سەرەکی » زانست » من و ژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

من و ژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

(به‌شی سێیەم)

یه‌كه‌م ڕێكخراو ، یه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ بۆ په‌ره‌ پێدان و ڕۆشنبیری ژینگه‌یی له‌ كوردوستاندا
له‌ ژماره‌ی پێشودا باسمان له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زراندن و سه‌ردانی به‌ڕێزان مام جلال و كاك مه‌سعود و د. محمود عوسمان كرد . وه‌ پشتگیریان بۆ كۆمه‌ڵه‌ ، وه‌ نوسین وداڕشتنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی كۆمه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن شه‌ماڵ عبدالرحمن ، به‌سود وه‌رگرتن له‌ په‌یڕه‌وی خاچی سوری نێو ده‌وڵه‌تی ، ماده‌ی چواری په‌یڕه‌وه‌كه‌ ، ئامانجه‌كانی بوو كه‌بریتی بون له‌ :ـ
ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌
1.پاراستنی توخمه‌ ژینگه‌ییه‌كان خاك ، ئاو ، هه‌وا ، وه‌ هه‌ر شتێك كه‌ سه‌ر به‌ پێكهاتنی ئه‌و توخمانه‌ بێت ، له‌ هۆیه‌كانی پیس بوون .
2.پارێزگاری ته‌ندرووستی و له‌ش ساغی مرۆڤ
3.پاراستنی جۆره‌كانی ڕووه‌ك و گیانداران له‌ له‌ناو چوون .
4.پارێزگاری سروشت و جوانی سروشت له‌ تێكدان .
5.ڕێگری كردن له‌بڕینه‌وه‌ی دره‌خت ، وه‌ هه‌وڵدان بۆسه‌وز كردنی كوردوستان ، له‌ ڕێگه‌ی چاندنی نه‌مامه‌وه‌.
6.قه‌ده‌غه‌ كردنی هه‌موو جۆره‌كانی ڕاو له‌وه‌رزی زاوزێو زۆر بووندا .
7.پاكردنه‌وه‌ی خاكی كوردوستان له‌ مین وته‌قه‌مه‌نی
8.بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ژینگه‌یی و ژینگه‌ په‌روه‌ری له‌نێو ڕیزه‌كانی جه‌ماوه‌ردا ،ئه‌ویش له‌ڕێگای چاپه‌مه‌نی ، ڕادیۆ ، وتاربیژی ، و خول كردنه‌وه‌ ، و هه‌ر ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی گونجاو .
9.وانه‌ی ژینگه‌یی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی خوێندنه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا .
10.پێشكه‌ش كردنی ئامۆژگاری وكارگوزاری به‌ هه‌موو لایه‌نه حكومی و ئه‌هلیه‌كان ، تا نه‌هێڵن بكه‌ونه‌ گرفت و كاره‌ساتی ژینگه‌ییه‌وه‌ .
11.په‌یوه‌ندی پته‌وكردن و هاوشاره‌زابوون له‌ نێوان كۆمه‌ڵگه‌ وهه‌موو ده‌ستگا و ڕێكخراوێكدا كه‌ به‌ته‌نگ ژینگه‌وه‌بن ، چ له‌ ناوخۆدا چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی باشوری كوردوستاندا.
له‌ڕوانگه‌ی ئه‌م ئامانجانه‌وه‌ ، ئه‌ندازیار شۆڕش سه‌لام مسته‌فا لۆگۆی كۆمه‌ڵه‌ی درووست كرد .
پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێك بۆ ژینگه‌ دۆستان و به‌ئه‌ندام بوونی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك ، یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی كۆمیته‌ی باڵا . به‌سه‌ر په‌رشتی نوێنه‌ری دادگا ، كه‌به‌ڕێز حاكم شێخ له‌تیف ئه‌نجام درا .
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا 21 ئه‌ندام خۆی كاندید كرد ، له ئه‌‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زراندن ، ته‌نها شه‌ماڵ عبدالرحمن و وریا خه‌فاف خۆیان كاندید كرد ، وه‌ سه‌رئه‌نجام ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ده‌رچوون ، وه‌ به‌پێی ده‌نگه‌كانیان ، ئه‌ركه‌كانیان پێ سپێردرا .
1.مامۆستا شه‌ماڵ عبدالرحمن مفتی-سه‌رۆك
2.مامۆستا موحسین علی ئه‌حمه‌د-جێگری سه‌رۆك
3.مامۆستا ته‌ها حه‌مه‌خان حه‌مه‌بۆر-ب. دارایی
4.ئه‌ندازیار شۆڕش سه‌لام مصتفی-ب.ب .دارایی
5.دكتۆر نه‌جمه‌دین حسن-ڕاوێژكاری ته‌ندروستی
6.ئه‌ندازیار وریا نوری خه‌فاف-ئه‌ندامی ڕاوێژكار
7.مامۆستا محمد سعید حمه‌ خورشید-ب .ڕاگه‌یاندن
8.فه‌رمان به‌ر ته‌ها عوسمان محیدین-ڕاوێژكار
9.ئه‌ندازیار كه‌مال نوری فتاح-ڕاوێژكار
له‌و ده‌مه‌دا كۆمه‌ڵێ ڕێكخراوی بیانی له‌ كوردوستاندا بوون ، كه‌ كاركردن له‌ گه‌ڵیان ، بژێوی بۆكه‌سه‌كه‌ دابین ده‌كرد . جا بۆیه‌ هه‌ندێكه‌س كه‌ ئامانجه‌ كانیان لا پیرۆز وچاكبوو ، هه‌ندێكیش كه‌ وایان ده‌زانی كۆمه‌ڵه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ڕێكخراوانه‌ ،كه‌ پاره‌و كه‌لوپه‌ل ده‌به‌خشنه‌وه‌ . تاده‌هات ژماره‌ی ئه‌ندامان له‌ زیاد بوندا بوو .
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت له‌ بواری ژینگه‌دا ڕۆڵت هه‌بێت ، ده‌بێت شاره‌زا بیت له‌ لایه‌نه‌ زانستیه‌كان و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی . بۆیه‌ خواڵێخۆش بوو كاك شه‌ماڵ ، به‌ سود وه‌رگرتن له‌ سه‌ته‌لایته‌ تایبه‌تیه‌كه‌ی خۆی ، بۆ هه‌موو سه‌ری مانگێك له‌ 30 مانگدا ، بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تێكی تۆمار ده‌كرد ، وه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌ یه‌دا كه‌هه‌موو مانگێك له‌و به‌رواره‌دا بۆ ئه‌ندامان ساز ده‌كرا ، له‌ هۆڵی به‌شی خۆپاراستنی به‌ڕێوه‌به‌رێتی ته‌ندروستی سلێمانی ( خه‌سته‌خانه‌ی شیره‌كه‌ ) ، پیشانی ئه‌ندامان ده‌درا و وده‌خرایه‌به‌ر باس .
كۆمه‌ڵه‌ و ئه‌ندامانی له‌ ساڵی یه‌كه‌مدا چالاك بوو ، جگه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی مانگانه‌ كۆمه‌ڵێ كاری تری كرد .له‌وانه‌
1.بانگ هێشت كردنی سه‌رۆكی شاره‌وانی و چه‌ند ئه‌ندازیارێك ، نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ی ئاوو ئاوه‌ڕۆ ، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی درووستی ئاژه‌ڵ ، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی درووستی كۆمه‌ڵ وپاراستنی ژینگه‌ ، بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ هۆڵی خه‌سته‌خانه‌ی شیره‌كه‌ ، وه‌ ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ پاك ڕاگرتنی ژینگه‌و چاكتركردنی ژینگه‌ له‌ كوردوستاندا به‌گشتی و سڵێمانی به‌تایبه‌ت . دواتر پێشكه‌ش كردنی به‌ پارێزگاری سڵێمانی .
2.كردنه‌وه‌ی لقی هه‌وڵێر و نوێنه‌رایه‌تی له‌ سیدسادق و دیاری كردنی نوێنه‌ر له‌ ڕانیه‌ و هه‌ڵبجه‌ی شه‌هید .
3.به‌ هاوكاری به‌شی خۆپاراستن له‌ ته‌ندروستی سلێمانی ، به‌شداری له‌ هه‌ڵمه‌تی قه‌ڵاچۆكردنی مه‌لاریا له‌شانه‌ده‌ر .
4.دابه‌ش كردنی ژماره‌یه‌ك نه‌مام و هه‌ندێك تۆو ، له‌ ناوچه‌ی شاره‌زوور و هه‌ورامان .
5.ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تیكی نه‌مام چاندن ، به‌ هاوكاری شه‌تڵگه‌ی سلێمانی ، له‌ گردی قلیاسان و به‌كره‌جۆ ،له‌ ده‌روازه‌ی سلێمانیدا .
6.ناشتنی ژماره‌یه‌ك نه‌مام له‌ سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدانی ، ژه‌هری كیمیایی ، له‌ هه‌ڵبجه‌ و گۆپته‌په‌ .
7.ناشتنی نه‌مام له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فیركاری سلێمانی .
8.هه‌ڵمه‌تی ڕێگرتن له‌ سوتاندنی تایه‌ ، له‌ نه‌ورۆزدا ، ئه‌نجامدانی ماراسۆن له شه‌قامی سالم له‌ سلێمانی له‌ یادی نه‌ورۆزدا ، وه‌ داگیرساندنی مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆز له‌ لایه‌ن براوه‌ وه‌.‌
به‌مه‌به‌ستی فراوانكردنی كارو چالاكیه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ژینگه‌پارێزی . ئه‌ندامان هه‌ریه‌كه‌ له‌لای خۆیه‌وه‌ ، هه‌وڵی ده‌دا بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیران و دڵسۆزان ، تا له‌ شارو شارۆچكه‌كانی كوردوستان ، لق و نوێنه‌رایه‌تی بكرێته‌وه‌ . ئه‌وه‌بوو له‌ شاری هه‌ولیر ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك بونه‌ ئه‌ندام . دواتر له‌ 7/ 6/ 1992 ‌به‌سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ر نوشاد محه‌مه‌د ئه‌مین وه‌ ئاماده‌بونی 145 ئه‌ندام هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌ بردنی لقی هه‌ولێر ئه‌نجامدرا . 21 ئه‌ندام خۆیان كاندید كرد بۆ هه‌ڵبژاردنی 9 ئه‌ندام سه‌رئه‌نجام ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ده‌رچوون .
1.عبدالرحمن سدیق كه‌ریم
2.خالید حه‌سه‌ن واحید
3.جه‌میل كامل حسن
4.حسێن عبدالكریم ئیبراهیم
5.یاسین مسته‌فا عارف
6.وه‌سفیه‌ تاهیرساڵح
7.محمد تاهیر كریم
8.ئه‌مین سدیق ئه‌حمه‌د
9.یوسف شه‌ریف سه‌عید
له‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌ولێر عبدالرحمن سدیق به‌رپرسی لق بوو ، چالاكانه‌ ده‌ستی پێكرد ، ڕاپۆرتێكیان ئاماده‌كرد سه‌باره‌ت كێشه‌كانی ژینگه‌ له‌ كوردوستاندا و پێشكه‌شیان كرد به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان ، دواتریش ناردیان بۆ په‌رله‌مان . ژماره‌یه‌ك لافیته‌یان بۆ ڕێنمایی له‌ ناوشاردا هه‌ڵواسی. سرودێكیان بۆ ماناڵان ئاماده‌ كرد و نامیلكه‌یه‌كیان چاپ كرد و بڵاو كرده‌وه‌ . هه‌روه‌ها عبدارحمن سدیق ،چه‌ند بابه‌تێكی سه‌باره‌ت ژینگه‌ ، له‌ ڕۆژنامه‌ی كوردوستانی نوێدا بڵاو كرده‌وه‌ .
به‌ڵام به‌هۆی گرفتی دارایی و پابه‌ند نه‌بوونی ئه‌ندامان ، پاش ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی گشتی وه‌وه‌ك هاتبووله‌ نوسراوی ژماره‌ 22 له‌ 10/12/1994 به‌ واژۆی عبدالرحمن سدیق به‌ ده‌نگی دووله‌ سه‌ر سێی ئه‌ندامان ،لقی هه‌ولێری كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌و‌ز هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ .
به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی لقی دهۆك ، وه‌فدێكی كۆمه‌ڵه‌ كه‌بریتی بوون له‌ ته‌ها حه‌مه‌خان ، محسین علی ، ته‌ها عوسمان ، ده‌چنه‌ دهۆك له‌وێ چاویان به‌ فازیڵ میرانی ده‌كه‌وێت ، و داوای پشتگیری لێده‌كه‌ن ، فازڵ میرانی ده‌ڵێت له‌ شاری دهۆك ، ڕێكخراوێكی ژینگه‌یی دامه‌زراوه‌و هه‌یه‌ و باره‌گاشیان هه‌یه‌ ، وه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌روێشكیان له‌ بازاڕ كڕیوه‌ و ئازادیان ، كردووه‌ . به‌ڵام وه‌فده‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ چه‌ند هه‌وڵ ده‌ده‌ن ، نه‌باره‌گاو نه‌ كه‌سێك ده‌دۆزنه‌وه ، ‌له‌و شاره‌دا په‌یوه‌ندی به‌ ژینگه‌وه‌ بێت .
له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و دروستبونی حكومه‌تی هه‌رێم ، یاسای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌و ڕێكخراوه‌كان داڕێژراو ، كاری پێ كرا . كۆمه‌ڵه‌ له‌ مانگی ته‌موزی ساڵی 1994 دا به‌ فه‌رمی مۆڵه‌تی یاسایی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ، وه‌رگرت . دواتر كۆمه‌ڵه‌ بووبه‌ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ی ژینگه‌ی پارێزگای سلێمانیدا .
وه‌ك له‌ به‌شه‌كانی پێشودا باسمانكرد باری ژیان زۆر گران بوو . سه‌ره‌ڕای كێشه‌ ژینگه‌ییه‌كان ، به‌هۆی ئابڵوقه‌ی سوته‌مه‌نی ، كێشه‌ی بڕینه‌وه‌ی داری دارستانه‌كان ، ڕاوكردن به‌ ته‌قه‌مه‌نی ، هاتنی خۆراكی خراپ و به‌سه‌رچوو له‌ سنوره‌كانه‌وه‌ . تێكه‌ڵبوونی ئاوی ئاوه‌ڕۆ به‌ ئاوی خاوێن . هه‌ندێك له‌ زینده‌وه‌ران توشی قڕكردن بوون ، له‌وانه‌ سه‌گڵاو به‌ هۆی نرخی كه‌وڵه‌كه‌یه‌وه‌ . هه‌روا هه‌ندێك ڕووه‌ك كه‌ پاره‌ی ده‌كرد له‌وانه‌ ( سالمه‌ ) سه‌عله‌م ، به‌ گشتی ژینگه‌ی كوردوستان توشی نه‌هامه‌تی هات و هه‌موو ئه‌مانه‌ش دژ به‌ ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ بوو . ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ش وورده‌ورده‌ دابڕان به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ته‌ما بوون كه‌ كۆمه‌ڵه‌ هۆیه‌ك بێت بۆده‌سكه‌وت ، نه‌ك به‌خشین ، به‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی باڵاشه‌وه‌ ، جگه‌ له‌ خوالێخۆشبوو كاك شه‌ماڵ وكاك برهان مه‌جید ناسراو به‌ (ئارارات ) و به‌نده‌.
ماویه‌تی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*