سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » کاتێ مروارییەکانی ناخ دێنەگۆ

کاتێ مروارییەکانی ناخ دێنەگۆ

ماری القصیفی
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نیگا عه‌زیز

ناخه‌وم
ده‌زانم كراسه‌ شینه‌كه‌ت
بیرله‌ من ده‌كاته‌وه‌ و
داوام ده‌كات!
***
له‌ ئاوێنه‌ راده‌مێنم تۆ ده‌بینم،
سه‌یری په‌نجه‌كانی ده‌ستم ده‌كه‌م
په‌نجه‌كانی تۆ ده‌بینم،
چاو داده‌خه‌م ئاوێته‌ت ده‌بم
له‌ جه‌سته‌ی تۆدا ده‌ژیم و
بۆنی تۆ ده‌گرم
***
پیاوه‌ عاشقه‌كان هه‌موویان
هه‌مان وشه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌
پیاوێك كه‌ من عاشقی بووم
ئه‌و وشانه‌ی وت:
كه‌ پێش ئه‌و كه‌س نه‌ی وتبوو
دوای ئه‌ویش كه‌س نایڵێت!
***
نهێنییه‌ سامناكه‌كه‌ت منم
ته‌نانه‌ت ناتوانی له‌ خه‌ویشتا
به‌ چرپه‌ ناوم بهێنی!
كاتێ هاوڕێكانت پرسیاری منت لێده‌كه‌ن
بڵێ هێشتا له‌ دایك نه‌بووه‌!
ئه‌گه‌ر هاتمه‌ خه‌یاڵته‌وه‌ ده‌رم بكه‌
مه‌هێڵه‌ له‌ دڵته‌وه‌، بچم بۆ سه‌رت
خۆت باشم ده‌ناسیت و
خۆشم ده‌ناسم
ئیتر له‌وێ له‌ بیرتا
ده‌رناچم!
***
كاتێك ده‌ستم ده‌گریت و
ناو له‌پی ده‌ستم ماچ ده‌كه‌یت
ده‌زانم بوویت به‌ هی من
كه‌ هه‌ردوو چاوی خه‌واڵوی
نووقاوم ماچ ده‌كه‌یت
ده‌زانم من هی تۆم
كاتێ لێوم ماچ ده‌كه‌یت
ئاشتی باڵ به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌كێشێ!
***
مه‌گه‌ڕێ بۆ ئاوێنه‌یه‌كی قورس بۆم
پێم خۆشه‌ رووم له‌ چاوی تۆدا
ببینم!
عه‌ترێكی گرانبه‌ها مه‌خه‌ره‌
ناو جانتاكه‌م
من نامه‌وێ بێجگه‌ له‌ بۆنی خۆشی ژوانمان
هیچ بۆنێكی ترم لێبێت!
***
له‌به‌ر ده‌م دۆڵابه‌كه‌دا
چی له‌به‌ر بكه‌م ئه‌مڕۆ چی؟
جله‌كانم كه‌وتنه‌ چرپه‌ چرپ:
چه‌ند هه‌وڵبده‌ین بێسووده‌،
هیچی لێنایه‌ت جگه‌ له‌ ئامێزی ئه‌و!
***
ده‌ی له‌ خه‌و هه‌سته‌!
دواكه‌وتین له‌ ژوانی ماچێك
چاوه‌ڕێمان ده‌كات له‌سه‌ر لێواری لێو!
***
ئه‌گه‌ر وشه‌ی «خۆشمده‌وێیت»
منداڵی ببووایه‌
گه‌وره‌ترین هۆزم ده‌بوو له‌ وڵاتدا!
***
هه‌ر چه‌ند تووڕه‌ بم لێت،
دوعای ئه‌وه‌ت لێناكه‌م،
من چۆن بیرت ده‌كه‌م
تۆش وا بیرم بكه‌ی!
***
ماچه‌كانت لێوم ره‌نگ ده‌كه‌ن
پێكه‌نینه‌كه‌م ژیانت ره‌نگ ده‌كات!
***
لێگه‌ڕێن با مردووه‌كان قسه‌ بكه‌ن
ته‌نها ئه‌وان راستیه‌كان ده‌زانن !
***
له‌سه‌ر لێوم ماچێكی سه‌ركێش هه‌یه‌
نایه‌وێ بخه‌وێ
له‌ نێوان لێوه‌كانتا نه‌بێ!
***
بۆ پیاوه‌ كراس شینه‌كه‌:
فه‌یسبووك نه‌یتوانی ره‌نگێكی شین
له‌ ره‌نگی كراسه‌كه‌ی تۆ بدۆزێته‌وه‌ بۆ خۆی!
***
ته‌نها ئاره‌زووم،
سه‌د ساڵ ته‌نیاییه‌ له‌گه‌ڵ تۆ!
***
ره‌نگه‌ وا بزانن من عاشقم،
له‌ راستیدا ده‌بوو عاشق بم!
به‌ڵام ئه‌و ژنه‌ی كه‌ ده‌بوو
خۆشه‌ویسته‌كه‌می ببووایه‌،
ئه‌ویش خۆشه‌ویسته‌كه‌ی نه‌دۆزیه‌وه‌!
***
تووڕه‌م لێت و نامه‌وێ بخه‌وم
ده‌ترسم له‌ خه‌وما ئاشتت بكه‌مه‌وه‌!
***

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*