سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » تا دێت ئه‌وروپا و توركیا لێك دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌

تا دێت ئه‌وروپا و توركیا لێك دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌

رۆژی هه‌ینی رابردوو، په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر پرسی له‌شكركێشی توركیا بۆ رۆژئاڤا له‌ برۆكسل كۆبۆوه‌. لە کۆبوونەوەکەدا به‌گشتی ئه‌و له‌شكركێشییه‌یان ره‌تكرده‌وه‌ و پڕۆژه‌ بڕیارێكیان ده‌ركرد، به‌پێی ئه‌وه‌ به‌پێشێلكاری جددی ده‌زانن و داوایان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كردووه‌ كه‌ زوو له‌و ناوچه‌یه‌ بكشێته‌وه‌، كه‌ سوپاكه‌ی پێشڕه‌وی كردووه‌. هه‌روه‌ها پلانه‌كانی توركیایان بۆ دروستكردنی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ خۆی باسی ده‌كات و نیگه‌رانیشیان نیشاندا له‌وه‌ی كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌میانی رێكه‌وتنی نێوان توركیا و ئه‌مریكادا، به‌یه‌كجاری ئه‌و ناوچه‌یه‌ داگیر بكات. په‌رله‌مانتارانیش جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێت ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌ چاودێریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ باكووری سووریا دابمه‌زرێت.

یه‌كێتیی گومرگی ئه‌وروپی – توركی بووه‌ستێنرێت
په‌رله‌مانی ئه‌وروپا هاوسۆزی خۆی بۆ گه‌لی كورد نیشاندا و جه‌ختی له‌ رۆڵی گرنگی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات «هه‌سه‌ده‌» له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها نیگه‌رانی قوڵی خۆیان ده‌ربڕی له‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌دان زیندانی داعش له‌ كه‌مپه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا هه‌ڵهاتوون، په‌رله‌مانتاران ره‌خنه‌ له‌ سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌گرن، به‌وه‌ی دۆسێی كۆچبه‌ران وه‌ك كارتێكی فشار به‌كارده‌هێنێت له‌ دژی یه‌كێتیی ئه‌وروپا. هه‌روه‌ك داوایان له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا كرد، كه‌ هه‌ندێك سزا و قه‌ده‌غه‌ی ڤیزه‌ به‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرسانه‌ی توركیادا بسه‌پێنێت، كه‌ پێشێلكارییان كردووه‌ له‌ مافه‌كانی مرۆڤدا ‌و هه‌روه‌ها بیر له‌ سزای ئابووریش له‌ دژی توركیا بكاته‌وه‌،پێشنیازی ئه‌وه‌ش كرا كه‌ بیر له‌ بژارده‌ی وه‌ستاندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بكرێته‌وه‌ و هه‌وڵ بدرێت یه‌كێتیی گومرگی ئه‌وروپا – توركیا بووه‌ستێنرێت.

ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات
له‌دوای هه‌ڵوێسته‌ تونده‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا جارێكی تر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا كرد كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دوژمنداریی ئه‌وان به‌رده‌وام بن، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی ده‌بێ و ئه‌گه‌ر كاتی هات، ده‌رگای ئه‌ورووپا به‌ ڕووی په‌نابه‌رانی سوریادا ده‌كا‌ته‌وه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ توركیا خۆڕاگره‌ و به‌ڕووی هێرشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌وه‌ستێته‌وه‌، سه‌رۆكی توركیا وتی: پێشوازیی له‌وانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خۆیان له‌ جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا به‌رپرسن له‌ كوشتنی په‌نجا ملیۆن كه‌س و ده‌بێ بێن له‌ توركیا وانه‌ی مرۆڤایه‌تی فێربن.
له‌سه‌ر ئه‌مه‌، گۆڤاری دێر شپیگلی ئه‌ڵمانیا نووسیویه‌تی، كه‌ ئه‌و كارته‌ سووتاوه‌ چیدی به‌كار نایه‌ت و توركیا ته‌نها بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ی زیاتر له‌ ئه‌وروپا، ناوه‌ ناوه‌ ده‌یوروژێنێت، بۆیه‌ ئه‌وروپییه‌كان ئێستا ده‌یانه‌وێت ئه‌و كارته‌ی له‌ده‌ست ده‌ربێنن و به‌دروستكردنی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ ‌و به‌پاسه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی، كۆنترۆڵی دۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

ده‌بێت سزا بدرێت
ئێستا له‌ناو وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ئاڕاسته‌یه‌كی وا دروست بووه‌ كه‌ توركیا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكات، ده‌بێ سزا بدرێ و چیدی سوود له‌ یارمه‌تییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا وه‌رنه‌گرێت. پارتی سه‌وز و چه‌په‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌بواری ئابوورییه‌وه‌ ئابڵوقه‌ی بخرێته‌ سه‌ر و زیان به‌به‌رژوه‌ندییه‌كانی بگه‌یه‌نرێت. پارتی سۆسیال دیموكراتی ئه‌ڵمانی له‌ تازه‌ترین راگه‌یاندنیدا له‌سه‌ر زاری سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌یان له‌په‌رله‌مان، رایگه‌یاند: گومانی له‌وه‌ په‌یدا كردووه‌ كه‌ توركیا ئه‌ندامی ناتۆ بێت، چونكه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و وڵاته‌ به‌پێچه‌وانه‌ی رێكخراوه‌كه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، پارته‌پارێزگاره‌كانیش كار له‌سه‌رخستنی پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن، كه‌ « كره‌مپ كارینباوه‌ر»ی وه‌زیری به‌رگری پێشكه‌شی ناتۆی كردووه‌، بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام به‌ چاودێریی هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی و فه‌ره‌نسا و وڵاتانی تر پشتیوانی لێ ده‌كه‌ن. له‌میانی رووداوه‌كانی داهاتوودا ئه‌و پێشهاتانه‌ ده‌رده‌كه‌ون، كه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی ئه‌وروپا ‌و توركیادا دێنه‌ئاراوه‌.

سه‌رچاوه‌: میدیای ئه‌ڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*