سەرەکی » زانست » ژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز و من

ژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز و من

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان

(به‌شی پێنجەم)

كۆمیته‌ی باڵای نوێی كۆمه‌ڵه‌و چیرۆكی پڕۆژه‌ی یاساكانی ژینگه‌ / له‌ ژماره‌ی پێشودا باسمان له‌و لێشاوی بون به‌ئه‌ندامه‌ كرد ، كه‌ ڕویان له‌ كۆمه‌ڵه‌ كرد ، له‌و ماوه‌یه‌دا جگه‌ له‌ كاك شه‌ماڵ كه‌ جارێك سه‌ردانی كرد ، هیچكام له‌ ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی باڵانه‌هاتنه‌ باره‌گای كۆمه‌ڵه‌ . ئیدی به‌چاكمان زانی كه‌ ده‌رگای بونه‌ ئه‌ندام داخه‌ین ، و ڕایبگه‌یه‌نین كه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستین ، ئه‌وه‌ی ڕاستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گربوو ، زۆرینه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ نوێیانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌سه‌ر داخوازی پارته‌كانیان هاتبون . كه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردوستان و یه‌كگرتوی ئیسلامی بوون ، بۆیه‌ ته‌نیا سه‌ركه‌وتنی لایه‌نگره‌كانی خۆیان مه‌به‌ست بوو .
به‌ڕێوه‌ بردنی كۆنگره‌یه‌كی وا فراوان ، ئاسان نه‌بوو ، من چه‌ند جارێك داوام له‌ هاوه‌ڵه‌كانم كرد ، كه‌ پێویسته‌ میكانیزمێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بگرینه‌ به‌ر ، بۆ نمونه‌ وه‌ك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ، به‌ڵام ئه‌وان هه‌رسوربوون جێگه‌یه‌كی گه‌وره‌و دانیشتنی ئه‌ندامان و وتار و هه‌ڵبژاردن . ئه‌وه‌بوو له‌و هۆڵه‌گه‌وره‌یه‌ی ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌ردا ، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ توشی پشێوی بوو ، حاكم قوبادی جه‌لی زاده‌ هۆڵه‌كه‌ی به‌جێ هێشت . هه‌ڵبژاردن دواخرا بۆ هه‌فته‌ی دادێ و ئه‌ندامان ده‌چونه‌به‌رده‌می دادوه‌ر ناسنامه‌ی ئه‌ندام بونیان پیان ده‌داو ناویان نیشان ده‌كراو ، لیستی ناوی پاڵێوراوانیان وه‌رده‌گرت و كه‌سانی مه‌به‌ستیان ئیشاره‌ت ده‌كرد و ده‌یان خسته‌ سندوقه‌وه‌ .
له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بونه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی باڵا.
1.یاسین محمود حه‌مه‌
2.جه‌لال حه‌مه‌ غه‌ریب
3.بورهان مجید (ئارارات )
4.سه‌ربه‌ست عبدالرحمن عزیز
5.حسێن ئه‌حمه‌د مسته‌فا
6.ڕێژه‌ن جه‌میل محمد
7.به‌هرۆز حمه‌ خورشید
8.سه‌میره‌ محمد ساڵح
9.قاسم حیدر
ئه‌م به‌ڕێزانه‌ جگه‌ له‌ به‌نده‌و ئارارات ، له‌مه‌یدانی زانست و ژینگه‌ پارێزیدا نه‌ناسرا بون و به‌یه‌كتریش ئاشنا نه‌بووین جا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ، قاسم حیدر له‌هه‌موان به‌ته‌مه‌ن تر و پیشه‌كه‌ی ئه‌ندازیاری كیمیا بوو ، به‌چاكمان زانی بیكه‌ینه‌ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ .
كۆمیته‌ی باڵا ، كه‌وتینه‌ دانانی به‌رنامه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ی كه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆدا دیاری كرابوو ، دوای ڕێكخستنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو تر ، كاك به‌هرۆز كه‌ بوه‌ به‌رپرسی ڕاگه‌یاندن ، خۆی كارمه‌ندی ته‌له‌ فزیۆنی گه‌لی كوردوستان بوو ، بڕیاردرا كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ بۆ كارو چالاكیه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و وبابه‌ته‌ ژینگه‌یه‌كان بكرێ .
هه‌روا سه‌ردانی پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بكه‌ین ، خۆمان و به‌رنامه‌كه‌مان بناسێنین ، تا هاوكاریمان بكه‌ن ، كار بكه‌ین بۆكردنه‌وه‌ی لق و نوێنه‌رایه‌تیه‌كان له‌ شارو شارۆچكه‌كان ، هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت بكه‌ین . ئیتر هه‌فتانه‌ به‌رنامه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز ، به‌ئاماده‌ كردنی به‌هرۆز و پێشكه‌ش كردنی سۆزان ئه‌نوه‌ر ، له‌ ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردوستان په‌خش ده‌كرا .
به‌هۆی دیاریه‌كی تایبه‌ت كه‌ به‌خشیمه‌ دیوانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئه‌وكات ، ده‌رفه‌تی دیدارێكمان بۆلای سه‌رۆكی حكومه‌تی ئه‌وكاته‌ به‌ڕێز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی دیاری كرا ، له‌ دیداره‌كه‌دا كاك كۆسره‌ت ، بڕیاریدا كامێرایه‌كی ڤیدیۆیمان بۆ بكڕن .
دیاره‌ ئه‌و كامێرایه‌ زۆر گرنگ بوو بۆ تۆماری چالاكیه‌كانمان و ڕوداوو كێشه‌ ژینگه‌یه‌كان.
زۆری نه‌برد بۆمان ده‌ركه‌وت ،كه‌ خواڵێخۆش بوو قاسم حیدر له‌ ئاست به‌ر پرسیاریه‌تدا نیه‌ و تاك ڕه‌وه‌ ، بۆیه‌ به‌كۆی ده‌نگی كۆمیته‌ی باڵا ، لامانداو ( یاسین محمود حه‌مه‌ )كه‌زۆر ترین ده‌نگی هێنابوو ، بووبه‌ سه‌رۆك . پاشماوه‌یه‌ك به‌هرۆز حه‌مه‌ خورشید ، وازی هێناو چووبۆ هه‌نده‌ران ، جا سه‌میره‌ محمد بوبه‌ ڕاگه‌یاندن دواتر كاره‌كه‌ درایه‌ به‌نده‌ .
له‌ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا ، له‌ خاڵی چوارهه‌م و شه‌شه‌مدا ، پاراستنی ڕه‌گه‌زه‌كانی زینده‌وه‌ر و یاساغ كردنی ڕاو هه‌بوو ، به‌ڵام بازاڕ پڕبوو له‌ كه‌وڵی ڕێوی و ده‌ڵه‌ك و سه‌گڵاو چه‌ندین جۆری تر ، هه‌روا له‌ بازاڕدا كه‌وی تۆڕ و باز و هه‌ڵۆ و چه‌ندین جۆر زینده‌وه‌ری كێوی ده‌فرۆشرا كه‌ ڕاوكرا بوو .
یه‌كه‌م شتێك كردم ، گرتنی وێنه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و دوكانانه‌ بوو كه‌ مامه‌ڵه‌یان به‌و پێست و كه‌وڵانه‌وه‌ ده‌كرد ، وه‌له‌ به‌رنامه‌یه‌كادا خستمنه‌ به‌ر باس . له‌دوایدا ئه‌و كاره‌مان به‌ ته‌واوی یاساغ كرد ، دواتر به‌ پاڵپشتی به‌ڕێوه‌به‌ری ئنزیباتی پۆلیسی سلێمانی كه‌ به‌ڕێز (عه‌مید ئه‌حمه‌د عه‌لی عارف )بوو كه‌وتینه‌ گرتنی هه‌ر زینده‌وه‌رێك كه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز كێوی بوایه‌ له‌ بازاڕا بفرۆشرایه‌ ، دواتر ده‌مان برد ئازادمان ده‌كرد وێنه‌كه‌یمان په‌خش ده‌كرد . له‌و كاره‌دا كۆلێژی ڤێرتێنه‌ری زانكۆی سڵێمانیش كه‌ د. جه‌لال مه‌جید شه‌ریف ڕاگری بوو هاریكاری ده‌كردین .
خستنه‌ به‌رباسی زیانی دوكه‌ڵی سوتاندنی تایه‌له‌ لایه‌ن پسپۆڕان له‌ به‌رنامه‌كانماندا ، وایكرد كه‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی پۆلیس ، هه‌روه‌ك كارمه‌نده‌كانیان به‌ده‌ستی خۆیان ، تایه‌ی فڕێدراویان كۆ ده‌كرده‌وه‌ ، له‌ گه‌ڵمان تا له‌ نه‌ورۆزدا نه‌سوتێنرێت .
به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ نه‌مدیبوو ، هیچكام له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر سه‌ردانی باره‌گای كۆمه‌ڵه‌ بكه‌ن ، به‌ڵام له‌وه‌ دوا ، چه‌ند جارێك پارێزه‌ر ته‌ها بابان سه‌ردانی كردین ، وه‌ دڵخۆشی خۆی به‌ بوژاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ ده‌ربڕی .
هه‌میشه‌ گوێمان له‌ وشه‌ی به‌ پێی یاسا ده‌بوو ، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵوێست و ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ له‌ كاره‌كان ، ئێمه‌ كه‌ جگه‌ له‌ دڵسۆزی زۆر كه‌م شاره‌زای بواری ژینگه‌ بووین ، وه‌كه‌سی یاسا ناسمان نه‌بوو ، سه‌ردانی به‌ڕێز وه‌زیری دادمان كرد ، تا یاساكانی ژینگه‌مان پێ بناسێنێ به‌ڵام وه‌ڵامێكی لا نه‌بوو ، دواتر سه‌ردانی سه‌رۆكی دادگای ته‌میز ، و ژوری پارێزه‌رانمان كرد به‌ڵام هیچمان ده‌ست نه‌كه‌وت . جا ناچار به‌نده‌ كه‌وته‌ خوێندنه‌وه‌و گه‌ڕان به‌ناو یاساكانی عێراقدا ، ده‌ركه‌وت شتێكی ئه‌و تۆ نیه‌ .
بێگومان پیسكردنی خاك و ئاو و هه‌وا ، وه‌ڕست كردن به‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ ، كوشتنی زینده‌وه‌ران ، تێكدانی سه‌وزای و بڕینه‌وه‌ی دار زیانێكه‌ له‌ ژیانی گشتی ، پێویست بوو سزای هه‌بێ ، له‌ هه‌ندێك له‌ ده‌وڵه‌تان ئه‌و تاوانانه‌ یاسای گونجاویان هه‌بوو . له‌و ده‌مه‌دا دیوانی نوسینه‌وه‌ی یاسا له‌ سلێمانی دامه‌زرابوو ، هه‌وڵمدا له‌ گه‌ڵیان تا له‌ داڕشتنی به‌نده‌كانی یاساكه‌دا هاریكاریم بكه‌ن ، به‌ڵام له‌ ئاست خواستی مندا نه‌بوو ، دواتر به‌ سود وه‌رگرتن له‌و یاسایانه‌ی وڵاتان‌ و به‌هه‌ند گرتنی هه‌لو مه‌رجی كوردوستان ، ده‌ستم به‌ ئاماده‌ كردنی پڕۆژه‌ یاسای ژینگه‌كرد .
له‌ 15/ 2/ 2001 به‌ هاوكاری به‌ڕێز صلاح ڕه‌شید ، چوینه‌ دیداری خواڵێخۆش بوو هه‌ڤاڵ مام جه‌لال ، دوای خستنه‌ به‌رباسی كارو پڕۆژه‌كانمان ، مام جه‌لال هاریكاری كردین به‌ ئۆتۆمبیلێكی پیكابی ده‌بڵ كابینه‌ و كۆمپیوته‌ر و پرنته‌رێك ، هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان به‌ ته‌له‌ فۆن ، په‌یوه‌ندی كرد به‌ دكتۆر یادگار ڕئووف ، كه‌ ئه‌و كات وه‌زیری ته‌ندروستی بوو ، وه‌ به‌ڕێز حاكم قادر حه‌مه‌جان ،كه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی بوو ، داوای لێكردن به‌ده‌م كاره‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌ بچن ، له‌و دیداره‌دا كه‌ ئازاد جندیانی به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی ئاماده‌ بوو ، باسم له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ كرد ، به‌ڕێزیان داوایان له‌ كاك ئازاد كرد ، كه‌ ده‌قه‌كه‌ی له‌ كوردوستانی نوێدا بڵاو بكاته‌وه‌ ، تا هه‌ركه‌س تێبینیه‌كی هه‌یه‌ له‌سه‌ری بینوسێ .
بۆ ڕۆژی دواتر ، مانشێتی كوردوستانی نوێ ، له‌ زاری مام جه‌لال سه‌رۆكی هه‌ێم ئه‌وكات ، نوسی بوی ، ( لێپرسراوانی حكومه‌تی هه‌رێم ، به‌رپرسن له‌ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتن و پشتیوانی كردن له‌ كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز و پڕۆژه‌كانی )
پاكنوسی پڕۆژه‌ یاساكه‌ كاتی ویست ، به‌ڵام دواتر له‌ ژماره‌ 2895 ی كوردوستانی نوێ له‌ 22/10/ 2002 ده‌قه‌كه‌ی بڵاو بوه‌وه‌ . پاش زیاتر له‌ مانگێك یاساكانمان نارد بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی ئه‌وكات ، كه‌ به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بوو ، به‌ڕێزیان دابویان به‌ دكتۆر عیسمه‌ت كه‌ ڕاوێژكاری یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو ، ئه‌ویش بردبووی بۆ دكتۆر فاروق كه‌ ڕاگری كۆلێژی یاسابوو له‌ زانكۆی سلێمانی ،دواتر ناردیان به‌ شوێنمدا تا مشتومڕی له‌سه‌ر بكرێ ، له‌دانیشتنێكدا كه‌ حاكم عبدالكریم ، سه‌رۆكی دادگای پێداچونه‌وه‌ ش ئاماده‌ بوو ، ده‌ركه‌وت كه‌ تێبینیه‌‌كی ئه‌وتۆیان نیه‌ له‌ سه‌ری . بۆیه‌ دواتر وێنه‌یه‌كی پڕۆژه‌كه‌مان به‌ نوسراوێك نارد بۆ په‌رله‌مانی كوردوستان ، وه‌ به‌ده‌ستی خواڵێ خۆشبوو به‌كری حاجی سه‌فه‌ر ، كه‌ ئه‌وكات ئه‌ندام په‌رله‌مان بوو ، پڕۆژه‌و نوسراوه‌كه‌ی برد.
ماویه‌تی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*