سەرەکی » مانشێت » راگەیاندراوی رۆژنامەوانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانپەڕە 18

راگەیاندراوی رۆژنامەوانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئێوارەی ئەمڕۆ (8/10/2019) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی كۆبوەوە.
لە كۆبونەوەكەدا، كە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی بەرێگای (ڤیدیۆكۆنفرانس) بەشداربوو، دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە دۆخی سیاسی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە بەووردی تاوتوێ كران.
سەبارەت بە دۆخی عێراق‌و خۆپیشاندانەكان، مەكتەبی سیاسی جەختیكردەوە خۆپیشاندانی هێمنانە، لەپێناوی چاكسازی بنەڕەتی‌و بەگژاچونەوەی گەندەڵی‌و باشكردنی گوزەرانی خەڵك‌و خزمەتگوزارییە گشتیەكان، مافێكی ڕەوایە. هەروەك هەموو جۆرە توندوتیژییەك لەهەر لایەكەوە بەكاربهێنرێت كارێكی نادروست‌و ڕێگەپێنەدراوەو دەبێتە مایەی شێواندنی ئارامی‌و ئاسایشی عێراق‌و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەكان‌و وونكردنی ئامانجی ڕاستەقینەی خۆپیشاندەران.
مەكتەبی سیاسی سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەوانە دەكات، كە لە ریزەكانی خۆپیشاندەران ‌و هێزەكانی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا و هیوای زوو چاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێت، پێداگریش دەكات لەسەر ئەوەی هەموو هێزە نیشتمانیەكانی عێراق، هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگای گفتوگۆو شێوازی مەدەنی.
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و ناوەند، مەكتەبی سیاسی جەختی لەسەر هەڵوێستی جێگیری یەكێتی كردەوە، كە زەمینەی لەبار ڕەخساوە تاوەكو لە رێگای گفتوگۆیەكی جددی‌و بەرپرسیارانەوە، بەپێی دەستور كێشەكان چارەسەر بكرێن.
پێشهات‌و گۆڕانكارییە خێراو كتوپڕەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بوو. مەكتەبی سیاسی جەختی كردەوە، گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا شان بەشانی لایەنەكانی تری هێزەكانی سوریای دیموكرات بەهاوكاری هاوپەیمانان لە جەنگی تێكشكاندنی داعشدا و نەهێشتنی مەترسی‌و هەڕەشەی گەورە لەسەر ئارامی‌و ئاسایشی ناوچەكە‌و بگرە جیهانیش، قوربانیەكی زۆریان دا و ئازایەتی بێوێنەیان تۆماركرد. پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانی دوو رۆژی ڕابردوو، مایەی نیگەرانی قووڵن، بژاردەی عەسكەری رێگای دروست نیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دۆخەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. بەردەوام بوونی تەنگژەكەش كارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەكەوێتەوەو زەمینەش دەسازێنێ بۆ سەرهەڵدانەوەی مەترسیەكانی رێكخراوە تیرۆریستیەكان لەسەروویانەوە داعش.
مەكتەبی سیاسی رایگەیاند یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەناڵە جیاجیاكانەوە هەموو تواناكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە گرژی زیاترو شەڕ، كە گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و گەلانی تری باكووری سوریا دووچاری خوێنڕشتن‌و كارەساتی مرۆیی زیاتر دەكاتەوە. هەروەك داواش لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات رێگا لە هەڵكشانی گرژییەكان بگرێت‌و بەرپرسیارێتی هەموولایەكە، كە هاوكاری گەلی كوردستان لە رۆژئاوا بكات.
لەبەر رۆشنایی گۆڕانكاریی‌و مەترسییەكان، مەكتەبی سیاسی جەختی لە سیاسەتی لەمێژینە‌و چەسپاوی یەكێتی بۆ یەكڕیزیی گەلی كوردستان ‌و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیە كوردستانیەكان لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا كردەوە، هەروەك هەستیاری دۆخەكە ئەوپەڕی تەبایی و هەماهەنگی و یەكهەڵوێستی هەموولایەك دەخوازێ.
مەكتەبی سیاسی رایدەگەیەنێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی بەرپرسیار بەرامبەر بە راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانیی‌و نەتەوەیی‌و دیموكراسیەكان‌و بەرپرسیار بەرامبەر بە چارەنوسی گەلی كوردستان، بەووردی‌و ووریاییەوە چاودێری دۆخەكە‌و گۆڕانكاری ‌و پێشهاتە نوێیەكان دەكات، بێدرێغ هەوڵەكان درێژە پێدەدات، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان‌و ئاشتی‌و ئارامی‌و تێپەڕاندنی مەترسیەكان.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 8/10/2019

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆك كۆمار: پاراستنی ئاسایش ‌و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا

دوێنێ، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە دێڤد شینكەر یاریدەدەری ...