سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » نوێنەران 20 بڕیاری لە بەرژەوەندیی خۆپیشاندەران دەركرد

نوێنەران 20 بڕیاری لە بەرژەوەندیی خۆپیشاندەران دەركرد

لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا گفتوگۆ لەسەر داواكاریی خۆپیشاندەران كرا و بیست بڕیار لەپێناوی باشتركردنی ژیان و بژێوی هاووڵاتیاندا دەركرا.
شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت كرا بە گفتوگۆكردن لەبارەی داخوازیی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی بەغدا و چەند شارێكی دیكەی عیراق، وتیشی: دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران، 20 بڕیار لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران دەركرا و دواتر ئاڕاستەی حكومەتی فیدراڵ دەكرێت بۆ جێبەجێكردن، راشیگەیاند: بەپێی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی كردوون، بڕە پارەیەك بۆ ئەو كەسانە تەرخان دەكرێت كە داهاتیان سنووردارە، لەگەڵ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی، هەروەها گەڕانەوەی ئەو كەسانەی پێشتر لە وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ دەركراون، وتیشی: بڕیارە رۆژی پێنجشەممەش ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە، بەڵام تائێستا بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە دیار نییە.
لەبارەی هەوڵەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقیش، ئەڵماس فازڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەڵێ هەوڵی لەوجۆرە هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەگوێرەی دەستوور و یاسا دامەزراون و بەهیچ شێوەیەك بە بڕیارێك هەڵناوەشێنەوە، بۆیە بڕیارەكانی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو بڕگەیەی لەگەڵ نەبوو، وتیشی: بۆ سڕكردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵدەدات لە رێگەی لیژنەی یاسایی و هەرێمەكانەوە، یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار بكرێتەوە، بەڵام ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نین و بۆچوونی خۆشمان پێڕاگەیاندوون، راشیگەیاند: هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە سڕكردنی ئەنجومەنەكانەوە هەیە، كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك دەبێت كە بە گوێرەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكە، پێویستە بۆ لیستی برایەتی بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״لە دوو مانگی داهاتوودا بودجەی 2020 دەگاتە نوێنەران״

ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراق دەبێتە پرسێكی گەرم و بەپێی ...