سەرەکی » هەمەڕەنگ » دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ کرا

دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ کرا

لەپێنجەمیین تەوەری زنجیرە مێزگردی ھاوبەشی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی «چمک» و فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییدا رۆژی سێشەممە )٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩
(تاووتوێی )مافی تایبەتمەندێتیی و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا( کرا.
لە مێزگردەكەدا کە لە سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ (DHR) لەسلێمانیی بەئامادەبوونی ھەریەک لە ئاوات محەمەد، شۆخان حەمەرەشید، پ.ی.د.ئیبراھیم سەعید، نیاز ساڵح، د.شوان ئادەم ئەیڤەس، لەنجە خاوێ، ھێمن ئیبراھیم، داستان مارف، گمۆ محەمەد، ئەڤین ئەحمەد، گۆران فەتحی، پێشەنگ محەمەد بەڕێوەچوو؛ تیشک خرایە سەر بابه‌تی (دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسایەتییە گشتیەکان، نێودارەکان و تەنانەت ھاووڵاتیانی ئاسایی) له‌تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا.
بەشێک لەئامادەبووان دووپاتیان کردەوە کە بەزاندنی سنورەکانی مافی تایبەتمەندێتیی کەسەکان رەگ و ریشاڵی بۆ نێو کولتوری کوردیی بۆ بەر لەپەیدابوونی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە پێکهاتەی خێزانی کورد کە قەرەباڵخ و پێکەوەگرێدراو بووە، زەمینەی دەستوەردانە نێو تایبەتمەندییەکانی زیاتر رەخساندووە. ئەوەش وایکردووە، دیاردەکە پەلبهاوێت بۆ نێو ئەو تۆڕە ئەلکترۆنیانەی کە کۆنترۆڵکردنیان لەرووی تەکنۆلۆژیی و یاساییەوە ئاسان نییە.
ئەگەرچی لەھەرێمی کوردستاندا، بەدەر لەبڕگە و مادەکانی یاسای ژمارە ٤٣٨ی سزادانی عێراقیی ١٩٦٩؛ یاسای ژمارە شەشی ساڵی ٢٠٠٨ی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن بەکاردەھێنرێن بۆ وەرگرتن و لێپێچینەوەی یاسایی ئەو سکاڵایانەی لەسەر تاوانە ئەلکترۆنییەکان تۆماردەکرێن، بەڵام بەشداربووانی مێزگردەکە پێداگرییان لەسەر ھەموارکردنەوە یان دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بەپاراستنی مافی تایبەتمەندێتیی و ژیانی تایبەتیی کەسەکان کردەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*