سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » بازرگان و سیاسه‌ت..!

روانینی دوێنێ‌ و خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ

بازرگان و سیاسه‌ت..!

•بازرگان و سیاسه‌ت

له‌ناوه‌راستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوودا بوو، بڕگه‌یه‌ك له‌یه‌كێ‌ له‌وتاره‌كانی‌ رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگ (محمد حسنین هیكل) له‌رۆژنامه‌ی (الاهرام)ی میسری كه‌ به‌ناونیشانی (بصراحه‌)بوو، هه‌موو رۆژانێكی شه‌مموان ئه‌ینووسی سه‌رنجی راكێشام، بڕگه‌كه‌ باسی مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رده‌مێ‌ ئه‌كات ته‌ماعكاریی عه‌قڵی بازرگانی سه‌ری گوریسی سیاسه‌ت بگرێته‌ ده‌ست ..!
له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یدا، ئه‌و رۆژه‌م بیركه‌وته‌وه‌، تازه‌ ئه‌ندامی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووم، ئاگاداریان كردین كه‌جه‌نابی لێپرسراوی حیزب له‌شار چاوی پێمان ئه‌كه‌وێت و قسه‌مان بۆ ئه‌كات، جه‌نابی بازگانێكی دیاری شاربوو، بیرم هاته‌وه‌ له‌و قسه‌ (ئامۆژگاریانه‌ی) بۆی كردین، رایسپاردین ، بایه‌خ به‌ به‌رووبوومی خۆیی كوردستان بده‌ین چونكه‌ ئه‌مه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاویی‌ هوشیاری به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی خۆشه‌ویستی نیشتمانه‌ ..!
هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێنه‌په‌ڕیبوو، له‌شه‌قامی شار دیعایه‌یه‌كی چاپكراوی ئه‌و بازرگانه‌ بڵاو بوبوه‌، كه‌ كۆگا بازگانیه‌كه‌ی‌ بووبو به‌ وه‌كیلی كارگه‌ی‌ دۆشاوی خورمای به‌غدا، كه‌ سه‌ربه‌كه‌رتی گشتی حكومه‌ت بوو، له‌و دیعایه‌دا ده‌قاوده‌ق نووسرابوو: (دۆشاوی خورما به‌نرخێكی هه‌رزان بكڕن كه‌ له‌ شیرینیدا پشتی هه‌نگوینی خۆمانی شكاندوه‌..!!) و له‌و بیرهاتنه‌وه‌یه‌و خوێندنه‌وه‌ی شیكردنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ (هیكل) هه‌ستم كرد به‌یه‌كه‌م ئیشاره‌تی مه‌ترسی ئه‌وه‌ی (بازرگان) بگاته‌ پله‌ی به‌رپرسیاریی سیاسی و ده‌وڵه‌ت چیه‌؟

له‌كۆتایی‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی‌ رابوردیشه‌وه‌ وه‌ك كارگێڕێ‌ له‌مه‌یدانی رۆژنامه‌نووسیدا هه‌ست ئه‌كه‌م هوشیاریدانه‌كه‌ی (هیكل) دووربینیه‌كی ژیرانه‌بوو، له‌گه‌ڵ رۆژگاردا ده‌رئه‌كه‌وێ‌ كه‌ئه‌گه‌ر پاراستنی سوودی قاعیده‌ی جه‌ماهیری خه‌ڵك به‌جددی لای (رێكخراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و چالاكوانانییانه‌وه‌ ..!!!) له‌به‌رچاو ئه‌گیرێ‌، واچاكه‌ بۆیان، پێ له‌سه‌ر به‌دوورگرتنی ده‌ستوه‌ردانی بازرگان! یان خاوه‌ن عه‌قڵی بازرگانیی‌ رووت! له‌سیاسه‌ت و كاری ده‌وڵه‌ت بكه‌ن به‌درووشمی به‌كاریان، زیاتر له‌ پێداگرتنیان له‌ ده‌ست وه‌رنه‌دانی (دین) له‌سیاسه‌ت و كاری ئیداری‌ ده‌وڵه‌ت، یان ئه‌گه‌ر ناتوانن خۆیان له‌ هه‌وای‌ (سیسته‌می‌ رۆژئاوا) رزگار بكه‌ن و راست ئه‌كه‌ن سوودی خه‌ڵكیان ئه‌وێ‌ با هه‌ردوو دروشمه‌كه‌ وه‌ك یه‌ك به‌رزبكه‌نه‌وه‌.. (ده‌ستوه‌رنه‌دانی بازرگانی چاوچنۆك و پیاوی ئاینی) له‌سیاسه‌ت و كاری ده‌سته‌ڵات..!
ئه‌و رووداوه‌ی سه‌ره‌وه‌و ئه‌م بۆچوونه‌م كاتێ‌ هاته‌وه‌ بیر كه‌ له‌به‌رنامه‌ی یه‌كێ‌ له‌كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیونیه‌كانی خۆمانا بینیم، خاوه‌ن باخێكی دارگوێزی خۆمان سكاڵایكرد له‌وه‌ی بازرگانه‌كانی خۆمان بازاڕیان پڕكردوه‌ له‌گوێزی ئه‌مه‌ریكایی و كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ نانی‌ ئه‌مان له‌بازار ئه‌بڕێ‌ …!

•ده‌م شیرینكردنی سیاسی ..!

په‌نده‌ پێشینانه‌كه‌ی خۆمان ئه‌ڵێ‌: (نان بۆ نانه‌واو گۆشت بۆ قه‌ساب) براده‌رێ‌ بۆی گێڕامه‌وه‌ وتی: به‌رپرسیارێ‌ برایه‌كی خۆیی‌ هێنا له‌ رادیوێی‌ كوردی‌ بیكه‌ن به‌ (بێژه‌ر – موزیع) بۆ ئه‌وه‌، ئه‌بوو هه‌فته‌یه‌ك مه‌شقیان پێبكردایه‌، دوای هه‌فته‌كه‌ به‌رپرسیاره‌كه‌ ناردی‌ به‌دوای ئه‌و شاره‌زاییه‌ی‌ مه‌شقی پێ ئه‌كرد و هه‌واڵی‌ ئه‌نجامی لێپرسی، كابرا راستگۆ و نه‌ترس بوو پێی‌ وت: براكه‌ت نه‌ وه‌ك زانیاری و نه‌وه‌ك ده‌نگ به‌كه‌ڵكی ئه‌و كاره‌ نایه‌ت، كابرای به‌رپرسیار هه‌ر زۆر به‌ خوێن ساردی‌ وتی: قه‌یناكا ده‌ی‌ به‌ڵكو بۆ (موخریجی‌ ئیزاعی) تاقیبكه‌نه‌وه‌..!!، مه‌ترسی ده‌ستوه‌ردانی‌ (عه‌قڵی بازرگان) له‌ سیاسه‌تدا ئاله‌و نمونانه‌دایه‌، مه‌ترسیه‌كه‌، ترسناك تر ئه‌بێت كه‌ (بازرگان) بتوانێ‌ ده‌می سیاسی به‌شیرینی‌ (قازانجی بازاڕی‌) شیرین بكات …! له‌كاتێكدا حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌: مه‌رج نییه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ بازرگانیدا ببێته‌ مایه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌ سیاسه‌تداو پێچه‌وانه‌كه‌یشی راسته‌، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان مه‌یدانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ نه‌تیجه‌ لای ئه‌وانه‌ وائه‌شكێته‌وه‌: سه‌ركه‌وتنی‌ عه‌قڵی گیرفانی‌ خۆت به‌ر له‌خستنه‌كاری عه‌قڵی‌ سوودی‌ گشتی، لێره‌وه‌، میزانه‌كه‌ تێك ئه‌دات و ئاو بێنه‌و ده‌ست بشۆ …

به‌هۆی پیشه‌كه‌مه‌وه‌ (رۆژنامه‌نووس)ی شتێك له‌ سیاسه‌ت تێئه‌گه‌م، به‌ڵام بازرگانی وه‌ك په‌نده‌ میسریه‌كه‌ ئه‌ڵێ‌ (سفر له‌چه‌په‌وه‌ ..!) به‌ڵام خه‌ریكه‌ رووداوه‌ زه‌قه‌كان ئه‌وه‌شمان تێئه‌گه‌یه‌نێ: ئه‌ساسی هه‌موو به‌ڵاكان زاڵی عه‌قڵی (بازرگان)ه‌ به‌سه‌ر هه‌موو شت و رووداو هه‌ستان و دانیشتن و گۆڕانكارییه‌ غه‌ریبه‌كان به‌ نه‌ریت و هه‌تا په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌.. ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ترسناكه‌، هه‌ره‌ ترسناكییه‌كه‌ی له‌وه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ (عه‌قڵی بازرگان/ قازانج ئه‌وه‌ڵه‌ن) رووی له‌(راگه‌یاندن و هونه‌رو په‌روه‌رده‌و زانیاریی‌) كردوه‌، كومپانیای بازرگانی‌ له‌دنیادا هه‌ن (كه‌ناڵی‌ ئاسمانی و رادیو و رۆژنامه‌ی‌ كاغه‌زوو ئه‌لكترۆنی‌) وایان هه‌یه‌، چه‌ك به‌ده‌ست ئه‌وه‌یه‌، به‌راده‌یه‌ك، چه‌كداری به‌هێز له‌وان ئه‌ترسن … له‌ حاڵه‌تی‌ وادا / ئاخری خێربێ‌ .

•دوا وێستگه‌

•ئه‌گه‌ر توانای ئه‌وه‌مان هه‌بوو پێداویسته‌كانمان له‌شوێنی موناسیبا وه‌ربگرین، ئه‌وسا ژیانمان له‌پاشاگه‌ردانی ئه‌پارێزین (جوستان گاردر – نووسه‌ری‌ : هێزی تێفكرین)
•وره‌ به‌رمه‌ده‌، رێئه‌كه‌وێت، له‌و ده‌یان كلیله‌ی له‌ یه‌ك زنجیره‌دا به‌ده‌ستته‌وه‌یه‌، دوا كلیل ده‌رگاكه‌ت بۆ ئه‌كاته‌وه‌ (نۆرمان فنست بیل– نووسه‌ری‌ تیفكرینی ئیجابی)

 347 جار بینراوە