سەرەکی » ئابووری » بەرهەمی هەنگوینی كوردستان بە بازرگانیی نەكراوە

«لەڕووی كوالێتییەوە پـلە یەك و دانپێدانراوە»

بەرهەمی هەنگوینی كوردستان بە بازرگانیی نەكراوە

لەژێر دروشمی (هەنگوینی كوردستان باشترینە)، كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، چوارەمین فێستیڤاڵی هەنگوین ساز كرا لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی.

بە دوور بێت لە ساختە یان گرانی لە نرخ
سیروان ئەبوبەكر محەمەد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە، ئاماژە بەوە دەكات، كوردستان لە رووی هەنگەوانییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە یەكێك لە باشترین بەرهەمەكانی هەنگوینی لێیە.
جەختیشدەكاتەوە، گرنگی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ئەوەیە كە كڕیار راستەوخۆ لەدەستی یەك كە هەنگەوانەكەیە بەرهەمەكە بكڕێت و بەدەستی بگات. تا بە دوور بێت لە ساختە لە جۆرایەتی یان گرانی لە نرخ.
لەبارەی هەناردەكردنی بەرهەمی خۆماڵی هەنگوینی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات، سیروان ئەبوبەكر ئاماژە بەوە دەكات، تا ئێستا بە هۆی كەمی ناسینی بەرهەمی هەنگوینی كوردییەوە، نەتوانراوە وەك ئاستی بازرگانیی سوود لەمە ببینڕیت، بەڵام لەسەر ئاستی كەسی كە هاتوون و بەرهەمەكەیان بینیوە خواستیان لەسەری پەیدا كردووەو داوایانكردووە، یان لە رێگەی كەسییەوە بەرهەمەكە بەكۆمەڵ رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە.

رێژەی بەرهەمهێنان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر گۆڕاوە
بە وتەی ئەو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان، رێژەی بەرهەمهێنانی هەنگوین لەمساڵدا لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر گۆڕاوە، بۆ نموونە لە ناوچەی ماوەت و شارباژێر بەرهەمی هەنگوین كەمی كردووە، لەكاتێكدا هەمان بەرهەم لە چەند ناوچەیەكی تر زیادی كردووە،
دەشڵێت: «بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر پیشەی هەنگەوانی كۆنترۆڵ بكرێت و بتوانرێت بە شێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی هەنگەكەی پەروەردە بكات، لە سەروو هەزار تۆن بەرهەمی خۆماڵی هەنگوینمان دەبێت، چونكە ژینگەیەكی لەبار، ئاو و هەوایەكی گونجاو، سروشتێكی باشمان هەیە بۆ پەروەردە كردنی هەنگ».

نەبوونی تاقیگەیەكی جۆریی
هاوكات، لوقمان عومەر شەریف لپێرسراوی كارگێری كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات، 33 هەنگەوان لە تەواوی ناوچە جیاجاكانی هەولێر و كوێستانەكانی قەندەیل و هەورامان و شارباژێرەوە بەشداربوون لە فێستیڤاڵەكەدا.
لوقمان عومەر شەریف هۆكاری ئەوەی كە تا ئێستا نەتوانراوە هەنگوینی خۆماڵی كوردستان ببرێتە دەرەوەی وڵات وەك بازرگانی بۆ نەبوونی تاقیگەیەكی جۆریی پێكهاتە خۆراكییەكانە گەڕاندەوە كە بۆ هەنگوین دەكرێت و خۆی لە 300 جۆر پشكنیندا دەبینێتەوە.
دەشڵێت: «بەرهەمی خۆماڵی هەنگوین بە هۆی گونجانی سروشتەكەیەوە لە كوردستان، یەكێكە لەو هەنگوینانەی كە لە ناوچەكەدا لە رووی كوالێتییەوە زۆر بەرزە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئامرازی پێویست نەتوانراوە بەرهەمەكە رەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت».

بەرهەمی هەنگوینی كوردستان كوالێتی بەرزە
لوقمان عومەر شەریف باس لە بەرهەمی هەنگوینی كوردستان دەكات لە رووی جۆرایەتیەوەو دەڵێت: «كوالێتی بەرهەمی هەنگوینی كوردستان زۆر بەرزە، خواستی لەسەرە، لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا پلەی بەرز بەدەست دەهێنێت، بەتایبەت ساڵی رابردوو لە وڵاتی لوبنان پلەیەكی زۆر باشی وەرگرتووە و لە ئۆكراینا و فەرەنساش بەشداربووەو دانی پێدانراوە لە رووی كوالێتییەوە».
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات، ئەمساڵ بە هۆی كەشو هەواوە هەنگوینی پێدەشتەكان كەمتر بوون لە چاو هەنگوینی كوێستانەكاندا.
فێستیڤاڵەكە ماوەی سێ رۆژی خایاند، بەڵام دواتر ماوەكەی درێژكرایەوە.

* سەرچاوە: ژووری بارزگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*