە و بەشێوەیەكی جددی كار بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆسێیە نەكراوە كە ئابوری عیراقی شەكەت كردووە و یەكێك لە لەمپەرە سەرەكییەكانی بەردەم بوژانەوەی عیراق.
هەر سەبارەت بە گەندەڵی، نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 5ی تشرینی یەكەمی 2019 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی بنبڕكردنی گەندەڵی چەند بڕیارێكی لەبارەی داواكارییە جەماوەرییەكان و پوچەڵكردنەوەی تۆمەتەكانی دژ بە وەزیری تەندروستی دەركردووە.
بەپێی بەیاننامەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران»ئەنجومەنی باڵای بنبڕكردنی گەندەڵی كۆبوونەوەی خۆی بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران سازكردووە».
هەر لە بەیانامەكەدا هاتبوزو كە ئەنجومەنەكە چەند بڕیارێكی گرنگی دەركردووە سەبارەت بە داواكاریی و داخوازییە جەماویرییەكان و دۆسێكانی نەوت و خانووبەرەكانی دەوڵەت و دوورخستنەوەی هەزار فەرمانبەر، و كرێكارانی بیانی و پوچەڵكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی پێشتر رووبەڕووی وەزیری تەندروستی كرابوون».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...