سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » شوێنی نەجمەدین مەلا لە گەشتەکەی عەلادین سەجادیدا

شوێنی نەجمەدین مەلا لە گەشتەکەی عەلادین سەجادیدا

مامۆستا عەلادین سەجادی لە لاپەڕە (87) ی کتێبی (گەشتێک لە کوردستانا) لەو سەردانەیدا بۆ شاری سلێمانی لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1955دا، سەبارەت بە مامۆستا نەجمەدین مەلا دەنووسێ: «ڕۆژی (14) کە ڕۆژی (23) ی کاروانەکەم بوو، … لەم وەختەدا نجم الدین مەلا هات بۆ لام کە بە مامۆستا نەجمەدین مەلا بەناوبانگە، هەروا چەند شتێکم لێ پرسی، وەڵامەکانی لەسەر پرسیارەکانم بوو وتی:
کوڕی مەلا غەفوری کوڕی مەلا عەلیە، لە 1317 ی هیجری هاتۆتە دنیاوە، سەرەتا لە فەقێیەتی و (3) ساڵ لە رشدیەی عسکەری خوێندویەتی، پاشان وەک خۆی ئەیڵێ چەند ساڵێک بە هەرزەیی ڕایبواردووە! هەر ئەموت هەرزەیی یانی چی؟ ئەیوت «ئێ هەرزەیی، بەڵێ هەرزەیی!» پاشان قوتابخانەیەکی داناوە دەرسی بە مناڵ و گەورە وتووە، ئەمە (30) ساڵە خەریکی ئەوەیە، تەنها (3) ساڵ نەبێ لە انحصار مستخدم بووە، ساڵێکی لە بەغدا و دوو ساڵی لە ڕانیە پاشان دەرچووە، لەو دوو ساڵەی ڕانیەیدا ژنێکی لەوێ هێناوە و هەر شەڕە دەنووکی لەگەڵابووە، دواجار تەڵاقی داوە و کچێکی لێ بوو، کچەکەش بوو بە ساقەی تۆ!
ئیتر زۆرتر ژیانی بە نووسینەوەی دیوانی شاعیرە کوردەکانەوە خەریک کردووە، تەبیعەتی لەگەڵ دیمەنی تبیعی دا هەیە، زۆرتر مەیلی بەلای سادەوە بووە، بەڵام نەک بۆ هیچ هەر بۆ دیمەن پەرستی! جار جار بۆ ئەوە شتی چاکی بۆ بنووسرێتەوە ئاشنای بادەیەکە، ئێستە لەسەر جادەکەی سابونکەران هەم مەکتەبە و قوتابخانەیەتی، هەم شوێنی نووستن و چێشتخانەیەتی».
دواتر مامۆستا سەجادی لە لاپەڕ (115) ی هەمان کتێبدا دەنووسێت: « ڕۆژی (25) ی مانگ کە ڕۆژی (34) ی کاروانەکەم بوو، سەر لە بەیان کە دەرچووم لەگەڵ ئەحمەد زرنگ چووین سەرێکمان لە شوێنەکەی نجم الدین مەلا دا، شوێنێکی سەیر بوو؛ هەم قوتابخانە و شوێنی نووستن بوو، هەم چێشتخانە و کتێبخانەی بوو، چەند کورسییەکی تێدا دانابوو بۆ مناڵەکان، دۆڵابێکی هەبوو پڕ بوو لە کتێبی دەستنووسی خۆی کە دیوانی زۆرتر لە شاعیرە کوردەکان بوو، چاوم بە دیوانەکان هەموو کەوت، دەفتەرێکی پیشاندام هەر لاپەڕەیەکی تەرخان کردبوو بۆ یەکێ لەو قوتابییانە کە لە لایان خوێندووە یان ئەخوێنن، وێنە و تەمەنیان و ئیشیانی تیا بوو، هەروەها زۆرتر لە ڕۆژنامە کوردییەکانی لابوو کە تا ئێستە دەرچوو بوون، دیسان «»ئەلبومێک» ی پیشاندام وێنەی گەلێ لە شاعیرە کوردەکانی تیا بوو. بە کورتی کەینوبەینی ژوورەکەشی ئەتوت ماڵی باجی زەمزەمە! دوو پشیلەی کەللـە زلیشی هەبوو، ئەوە نۆبەتچی قاپی بوون!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*