سەرەکی » دۆسێ » داوای پێكهێنانی״حكومەتی بەهێزەكان״ دەكرێت

داوای پێكهێنانی״حكومەتی بەهێزەكان״ دەكرێت

پاشان هەڵبژاردنی پێشوەخت

سەركردە سیاسییە دەركەوتووەكانی عیراق، راوبۆچوونی جیاجیا لەبارەی تەنگژەكانی ئێستای عیراقەوە دەخەنەڕوو، راوبۆچوونەكانیش زۆربەیان خۆیان لە دەستەلەكاركێشانەوەی حكومەت و خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختتدا دەبیننەوە، بەڵام هەریەك بەشێوەیەكی جیاواز تەرحەكانی بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخەی ئێستای عیراق پێشنیازدەكات.

عەللاوی: حكومەتی بەهێزەكان
ئەیاد عەللاوی سەرۆكی مینبەری عیراقی، داوای پێكهێنانی حكومەتێكی بچوككراوە «حكومەتی بەهێزەكان» دەكات كە سەرپەرشتی پێكهێنانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان «سەربەخۆ و بێخەوش» بێخەوش بكات و پاشان هەڵبژاردنی پێشوەخت «بەپێی یاسایەكی دادپەروەرانە».
عەللاوی لە تویتێكیدا لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر)ەوە بڵاویكردبووەوە»داوای پێكهێنانی حكومەتێكی بچووكراوە- حكومەتی بەهێزەكان- دەكەم كە پشت بە پێكهێنانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی سەربەخۆ و بێخەوش ببەستێت-نەك لەسەر كاغەز- سەرپەرشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات بەپێی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە».
سەرۆكی هاوپەیمانی مینبەری عیراقی رایگەیاندبوو»بە لەوەكەمتر رازیی نابین، چونكە سیستمێكی سیاسی كە پشت بە پشكداریی ببەستێت ناتوانێت زیاتر بەرگە بگرێت، ئەمەش پێشتر چەندان جار هۆشداریمان لەبارەوە دابوو».

سەدر: هەڵوەشاندنەوە حكومەت
رابەری رەوتی سەدر لەبارەی رەوشی ئێستای عیراقەوە لە 26ی تشرینی یەكەمی 2019 پەیامێكی توندی سەبارەت بە كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران بڵاوكردەوە و داوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی كرد.
موقتەدا سەدر، رابەری ڕەوتی سەدر لە پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) رایگەیاندبوو» ئەگەر هەندێك پێیان وایە خۆپیشاندان و مانگرتن و گردبوونەوەكان چارەسەر نیین، ئایا (دەستبەرنەدان لە دەسەڵات) چارەسەرە؟ لەكاتێكدا هیچ توانایەكیان نییە بۆ كۆتایی هێنان بە ئازارەكانی گەل و رزگاركردنیان لە گەندەڵكاران و دابین كردنی ژیانێكی شایستە بۆیان.
بە گوتەی سەدر» ئەگەر دەتانەوەی گەل نەكوژرێت‌، پێویستە ئەی گەندەڵكاران دەست لەسەریان هەڵبگرن و داپڵۆسین و زۆرداری و جیاكاریی وازلێبێنن، چونكە ئەوان شكۆ و ژیانێكی شایستەیان دەوێت و وڵاتێكی بێ‌ گەندەڵی و بێ‌ گەندەڵكارانیان دەوێت».
سەدر هۆشداری داوە “وازبێنن…بۆ ئەوەی وڵات روو لە پشێوی و جەنگی ئەهلی نەكات، “دەستلەكاربكێشنەوە بەرلەوەی دەستتان لەكار پێ بكێشرێتەوە… خۆتان چاك بكەن بەر لەوەی لەناوبچن».

عەبادی: سێ‌ سەرۆكایەتییەكە
حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، داوای لە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە كردبوو، وەك بەدەنگەوەچوونی خۆپیشاندەران، حكومەتی ئێستا هەڵبوەشێننەوە.
عەبادی لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو»وڵات بەرەو كوێ‌ دەبەن؟! خوێنڕشتنی زیاتر و توندوتیژی زیاتر؟! با بەس بێت!».
سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر جەختی لەسەر پێویستی بەدەنگەوەچوونی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و فراكسیۆنەكان كردبووەوە بۆ داواكاریی و داخوازیی خۆپیشاندەران لەپێناو لەسەركارلابردنی حكومەت»بۆ ئەو مەبەستەش چەند هەفتەیەك لەمەوبەر داواكاریمان پێشكەش بە پەرلەمان كردبوو».
بە گوتەی عەبادی»پێویستە خولی كوشتنی تۆڵەكردنەوە رابگیرێت.. عیراق مەسوتێنن لەپێناو بەرژەوەندی و گەندەڵەییەكانتان».
هەڵوێستی هاوپەیمانییەكانی عامری و مالیكی
هەردوو هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، داوایان لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كردبوو، فەرمان بە دەزگا ئەمنییەكان بكات، بەرپەرچی كارە تێكدەرەكان بدەنەوە كە خۆیان سوتاندن و كوشتن و بەتاڵانبردندا دەبیننەوە و لەگەڵ خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا یەكناگرنەوە.
هاویمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا لە 26ی تشرینی یەكەمی 2019 رایگەیاندبوو»خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێكی شیاوە و لەلایەن دەستورەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان لەڕێی یاسا كارپێكراوەكانەوە زامنكراوە كە پێویستە لە شوێنە دیاریكراوەكان و لە كاتی ماوەی زانراوندابێت، تا هێزە ئەمنییەكان بتوانن پارێزگارییان بكەن، چونكە ئاسایشی هاووڵاتیان و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتەكان دەبێت بخرێنە پێش هەموو شتێكی ترەوە».
لە بەیاننامەكەدا هاوپەیمانی فەتح، داوای لە سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان كردبوو «فەرمانی روون و راشكاوانە بۆ دەزگا ئەمنییەكان دەربكات تا ئاسایش و ئارامی لە هەموو ناوچەكاندا بپارێزن و بەڕووی كاریی تێمدەرانەی وەك سوتاندن و كوشتن و بەتاڵاتبردندا بوەستن كە لەگەڵ دەواكاریی و هەنگاوەكانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازدا یەكانگیرنابن».
لای خۆیەوە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، داوای لە عەبدولمەهدی كردبوو»پەلە بكات لە دەركردنی فەرمانی توند بۆ چەسپاندنی ئاسایش و لێدان بە دەستێكی ئاسنین لەو لایەنانەی كە هەوڵ دەدەن، ئاسایش و ئارامی وڵات بشێوێنن و دەستدرێژی بكەنە سەر خەڵك و سامانی گشتی و تایبەت، بە تایبەتیش دژ بەوانەی كە لەلایەن لایەنە دوژمنكارەكانەوە ئاراستەدەكرێن و كاریی دەستدرێژییان كردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و بەنیازن بەردەوامبن لەسەر بەئامانجگرتنی دامەزراوەكان و بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتەكان».
هەر لە بەیاننامەكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادا هاتووە»لەكاتێكدا كە پێویستە پارێزگاریی لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكرێت، داوای پاراستنی هاووڵاتیان دەكەین لەو دەستدرێژیكارانەی كە خۆیان خزاندووەتە نێو خۆپیشاندەران، و كار بۆ گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت بكرێت و سەقامگیری بچەسپێنرێت و لێپێچینەوە لەگەڵ كەمتەرخەمەكانیشدا بكرێت بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دادگای فیدراڵەوە راگەیەندران».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*