بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سوریا كه له ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدایه، كاردانه‌وه و نیگه‌رانی لێكهوتهوه و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ش، تره‌مپ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بۆوه و به‌بۆچوونی شاره‌زایانی سیاسی، پێده‌چێت تره‌مپ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان به‌و بڕیاره‌یدا بچێته‌وه.
ده‌ستبه‌رداری كورده‌كان نه‌بووین
دوێنێش له نوێترین لێدوانی‌دا سه‌باره‌ت بەبڕیارەکەی، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ره‌نگه ئێمه له نێو پرۆسه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌دا بین له سوریا، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌رداری كورده‌كان نه‌بووین، كورده‌كان كه‌سی تایبه‌ت و شه‌ڕكه‌ری نایابن. وتیشی: په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ توركیا كه ئه‌ندامێكی ناتۆ و هاوبه‌شێكی بازرگانیمانه، زۆر باشه، توركیاش ژماره‌یه‌كی زۆر دانیشتووی كورد له‌خۆده‌گرێت، بۆیە له‌وه زۆرباش تێده‌گات.
ترەمپ روونیشیكرده‌وه: ئێمه 50 سه‌ربازمان له‌و ناوچه‌یه‌ی سوریا هه‌بوو كه لێی كشاوینه‌ته‌وه و به‌جێمانهێشت، بۆیه هه‌ر جه‌نگێكی ناپێویستی توركیا له‌و ناوچانه، ده‌بێته هۆی تێكشكانی ئابووری و به‌های دراوی توركی.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا جه‌ختیشیكرده‌وه كه له رووی ئابووری و چه‌كه‌وه هاوكاریی كورد ده‌كه‌ن.
په‌نتاگۆن: چیتر زانیاری چاودێری و ئاشكراكردن ناده‌ین به توركیا
لای خۆشیه‌وه، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا (په‌نتاگۆن) رایگه‌یاند: ناوه‌ندی پرۆسه ئاسمانییه هاوبه‌شه‌كان، توركیای له‌ڕێكخستنی ئه‌ركه ئاسمانییه‌كان له سوریا ده‌رهێناوه.
كارلا گلیسۆن وته‌بێژی په‌نتاگۆن له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ناوه‌نده‌كه چیتر زانیاریی چاودێری و ئاشكراكردن نادات به توركیا. له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شی كه ئایا ئه‌و هه‌نگاوه مانای وایه بواری ئاسمانی سوریا به‌ڕووی توركیادا داخراوه؟ وته‌بێژه‌كه‌ی په‌نتاگۆن وتی: له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه ناتوانین وابڵێین، به‌ڵام كاتێك له میكانیزمی رێكخستنی ئه‌ركه ئاسمانییه‌كاندا دهربهێنرێیت، ئه‌وا فڕینی ئاسمانی وه‌ك نیمچه ئه‌سته‌می لێدێت.
هیلاری كلینتۆن: بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ خیانه‌تێكی بێزراوه له كورد
سه‌باره‌ت به‌بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌باكووری خۆرهه‌ڵاتی سوریا، هیلاری كلینتۆن وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئهمریكاو رکابەری ترەمپ لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، رایگه‌یاند: سه‌رۆك شانبه‌شانی دوو سه‌ركرده‌ی توركیا و روسیا وه‌ستاوه، نه‌ك له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه وهفادارهكانمان و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مریكا.
هیلاری بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی به خیانه‌تێكی بێزراو له كورد و ئه‌و سوێنده‌ی وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌مریكا خواردوویه‌تی، وه‌سفكرد.
لینسی گراهام: پشتكردن له كورده‌كان، شكۆی ئه‌مریكا له‌كه‌دار ده‌كات
لینسی گراهام سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا ده‌رباری بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ، رایگه‌یاند: من ئاگاداری ورده‌كاری بریاره‌كه‌ی تره‌مپ نیم و هه‌وڵده‌ده‌م په‌یوه‌ندی بكه‌م به مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه، بۆئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و بڕیاره ورده‌كارییه‌كان بزانم.
وتیشی: ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره راست بێت، ئه‌وا كاره‌ساتێك به رێگاوه‌یه، پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌واتای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشه، ناچاركردنی كورده‌كانه بۆئه‌وه‌ی ببنه هاوپه‌یمانی به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ناوچوونی په‌یوەندیی توركیا له‌گه‌ڵ كۆنگرێسی ئه‌مریكا و له‌كه‌داربوونی شكۆی ئه‌مریكایه به‌هۆی وازهێنان له كورد.
جه‌ختیشیكرده‌وه: ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی تره‌مپ جێبه‌جێ ببێت، ئه‌وا بڕیارنامه‌یه‌ك ده‌ده‌نه ئه‌نجومه‌نی پیران و هه‌ردوو پارتی دیموكرات و كۆماری له دژی تره‌مپ بڕیار ده‌ده‌ین.
ماكگۆرك: دیارییه‌كه بۆ داعش
برێت ماكگۆرك نێردراوی پێشووی ئه‌مریكا له‌هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه: به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی سپی ده‌رباره‌ی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، كه دوای په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان تره‌مپ و ئه‌ردۆغان هات، نه‌بوونی تێگه‌یشتنی ته‌واوه له‌وه‌ی كه له‌سه‌ر زه‌وی چی ده‌گوزه‌رێت، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هیچ ده‌ستگیركراوێكی داعشی لا نییه، هه‌موویان لای هێزه‌كانی سوریای دیموكراتن.
روونیشیكردۆته‌وه: توركیا هیچ نیه‌تێك یان ئاره‌زوویه‌ك یان توانایه‌كی نییه بۆ ئیداره‌دانی 60 هه‌زار ده‌ستگیركراو، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگریی و ده‌ره‌وه هۆشداریی ده‌ده‌ن له‌نیه‌تی رێكخراوی داعش و هه‌ر بۆچوونێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه، قومارێكی سه‌رشێتانه‌یه به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌وه.
ماكگۆرك بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپی سه‌باره‌ت به‌گۆڕینی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، به‌وه وه‌سفكردووه، كه دیارییه‌كه پێشكه‌شی داعشی ده‌كات.
توركیا ده‌ستیپێكرد؟
ئاژانسی سانای سوریا رایگه‌یاند: دوای چه‌ند سه‌عاتێك له بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا به كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا پێگه‌كانی هه‌سه‌ده‌یان له ناوچه‌ی ته‌ل ته‌ویلی سه‌ر به‌پارێزگای حه‌سه‌كه بۆردومان كردووه.
پێشتر ئه‌نقه‌ره رایگه‌یاندبوو، كه له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له نزیك سنووره‌كانی توركیا، هێرشی سه‌ربازیی ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌و ناوچانه.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان
189 جار بینراوە